هادی حەمەڕەشید: سەیرکە چۆن گەڕاینەوە چوارگۆشەی یەکەم؟ ببینە بەکوێ گەیشتین؟

د. محه‌مه‌د عه‌لی‌
  2019-01-15     1036


‎بەبۆنەی دەرچونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی زەمەن: بەتەنیشت بنەماڵەی بارزانی‌و تاڵەبانیەوە، سەرەتای ھەژمونی بنەماڵەی سێیەم، بنەماڵەی نەوشیروان مستەفا، دەستیپێدەکات.



‎لەگەڵ ڕێزم بۆ ستافی زەمەن کە کەسانێکی پاک‌و دڵسۆزن، بەڵام دەکرێ بپرسین: بەڕاست کێ خاوەنی ڕاستەقینەی سایتی پەیسەرو ڕۆژنامەی زەمەنە؟ ئایا بەڕاست ھیچ کەلێنێکی ئیعلامی ھەیە ئەم سایت وڕۆژنامەیە پڕی بکەنەوە؟ یان تەنھاو تەنھا ھەبونی پارە لە لایەن خاوەندارە ڕاستەقینەکەی ئەم ڕۆژنامە و سایتەیە؟ کە کوڕەکانی کاک نەوشیروانن. ئەم کوڕانە سەرجەمی موڵک‌و گردو پشکی کارگەی چیمەنتۆو ماڵی گۆڕانیان بەویراسە بۆ مایەوەو ئێستاش ئەوان وەک کوڕیی بنەماڵە سیاسیە دەسەڵاتدارەکانی تری ھەرێم، بەھەمان شێوە مامەڵەی ئەو سەرمایە جێماوە دەکەن کە لە باوکیانەوە بەجێماوە. 


‎ 
لەھەموشی کارەساتترو لەپەیوەندیدا بەبزوتنەوەی گۆڕانەوە، وەبیرھێنانەوەی پێنج ڕاستی گرنگن کە ئێستا لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا ژێر پێ دەخرێن: 

‎یەکەم: ئایا بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دروستکردنی خێزانێکی تری سیاسی خاوەن پارەو دەسەڵات، خاوەن کۆمپانیاو گردو مەکینەی ئیعلامی ھاتەکایەوە یان ئەم بزوتنەوەیە بەتەوای بەپێچەوانەی ئەمەوەو بۆ بەگژاچوونەوەی ئەم دیاردەیە دروستبوو؟ 
‎ 


دوەم: ئایا لەڕێگای بردنی کادیرانی ئیعلامی بزوتنەوەی گۆڕان و لاوازکردنی میدیای بزوتنەوەکەوە(کە دەبێتە مایەی لاوازبوونی مەعنەوی و مادی بزوتنەوەکە) و بەھێزکردنی ھەژمونی مەکینەی ئیعلامی کوڕەکانی کاک نەوشیروان، ئێوە خەریکی داڕشتنی چ پرۆژەیەکن؟ زەحمەت نەبێت جیاوازی خۆتان و چۆنیەتی ئیشکردنی دەسەڵاتی ویراسیی مناڵانی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیمان پێبڵێن؟! 



‎سێیەم: ئایا قەرارنەبو بزوتنەوەی گۆڕان بە گشتیی و سەرکردەکانی بەتایبەتی کلتورێکی سیاسی نوێی ناویراسیی و نابنەماڵەیی دابھێنن، نەوەک کوڕەکان و سەرکردەکانی ئەم بزوتنەوەیە ھاوشێوەی پارتی و یەکێتی ڕەفتاربکەن و درێژە بە ھەمان کلتور و عەقڵیەت بدەن کە خەڵک چاوەڕوانی ئەوەبوو ئەمان بیگۆڕن و کۆتایی پێبھێنن؟ 


چوارەم: بزوتنەوەی گۆڕان و ڕاگەیاندنەکەی لە ئێستادا لەوپەڕی دۆخی خراپی ئابوریدان، بەچ پاساوێک (کوڕەکانی کاک نەوشیروان) بینای نوێ بەکرێ دەگرن و سایت و ڕۆژنامەی تر بەڕێدەخەن؟!



پێنجەم: ئەرێ بەڕاست چارەنوسی 'تۆڕی میدیایی گۆڕان  و کەی ئێن ئێن وسایتی سبەی' لەبەردەم شەبەحی 'تۆڕی میدیایی زەمەن ' و 'پەیسەر پرێس' دا، ھەمان چارەنوسی ( زاگرۆس تیڤی و کوردستان تی ڤی)یان نابێت لەبەرامبەر ڕوداوو کوردستان ٢٤دا؟! 



‎ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان پێویستیی پێیەتی ئەوە  نییە کوڕەکانی کاک نەوشیروان میدیای تایبەت بەخۆیان دروستبکەن، بەڵکو بەھێزکردن و چالاککردنی میدیای بزوتنەوەکەیە. ئەم میدیا تازانە ھیچ کەلەبەرو بۆشاییەک پڕناکەنەوە، بەڵکو وەک ئامرازی دروستکردنی ھەیمەنەی کوڕانی سەرکردە کۆچکردوەکان کاردەکەن. 


‎لەساڵانی ڕابردودا، میرەکانی جەنگ و نوخبەی سیاسی باڵادەست لەوڵاتەکەدا ھۆکاری سەرەکی گرفتەکانی ھەرێم بون. بەڵام لەئێستدا دەرکەوتن و ڕەفتاری مناڵانی سەرکردە سیاسیەکان بەبێ جیاوازی، بوەتە گرفتێکی تری کۆمەڵگاو حیزبەکان. زەقترین سیمای ئەم دیاردەیەش: دەستگرتنی ئەم مناڵانەیە بەسەر سەرچاوەی ئابوریی‌و داھاتداو لەم ڕێگەیەشەوە گۆڕانیان بۆ سەرمایەداری گەورە لەتەمەنێکی زۆر گەنجدا. 



بێگومان بەبێ ھیچ ماندووبوون و ھیچ ئەزمونێک لە بواری کارکردندا. کێشەکە تەنھا لەم گۆڕانە گەورەیەدا نییە، بەڵکو ئەم نەوە تازانە ھەموویان خەونی سیاسیی ناماقوڵ و نابەجێشیان ھەیە. دەیانەوێت ئەو ڕۆڵانە بگێڕن کە باوکیان گێڕاویەتیی. بۆ وەدیھێنانی ئەو خەونانەش ئەو پارەیەی کە بەناھەق دەستیانکەوتوە دەخەنە کار. 


لەوانەش بۆ نموونە ڕۆژنامەی تایبەت دەردەکەن، ژمارەیەک کەناڵی تی ڤی و ڕادیۆ و سایت و ژمارەیەکی بێشومار لە پەیجی فەیسبوک دادەنێن. ئەڵبەتە کواڵێتی و پێویستی و پڕکردنەوەی کەلێن، بڕیاردەرنین لەسەر بوونی ئەم ھەموو ئامرازانەی ڕاگەیاندن، بەڵکو وەدیھێنانی خەونی سیاسیی ناماقوڵ و نادیموکراسیی و ناتەندروست، ئەو دوکانە میدییایە گەورانە ئاڕاستە دەکات. 


‎ئەوەشی لەھەموی خراپترە، ئەم نەوە تازەیە، کە کوڕەکانن یان خزمە نزیکەکانی سەرکردە کۆچکردوەکانن، خاوەنی لانی کەمی توانای فکری و سیاسی و ئیعلامی نین. زۆریشیان بەشی ئەوە زمانی کوردی نازانن کە ئینشایەکی بێھەڵەی پێ بنووسن. 



‎مەبەستی سەرەکی ئەم کوڕە گەنجانە لەدروستکردنی ئمپراتۆریەتی ئیعلامی، ململانێکردنی یەکترو پەیداکردنی ھەژمون‌و کڕینی وەلای گروپێک لەمیدیاکارانە بۆئەوەی شەڕی بەوەکالەتیان پێبکەن. جگە لەکەناڵەکانی: ڕوداوو کوردسات‌و کوردستان ٢٤ و جگە له‌ڕۆژنامەکانی: باس‌و ڕوداوو ئاژانس‌و ژیان‌و ھەولێر، سایتی پەیسەرو ڕۆژنامەی زەمەن، دوایەمین پەردەی ئەم نمایشە بێمانایەیە (ئامادەکاری بۆ کردنەوەی کەناڵی تری تیڤی‌و ڕادیۆش دەکرێت !).

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×