پارتی: مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەوەدایە كەمترین موچەی خانەنشینی 400 هەزار دینار بێت
  2020-01-25       885       

ماڵپەڕی رەسمی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاویكردەوە، حكومەت چاوەڕێی ئەوەیە سەرۆكی هەرێم یاسای چاكسازی پەسەندبكات تا بزانێت چەند پارە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەسەر ئەو بنەمایە موچەی خانەنشینی دیاری بكرێت بەڵام مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت لەگەڵ ئەوەدایە كەمترین موچەی خانەنشینی 400 هەزار دینار بێت.

ئاوێنە: ماڵپەڕی رەسمی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمڕۆ شەممە، لەزاری سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی سەر بە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڵاویكردۆتەوە، هەر كاتێك سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە داڤۆس بگەڕێتەوە، بڕیارە یاسای چاكسازی پەسەند بكات و كە پەسەندیشی كردو لە رۆژنامەی فەرمی بڵاوكرایەوە، لە ماوەی 90 رۆژدا جێبەجێ دەكرێت.

سەرچاوەكە باسی لەوەش كرد، هەركاتێك یاساكە بۆ حكومەت گەڕایەوە، ئەو كات بۆ حكومەت ڕون دەبێتەوە بەهۆی ئەو یاسایەوە چەند پارە بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە، كە ئەو كاتیش حكومەت لەسەر ئەو بنەمایە موچەی خانەنشینی دیاری دەكات.

وتیشی"سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەدایە كە هاوشێوەی بەغدا كەمترین موچەی خانەنشینی 400 هەزار دینار بێت، بەڵام تا بەرچاومان ڕون نەبێت بزانین چەند پارەمان بۆ دەگەڕێتەوە ناتوانرێت بڕیاری كۆتایی لەسەر بدرێت."

سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكرا كرد، رایەك لەناو پەرلەمان هەبو، كە موچەی خانەنشینی كەمترینی بكرێتە 300 هەزار دینار، بەڵام حكومەت بەوە رازی نەبو و نیازی وایە بیكات بە 400 هەزار دینار و ئەگەر توانا هەبێت، زیاتریش دەكرێت.


زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×