ئەم خوێنە ناوەستێ ..تابلۆ رەشەکە درێژەی هەیە ..!

بەشدار عوسمان
  2023-12-06     251

هێشتا خوێنی تکاوی نێو دەمی سەردەشت ووشک نەبوبو،هێشتا خوێنی سەر سنگی سۆران بەیەخەمەناوە دیاربوو،بۆ جارێکیتر خوینی سەری کاوەیان بە هەمو لەش و لارمان هێنایە خوارەوە و جارێکیتر سوریان کردینەوە لە غەدر و زوڵم و ستەم و تابلۆ رەشەکەیان درێژتر کردەوە !

کوشتن و تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی ئیتر ئومێدێکی نەهێشتەوە بە چاکسازی و بەخۆداچونەوەی هێزە فەرمانڕەواکانی کوردستان، رووداوەکانی تەنها چوار ساڵی هەرێمی کوردستان نەک ئەوەی ئاماژەیەکمان نیشان نادەن کە ئومێدێکمان بە بەیانیەکی باشتر هەبێت ،بەڵکو سێسەد و شەست پلە پێچەوانەکەی دەبینین ! ئەوانەی کە خەمی چاککردنی سیستەمی ئەم وڵاتەیان لەکۆڵ ناوە،ئەوانەی کە خەون بە سبەینێیەکی باشتر دەبینن و نایانەوێت دکتاتۆرێکیتر دورست بێتەوە،گوللە باران دەکرێن. ئەوانەی خەیاڵ و بیرکردنەوەیان لای نەمانی زوڵم و ستەمو هێنانە کایەی دەسەڵاتێکی مۆدێرنە کە هەمووان بە جیاوازییەکانیانەوە لە سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە بەهرەمەند بن،گوللە دەنێرێت بەدەمیانەوە،پێمان وابوو کاردانەوەکانی تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان دەرسێکی باشی داوە بە دەسەڵاتداران ئیتر لەسەر جیاوازی بیرکردنەوە و نوسین و کاری رۆژنامەگەری دەست بۆ کاری تیرۆر و تۆقاندن نابەن،بەڵام هەڵەین ! لەم لاشەوە بکوژان و دارێژەرانی پلانی تیرۆرەکان بە عاشکرا دەسوڕینەوە ،ئیتر ئومێدێک نەماوەتەوە بۆ تروسکایەکی رۆشنتر.

لەمەوبەدوا دەسەڵاتی سیاسی نابێت نەک باسی ئازادی رادەربڕین و دیموکراسی بکات ،بەلکو شەرم لە ناوهێنانی حکومداری بکات،ناوهێنانی مافی مرۆڤ و ئازادی گاڵتەجارییە کە لەسەر نوسین و راپۆرت و کاری رۆژنامەوانی گەنج و رۆژنامەنوسەکانمان گوللە باران دەکرێن،گاڵتەجاری حکومداریەکەشیان ئەوەیە ناتوانن هیچ یەکێک لەم کەیسانە بێلایەنانە و سەربەخۆیانە و راستگۆیانە یەکلابکەنەوە .ئیتر نەک بۆی نیە باسی ئەمنیەت و ئاسایش بکات کە بەشێکی زۆری سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە دەوڵەمەندە بۆ ئاسایش و پۆلیس و دەزگای ئەمنی و جاسوسیەکان سەرف دەکرێت،بەڵکو یەکێک لەنامنترین شوێنە بۆ رۆژنامەنوسان و خەڵکانی نارازی و ئازادیخواز و هەمووان بەیەکەوە هەست بە نائارامیەکی تۆقێنەر دەکەین .

تیرۆری کاوە گەرمیانی،پییان گوتینەوە ئەم خوێنە ناوەستێ تا دەسەڵات شەفافیەت و ئاشکراکردنی گەندەڵی بە کۆتایی هاتنی خۆی بزانێت،ئەم خوێنە ناوەستێ تا عەقڵیەتی بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە هۆشیاری و بەئاگای خەڵک بە مەترسی و نەمانی خۆی بزانێت ،ئەم خوێنە ناوەستێ تا مافیا و چەتەکان پارێزەر و ئاسایشی خەڵک بن !

ئەوەی زیاتر دۆسیەکانی تیرۆری رۆژنامەنوسانی مەترسیدارتر کردۆتەوە،تاوانباران و ئەنجامدەران و ئەوانەی لەپشتەوەی ئەم تیرۆرانەن بەئاشکرا دەسوڕێنەوە،لە کاتێکدا ئەنجامدەرانیانیان بۆ زۆرێک لە خەڵکی کوردستان روون و ئاشکران،دادگا و دەسەڵاتی قەزائی نەک ناتوانێ سەربەخۆیانە و بێلایەنانە لێکۆڵینەوەکانی بباتە پێشەوە بەپێچەوانەوە دەبێتە رایەڵەیەکی بەهێز بۆ بەلارێدابردنی کەیسەکان و دیزەبەدەرخۆنە و وونکردنیان و پەنادانی تاوانباران،کەیسەکانی تەنها جوار ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان نزیکترینیانن ،بۆیە ناتوانین هیچ خۆشباوەڕییەک بە دەزگا ئەمنیەکان و دەسەڵاتی قەزائی هەڵبچنین .

بیرکردنەوەیەکی زۆر نامەنتقیە،ئەگەر پییان وابێت تیرۆر و لەناوبردنی فیزیکی رۆژنامەنوسان و چالاکوانان،دەتوانێت خەونی دورستکردنی دەسەڵاتێکی بنەماڵەیی و خێڵەکی بەڕتە پێشەوە و هەمومان بێدەنگ و کەڕ و لاڵ بکەن و ئەوانیش بە ئارەزویی هەرچیان ویست بیکەن و بیبەن،خەیاڵیکی مناڵانەیە ئەگەر پێیان وابیت بە تیرۆر و تۆقاندن دەتوانن درێژە بە زیاتر دەوڵەمەندکردن و رووتاندنەوەی سەروەت و سامانی ئەم ولاتە بدەن و کۆمەڵگاش لەم ئاستی برسیەتی و نەبوونیە رابگرن .

خەلکی کوردستان بەکەمتر لەئازادی و ژیانێکی شەڕەفمەندانە رازای نابن،ئەوانەشی لەدژی ئازادی و دەستڕاگەیشتنی خەڵکن بە ماف وداخوازییەکانیان و لەبەرامبەردا دەست بۆ تیرۆر و تۆقاندن دەبەن،جگە لە ریسوایی و شەرمەزاری و فڕێدانیان بۆ زبڵدانی مێژوو هیچیتریان بۆ نامێنێتەوە .

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×