کرێى خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەکان کەمکرایەوە
  2020-11-22       351       

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: بەلەبەرچاوگرتنى بارودۆخى دارایى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان، وەزارەتەكەیان کرێى خوێندنی لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەپێى ئەنجامەکانى ریزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان، بەڕێژەى لەسەدا 10 بۆ لەسەدا 20 بۆ سەرجەم قۆناغەکانى خوێندنى ساڵى (2020-2021) کەمکردەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتەكە، ئەمڕۆ یەكشەممە، بەسەرپەرشتى د. ئارام محەمەد، سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت و وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و سەرۆک زانکۆکان و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت، کۆبونەوەى تەواوکار-ژمارە (10)ى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە شێوەى ئۆنلاین بەڕێوەچو.

سەبارەت بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: هەرێمى کوردستان بە بارودۆخێکى تایبەت گوزەر دەکات بە شێوەیەک پێویستە هەموان ڕەچاوى بارو گوزەرانى دارایى خەڵکى خۆمان بکەین و لە هەمان کاتیشدا بتوانین هەلى خوێندن بۆ هەموان دەستەبەر بکەین.

لەو چوارچێوەیەشدا وتى: بۆ ئەوەى روحیەتى کێبڕکێى زانستى لە دامەزراوە ئەکادیمیەکان بپارێزین و بە لەبەرچاوگرتنى باوردۆخى هاوڵاتیان بڕیارماندا بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بۆ ساڵى خوێندنى (2020-2021) ئەویش بەپێى ئەنجامەکانى ڕێزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان کە لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیەنراوە بەم شێوەى خوارەوە:

• ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى B، بەڕێژەى (10%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.

• ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى C، بەڕێژەى (15%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.

• ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى D، بەڕێژەى (20%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.

• سەرجەم پەیمانگە تایبەتەکان و کۆلێژە زانکۆییەکان بەڕێژەى (20%) کرێى خوێندنیان کەمدەکرێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×