ڕامانی کرێکارێک، لە ماتۆڕە دەست بەسەر گیراوەکەی

بەشدار عوسمان
  2020-09-15     463

بە قورگێگی گریانەوە، چاوێکی ماندووەوە،نیگایەکی غەمبارەوە دوا ماڵئاوایی لە ماتۆڕەکەت دەکەی. بە گیرفانێکی خاڵییەوە، ڕامانێکی ساردەوە لە تەنها سەرچاوەی بژێویت ڕادەمێنی کە دڵنیام دەیان ژەم سگی خۆت و خێزانەکەت هەڵکوشیوە بۆ بەدەستهێنانی تا لەکاتی خۆی بگەیتە سەر کارەکەتەوە،بەڵام ئیتر ناگەیت و ئەو دەستە زبر و ماندوانەش لە دواوە گرتوتن پشویەکی باش دەدەن لە بێکاری .
لە وڵاتی سەروەری یاساوە، بۆت نیە یاسا شکێنی بکەی و باجی ئەو هەموو رێگاوبانە باشە و ژینگە جوانەیە نەدەیت، تۆیەک کە هەموو خزمەتگوزارییە تەندورستیەکانت بۆ دابینکراوە، لەباخچەی ساوایانەوە تا تەواوکردنی کۆلێژ وەکو بەچکە بەرپرسەکان زەمینەت بۆ ڕەخساوە،بەهرەمەندی لە خانوی گونجاو، وەکو ئەوان چۆن لەگزیز و جاکوارەکانیان رەقەم دەکەن و خۆیان لە باج نادزنەوە، تۆش دەبیت باجی ئەو یاسا شکێنیەت بدەیت ئیتر تا ماوەیەکی دوور دوور بە ترام و قیتار و پاسە مۆدێرێنەکان هاتوچۆی سەر ئیشەکەت بکەی !
ئیتر بەو بەیانیە مەچوە سەر کارەکەت و بچۆرەوە ماڵەوە، بیر لە وڵاتێک بکەرەوە ماتۆڕی بێ ژمارەی تیادا لێخوڕی بیرە نەوتەکان لەسەر خێڵ و خێزانەکان تاپۆکرابن و ئەوانەی خوارەوەش خەریکی کونکردنی بۆڕیەکان بن، بیر لە جێگایەک بکەرەوە شەق وەشێنەکانی ناو گەڵی مامۆستایان و خۆپیشاندەران وەکو بەرزەکی بانان بۆی دەرچووبن لە سەررووی هەموو لێپرسینەوەیەکەوە بن، چاو ببڕە مەملەکەتێک بە دەرزی و دەرمانی ئێکسپایەر چاوی نەخۆشەکانیان کوێر کردبێ، خۆراکی بەسەرچووی دەیان وڵات لە بازاڕەکانی ئاسایی مامەڵەی پێوە بکرێت،لە مەملەکەتێکدا دەستدرێژیکەرانی سەر مناڵان ئازاد بن،بەرپرسەکانی بازرگانی مادەی هۆشبەربن، زانکۆکانی تەژی بن لە نەخوێندەوار ، بڕۆ لەوی هەوڵدە خۆت لە باج بدزیتەوە ! لەهەنسکی دەرنەهاتووت، لە تێڕامانە توڕەکەت باش تێدەگەین ئەی گەنج، کە چ رقێک لەناختدا پەنگیخواردۆتەوە، لەکاتێکدا دەیان نا یەکسانی و ستەم و زۆرداری لەبەرچاوتدا دەبینی،هەموو دەروازەیەکی ژیان و کاسبیان لەتۆی مناڵە هەژار بەستووە، بەئازایەتی و بەرزی نەفسیەتت دەتەوێت لە بەرەبەیانێکدا خۆت بگەیەنیتە سەر کارەکەتەوە و نانێکی شەڕەفمەندانە بۆ خۆت و خێزانەکەت دابین بکەی .
دیمەنەکەت چەندە ناخهەژێنە، دەیان هێندە ئومێدبەخشە،هەموو هەڵێکیانداوە تۆ بێکار بمێنیتەوە و ببیت بەبەشێک لە پاراستنی ئەو هەموو ناعەدالەتی و ستەمکارییە، ئەوەی توانیان کردیان ئیشەکانی ئێوە بە دەیان کەڕەت گرانتر بسپێرن بە کۆمپانیاکانی خۆیان، بەڵام ئێوە کۆڵتان نەدا و بەژیانێکی مەمرە و مەژی و ئیرادەیەکی بەهێزەوە بەردەوام بوون.
ئەی گەنج، تۆ دەزانی ئێستا هەزارانی وەک ئێمە دەیانەوێت تێر لەباوەشت بگرین و دەستە هیلاک و ماندووەکەت ماچ بکەین؟ ئەوەش دەزانی هەزارانیتر قێز لەئەوانیتری ناو وێنەکە دەکەنەوە بەبێ مووچەیی بونەتە بەشێک لەپاراستنی پایەکانی ستەمکاری و ناعەدالەتی و رۆژانە دڵ و دەروونی هەزرانی وەکو ئێوە دەڕەنجێنن ؟، مناڵەکانیان بێ شیر و خۆراک دەکەن . لەوڵاشەوە سوجدە بۆ بەرپرس و بەچکەکانیان دەبەن و لەبەرچاویان لەشەقامەکاندا تەراتێن بە سەیارە و یاساکانیان دەکەن، بچوکترین ئاماژەی نارەزایەتیشیان لەکەمترین حاڵەتدا شەق تێهەڵدانی لەدوا دێ .
دەستە شەقارییەکانتان، ڕامانە پڕ لە بێ ئومێدییەکانتان، ڕەنگە پەڕیو و توڕەکانتان، لاشە بەهێز و پڕ ئیرادەکانتان، مژدەی ئایندەیەکی باشتری بۆ هەموومان پێیە .

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×