لە مارکس چی ماوەتەوە؟
  2020-03-03       1439       

نوسینی: ئومموزین بنشێخە مسکینی
وەرگێڕانی: سامان حەلی

 


مارکس، تاقیگەیەکی ترسناک و، گفتێکی جوان و سەرنجڕاکێش و، ناوێکی ئاڵۆز و ناڕۆشنە لە نێو چرچ ولۆچییەکانیدا ئەم سێ سیما دژبەرەی شاردووەتەوە: مارکس-ی "پاڵەوان" و، مارکس-ی "کارەسات" و، مارکس-ی "قوربانیی". مارکس-ی "پاڵەوان" ئەو کەسەیە کە خەونێکی گەورەی دەربارەی شیانی گۆڕینی جیهان لە بەرژەوەندیی خۆیان بە دیاریی بە هەژاران بەخشی. مارکس-ی "کارەسات" ئەو کەسەیە کە ناوە گەورەکەی بوو بە یاسایەکی فاشیستانە لە ژێر بەیداخی ستالین-دا کاتێک کە خوێنێکی زۆر ڕژێنرا و خەونە شۆڕشگێڕییەکان تیرۆرکران و خەونی بەشخوراوان بوو بە مۆتەکەیەک بۆ شۆڕشە غەدرلێکراوەکە. مارکس-ی "قوربانیی"ش ئەو کەسەیە کە چەندین جار لە نێو بڕێک ناوی تردا تیرۆرکرا کە ناوی ئەو کەسانەیە کە بۆ داکۆکییکردن لە لە مافەکانی بەشخوراوان و ژێرپێنراوان و پەراوێزخراوان پەیوەندییان پێوە کرد، لەوەتەی تیرۆری ڕۆزا لۆکسەمبۆرگ (١٨٧١-١٩١٩)ی تیۆریسێن و فەیلەسووفی مارکسیی بە نەژاد پۆڵەندیی لە ساڵی١٩١٩وە بیگرە، تا تیرۆری ترۆتسکی لە ساڵی١٩٤٠ و، تیرۆری چێ گیڤارا لە ساڵی١٩٦٧دا. لە نموونەی مارکسیستە عەرەبەکانیش بەتایبەتی ئاماژە بۆ تیرۆری هەریەک لە مەهدی عامل و حسێن مرووە لە ساڵی١٩٨٧دا و دواجار تیرۆری شوکری بەلعید لە ساڵی٢٠١٣دا دەکەین. وێڕای چەوساندنەوە و زیندانییکردنی چەندین مارکسیست و پۆست مارکسیستی گەورەی لە نموونەی گرامشی و نیگری.

هاوکات ناوی مارکس لە نێو پیتە چڕ و ئاڵۆزەکانیدا چەندین شۆڕشی گەورە و گەلانی شاردووەتەوە کە لە ژێر ئاڵاکەیدا بەرەو سەردەمێکی تر پەڕینەوە، هەر لە شۆڕشی بەلشەفیزم لە ساڵی١٩١٧ەوە بیگرە تا بە شۆڕشی کوبا لە ساڵی١٩٥٩ و، شۆڕشی فەنزەوێلا لە ساڵی١٩٩٩ و شۆڕشی چین لە ساڵی١٩٤٩دا دەگات.

مارکسیزم ناونیشانی تیۆرییەکی گەورەیە کە بوو بە چرکەساتێکی سەرەکیی لە چرکەساتەکانی ڕۆشنبیریی تازە و نوێدا. هیچ کەس ناتوانێت بەبێ ناوی مارکس، کە ڕۆژانە بە چەشنێکی جیاواز لە نێو پەڕاوە گەورەکەی ئەقڵی مرۆیی مرۆڤایەتیی هەنوکەدا تۆمار دەکات، وێنای سەدەی بیست بکات. بەڵام ئێمە دەتوانین چ شتێك لە ئەوها ناونیشانێکی گەورە بچنینەوە؟ ئێمە، سەبارەت بە وەڵامی ئەم پرسیارە دژوارە، دەتوانین وەڵامێکی سادە و کاتیی بدەینەوە کە لە چوار پرسی بنچینەییدا، ئەم چوار پرسە بنچینەییەیش هەموو ئەو پاشماوەیەیە کە لە تێزە مارکسییەکان لە نێو بیر و زەینی مارکسیستەکان یاخود تارماییەکانیان یاخود هاوشێوەکانیان یاخود نەیارەکانیاندا ماوەتەوە، کورتیان دەکەینەوە. ئەو چوار پرسە بنچینەییەیش ئەمانەن:

١-"تا ئێستا فەیلەسووفەکان لە لێکدانەوەی جیهان بەولاوە زیاتریان نەکردووە، لە کاتێکدا دەبوو کار بۆ گۆڕینی بکەن". (تێزی ژمارە١١ لە تێزەکانی دژ بە فیۆرباخ کە ئانگڵس لە ساڵی١٨٨٨دا چاپ و بڵاویکردەوە).

٢-"ئەوە هۆشیاریی خەڵکیی نییە کە بوونی کۆمەڵایەتییان دەستنیشان دەکات، بەڵکو بوونی کۆمەڵایەتییانە کە هۆشیارییان دەستنیشان دەکات". (ئایدیۆلۆجیای ئەڵمانیی، بەشی یەکەم، ساڵی١٨٤٦).

٣-"مێژووی کۆمەڵ تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان لە کێشمەکێشی چینایەتیی بەولاوە زیاتر نەبووە". (بەیاننامە یاخود مانیفێستی پارتی کۆمۆنیست).

٤-"ئایین هەناسەی بوونەوەری چەوسێنراوە، گیانی جیهانێکی بێ دڵە .. گیانی ئەو هەلومەرجە کۆمەڵایەتییەیە کە گیانی لێ دەربەدەر کراوە..تلیاکی گەلانە". (دەربارەی ئایین، مارکس و ئانگڵس).

ئەم تێزانە، لە نێو زەین و بیری ئەو تیۆریسێنانەدا کە بەدرێژایی سەدەی بیست لە ژێر ئاڵای مارکسیزمدا کاریان کرد بەتایبەتی لەپاش نسکۆی شۆڕشی بەلشەفیی بە دەستی ستالین، بڕێک کێشەیان بزواند و ئەمەیش پاڵینان جبەخانەی چەمکەوانیی تیۆری مارکسیزم تازە و نوێبکەنەوە یان بە چاکسازییکردن تیایاندا یاخود بە سەرلەنوێ بونیادنانەوەیان یاخود دەوڵەمەندکردنیان یاخود بە قووڵکردنەوە و بنجداکوتاندنیان. یەکێکیش لە گرنگترین ئەو چەمکانە چەمکی شۆڕشە (وەک لای ڕۆزا لۆکسەمبۆرگ کە باس لە ڕێچکەی شۆڕشگێڕیی خۆبەخۆیانە دەکات)، هەروەها پایەی سەرخان و، پێداویستیی پێداچوونەوە بە تیۆریی ڕەنگدانەوە یاخود پێچەوانەبوونەوەدا (وەک لای مارکۆز و، هابرماس و فوکۆ) و، چەمکی چین (وەک لای ڕانسێر و نیگری) و، ئەرکی ڕۆشنبیر (وەک لای گرامشی و فوکۆ) و، تیۆری تلیاکە ئایین (وەک لای ڕۆژێ گارودی و ژیژەک). ئەم پێداچوونەوە ڕەخنەییانەی تیۆری مارکسیزمیش لە سەردەمی ڕۆزا لۆکسەمبۆرگ و ترۆتسکییەوە دەستیانپێکرد (کە نەوەی یەکەم پێکدەهێنن)، پاشان لەگەڵ قوتابخانەی فڕانکفۆرت، لۆکاش و مارکۆزدا، (کە نەوەی دووەم پێکدەهێنن) و، گرامشی و ئاڵتۆسێر (کە نەوەی سێیەم پێکدەهێنن) تا بە پۆست مارکسیستەکان دەگات، واتە هابرماس و فوکۆ و بادیۆ و ڕانسێر و ژیژەک و نیگری. ئەم پێداچوونەوە ڕەخنەییانەیش لای (ڕۆزا و ترۆتسکی) چاکسازیین، لای (لۆکاش و ئاڵتۆسێر و گرامشی) نوێکردنەوەن، لای (هابرماس و فوکۆ و ڕانسێر و بادیۆ و ژیژەک و نیگری) قووڵکردنەوە و بنجداکوتاندنن.

لە سای ئیمپریالیزمی دڕندە و ئەجێندا مافیاگەرییەکان و تۆڕەکانی تیرۆریزمی جیهانییدا، کێ هێشتا ئەوەی لەتوانادا ماوە دەستنیشانکردنێکی چەسپاو بۆ ئەو ڕووداوانە بکات کە لە جیهانی هەنوکەدا ڕوودەدەن؟ کێ هێشتا ئەوەی لە توانادا ماوە کە بڕوای بە دوانەیی مادە و هۆشیاریی و دیالەکتیکی قەوماو و ئایدیۆلۆجیا و یۆتۆپیای گۆڕینی ڕیشەیی جیهان بمێنێت؟ ئایا هێشتا ئایین "تلیاکی گەلانە" لە سەردەمێکدا کە ئایین لەوە کەوتووە کە "هەناسەی چەوساوە" بێت و، بووە بە ئامرازێکی سیاسیی بۆ تۆقاندنی گەلان و سازش لەگەڵ کردنیان لەسەر پەیوەندییان لەگەڵ خودا و لاقەکردنی ویژدانی مرۆڤەکان؟

ڕەنگە بێجگە لە تارماییەکانی هیچ شتێک لە مارکس نەمابێتەوە. چونکە "خودی کۆمۆنیزم خۆی، تارماییەکە نیشتەجێی ئەوروپایە". ئەم ڕستەیەی مارکس، بە پێنووسەکەی ژاک دێریدا کتێبێکی تەواوی دەربارەی چارەنووسی مارکسیزم لە سەدەی بیستدا هێنایە بوون، کتێبێك کە پێشبینییەکەی مارکسی کرد بە سەردێڕ و ناونیشانێک بۆ خۆی. تارماییەکانی مارکس (١٩٩٨) کتێبێکی مارکسییانە لە واتایەکی شیتاڵگەرییانەی یەکجار سەیر و سەرنجڕاکێشدا. ساڵی١٩٩٧ پرسیار لە ژاک دێریدا کرا: "ئایا کتێبی تارماییەکانی مارکس گەڕانەوەیەکە بۆ مارکس؟" دێریدا لە وەڵامدا وتی: "ئەم کتێبە هەموو شتێکە تەنها گەڕانەوە بۆ مارکس و.. سەرلەنوێ چەسپاندن یاخود سەلماندنی مارکسێکی دیارییکراو یاخود گیانێک لە گیانەکانی مارکس نەبێت .. بەڵکو لەمەدا ئاماژەیەکی سیاسیی و، بەرپرسیارێتییەک هەیە کە بەتایبەتیی لە سەرلەنوێ زیندووکردنەوەی جۆرێک لە مارکسیزمدا نییە لەپێناوی ڕزگارکردن یاخود شیاندنی لەدەستچوویەک، بەڵکو بەپێچەوانەوە پێویستە لەسەرمان ماوە و مەودایەکی ڕەخنەیی لەگەڵ هەر شێوەیەک لە شێوەکانی دۆگماتیزمدا بهێڵینەوە کە بەسەر نەریتی مارکسیزمدا زاڵ و باڵادەستە".

بەگوێرەی دەستنیشانکردنەکەی دێریدا، چەشنێك لە "زەبروزەنگی مێژوویی" بە ناوی مارکسەوە هەیە، زەبروزەنگێك ئیمپریالیزمی جیهانیی پیادەی دەکات کە خەون بە ماڵین و گسکدان لە مارکسیزمەوە دەبینێت وەک ئەلتەرناتیڤێکی ئابووریی و سیاسیی جیاواز لە مۆرکە دڕندەکەی خۆی. تاکو جیهان، بەرامبەر بەو دۆخەی کە هەیە و زاڵە، دۆخی؛ تەنها ئیمپریالیزم و هیچی تر، تاکباڵ و دەستەوسان و دەستبەتاڵ بهێڵێتەوە. لەم بەستێنەدا دێریدا بوونی جۆرێک لە "پیلانگێڕیی گەورە" و دەسیسەیەک کە لەدژی مارکسیزم دەگێڕدرێت، تەنانەت ترس و ژاوەژاوێک هەیە بەرامبەر هەموو ئەوانەی کە بەبێ ناوهێنانی پیایدا تێپەڕ دەبن. دێریدا دەڵێت: " ئەمڕۆ لە نێو جیهاندا گوتارێکی زاڵ دەربارەی کتێب و بیری مارکس هەیە .. دەوترێت کە مارکس، وەک تیۆر و کردار، مرد و لەناوچوو .. بژی سەرمایەداریی .. بژی بازاڕ .. بژی ئیمپریالیزمی ئابووریی".

ئیمپریالیزم چۆن مەرگی مارکس دەگوزەرێنێت؟ کام دیمەنی شینی پێ ڕەوا بینیوە؟ جۆرێک لە دەسیسە لە نێوان شانۆ و سیاسەتدا هەیە، چونکە ئیمپریالیزم بەندەنێکی شانۆیی گەورەیە تا ئێستایش بە تارماییەکانی مارکس نیشتەجێیە. ئاخۆ منداڵە یاساییەکانی کێن و کێن تارماییە سامناکەکانی؟ کێ دەتوانێت لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ببێت بە میراتگری مارکس؟ واتە کێ دەتوانێت تاقەتی ژیان لە پێستی تارماییەکدا بگرێت کە لە نێوان ژیان و مردندا دێت و دەچێت؟ کێ دەتوانێت لە نێو جەستەیەکی بێ دایک و باوکدا بژی؟ مارکس مرد وەک چۆن مەسیح مرد. بەڵام مەسیح بۆ ئەوە مرد تاکو لەدوای خۆی کریستیانیزم بەردەوامبێت. ئاخۆ مەرگی مارکسیش دیسان نیشانە و هێمایەکی لاهوتییانەی بەردەوامبوونی مارکسیزمە لەپاش خۆی؟ ئەوانە بڕێک مەرگ و مردنی درێژخایان و میراتییەکە کە تاقەتگرتنی دژوارە. بەڵام یانی چی بیرمەندێک میراتگری مارکس بێت؟ ئێمە دەتوانین چی لە میراتێکی لەو چەشنە بکەین؟ لێرەدا میراتیی، بەگوێرەی دەربڕین و دەستەواژەکانی دێریدا، "موڵکایەتییەک یاخود زەنگینییەک نییە کە دەستیبخەین و سپاردەی بانکی بکەین، بەڵکو سەلماندنێکی چالاک و بژاردەیە، جاروبار دەتوانرێت، لەلایەن بڕێک میراتگری نایاساییەوە سەرلەنوێ زیندووبکرێتەوە و بسەلمێنرێتەوە زیاتر لەوەی لەلایەن بڕێک میراتگری یاساییەوە بسەلمێنرێت" دێریدا وەک منداڵێکی نایاسایی مارکس خۆی دەناسێنێت. ئەدی دێریدا چی لە میراتییەکی لەو جۆرە کرد؟ ئەوەی کە دێریدا بە مارکسیزمی کرد شیتاڵکردن بوو وەک شێوەیەکی ڕەوا و یاسایی پەیڕەوکردنی هزری کۆمۆنیزم .. ئاڵۆزکردن و تێکەڵکردنی سیستەمی دەقە خۆرئاواییەکان لەپێناوی شپرزەکردن و تێکدانی هاوسەنگیی گوتاری نیولیبرالیزم لە ڕێگای پاڵنانی ڕووەو ئەوپەڕی سنوور و کەوشەنەکانی بەوپێیەی کە گوتاری "خراپییە" تا ڕادەی "قەحبەیەتیی"، گوتارێکە بەیدەستی هەماهەنگیی نێوان بازاڕ و دیموکراسیی دەبێت، بازاڕی دیموکراتیی لیبرالیزم بە هەموو ئەو کاڵایانەی کە دەیەوێت بازاڕدۆزییان بۆ بکات، لە بەهاکانی ئازادییەوە بیگرە تا تیرۆریزم، لە هێماگەریی زمانەوانییەوە بیگرە تا ئامێری دەوڵەت و، لە نەوتی ڕەشەوە بیگرە تا خودا. ئەو شتەی کە لە مارکسەوە بە میرات بۆماندەمێنێتەوە مارکسیزم نییە بەڵکو گیانێکە لە گیانەکانی مارکس، گیانی ڕەخنە و ڕەتدانەوە و یاخییبوون، گیانی یاخییبوون و گیانی شیکارکردن و هەروەها گیانی گفت و بەڵێنیش. ئێمە، بە قەولی دێریدا، بەرامبەرین بە "مارکسی سیخناخ لە گفت و پەیمان، مارکسی لەبننەهاتوو، ئەو مارکسەی کە شیانی شەکەتکردنی نییە و، وێڕای ئەوەیش، زۆر چاک دەزانێت کە بە کردەوە دواکۆچی کردووە". کەواتە پرسەکە پەیوەندیی بە هیچ گەڕانەوەیەک بۆ مارکسیزم و هیچ شین و شیوەن و مالینخۆلیاکردنێکەوە نییە بۆی. بەڵام ئەو شتەی کە لە مارکسیزم ماوەتەوە "وانەیەکە، شێوازێکە لەوپێناوەدا کە جارێکی تر بەیدەستی سەرمایە نەبین". هیچ کەس بێخەبەر نییە لەوەی کە سروشتی سەرمایە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و "هیچ کەس ناتوانێت بڵێت" من مارکسم تەنها بە چەشنێکی "ئەندێشەییانە" نەبێت. سەرباری ئەوەیش، ئەو شۆڕشانە چەندن کە لە شەبەنگ و تارمایی مارکسدا هێشتا شیانیان هەیە؟ چەند منداڵی بەدایک و باوک و بێ دایک و باوک یاخود زۆڵ لە باخچەکەیدا دێنە دونیاوە؟ چەند جار ئەقڵی مرۆڤایەتیی دەڵێت: "بەڵێ بۆ خەونە گەورەکە، بەڵێ بۆ بوونی هەژاران بە سەرداری جیهان"؟ نا بۆ هەژموونکردن بەسەر چارەنووسی گەلاندا.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×