سەما و نوێژ: چۆن لەگەڵیەکتر هەڵکەین؟

نزار سابیر
  2021-05-09     375
1. ئیسلامي و عەلماني
ماوەیەکی کەم لەمەوپیش ئیسلامي‌یەکان لەبەرانبەر سەمایەکی عەفەوي‌ی کچ و کوڕێکی گەنجدا لە شەقامی سەهۆڵەکەی سلێماني هەرایەکی گەورەیان نایەوە و بۆ ڕۆژی دواتر لە شوێنی سەماکە نوێژێکی تەراویحی بەکۆمەڵیان کرد. هەراکە هێدي هێدي نیشتەوە. بەڵام زەنگی ئاماژە ترسێنەرەکانی هێشتا لە گوێدا دەزرنگێنەوە.
لە کوردستانی ژێر حوکمی گەندەڵی لیبراڵ-خێلەکي‌ی بێئایدیای پارتي و یەکێتي‌دا دوو تەوژمی کۆمەڵایەتي‌ی تەریب بەیەک لە شارە گەورەکاندا لەپەرەسەندندان: تەوژمی فەردانییەت و کرانەوە بەسەر ستایلی ژیانی غەربي‌دا لەلایەک، تەوژمی سەرکردن بە کۆشی دین و نەریتیشدا لەلایەکی دیکەوە. دنیاکەی یەکەم ئەوەندەی بۆی بلوێ هەوڵدەدا لە ڕووبەری گشتي‌ی خۆی‌دا بێ بەرکەوتن لەگەڵ ئەوی دیکەدا ژیانی خۆی بژی. بەڵام پەرەسەندنە بەردەوامەکە درەنگ یان زوو لە ڕووبەرە هاوبەشە گشتي‌یەکەدا دەیاندا بەیەکدا. ئەم هەرایەی سەر ئەم سەمایە یەکەم نیشانەی بەیەکدادان نییە. لە نەوەدەکاندا ئیسلامي تەلیان دەگرتە پووزی ئافرەتە سفوورەکان و بەم دوایي‌یانە هووهایان لێدەکێشان. بەڵام ئەم هەرایە تا ئێستا ڕەمزیترینێتی. ڕووداوەکە جەمسەرگیري‌یەکی گەورەی ناوەتەوە، کە لە ڕۆژگاری دیجیتاڵیندا بەر لە هەر شوێنێکی دیکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتي‌یەکان ڕەنگ دەداتەوە. کێن ئەم دوو بەرەیە و نوێنەرایەتي‌ی چي دەکەن؟
پێش هەر شتێک: گوێخەواندن و "با بزانین چۆن دەبێ!" خراپترین کاردانەوەن بەرانبەر پرسێکی وەها مەترسیدار پێشان بدرێن. بۆیە دەبێ بخرێتە بەر موناقەشە و قسەی لێ بکرێ. یەکێک لەو باشترین قسەلێکردنانەی لەسەر ئەو پرسە خوێندبێتمەوە، ئەوەی سەردار عەزیز بوو. سەردار دەگمەن ناتخاتە سەر پارادایمێکی نوێ. لەم نووسینەشی‌دا، هەرچەندە لە هەندێک خاڵی نەگەیشتم، بەڵام هیچ نەبێ، منی خستە سەر ئاستێکی دیکەی بیرکردنەوە لە کێشەکە؛ بەوەش گوتارەکە ئەرکی خۆی بە سەروزیادەوە، هیچ نەبێ لای من، بەجێ هێنا.
سەردار دەست دەخاتە سەر لایەنێکی یەکجار گرنگی ململانێکە، کە ناونانی لایەنەکانێتی. زۆر ڕاستە، "عەلماني" لە بنچینەدا ئەوەندەی سیفەتێکە بۆ دەوڵەت، کاتێک بە قانوونی ئاسماني حوکم ناکا و بێلایەنانە بە یەک مەودا لەبەرانبەر هاوڵاتي‌یە بەدین و بێدینەکانی‌دا دەوەستێ، ئەوەندە سیفەتێک نییە بۆ هاووڵاتي. دەوڵەتی عەلماني دینی نییە. بەڵام مەرج نییە ئەوەی لایەنگری ئەو جۆرە لە دەوڵەت بێ، کەسێكی بێ دین بێ. لە ڕاستي‌دا ئەم تێکەڵوپێکەڵي‌یە لە بەکارهێنانی وشەی عەلماني‌دا ئاوێکی باشی کردۆتە ئاشی ئیسلامي‌یەکانەوە، بەوەی تا ڕادەیەک بۆیان چۆتە سەر هەموو ئەوانەی دژ بە دەوڵەتی دینين وەک بێدین وێنا بکەن.
هەڵبەت ئەم کێشە چەمکانە‌یە هەر کیشەی کوردستان نییە. "عەلمانییەت"ی عەرەبي، کە هاتۆتە سەر زمانی ئێمەش، وشەیەکی تازەی عەرەبي‌یە، بەرانبەر (secularism) (و هەروەها Laïcité)ی ئەوروپایي‌یەکان داهێنراوە. secularism، کە بە حەرفي دەکاتە ئەمزەمانایەتي لەبەرانبەر هەتاهەتایایەتي‌ی ئەودنیا، تەنیا لە پەیوەندي‌ لەگەڵ دیندا مانا دەبەخشێ. عەلمانییەتە عەرەبییەکەش بە هەمان شێوە لە (عالەم)ـەوە، واتە دنیا (نیسبەتەن بە دین و ئەودنیاوە)، وەرگیراوە. بەڵام عەلمانییەت ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسي‌ی کۆنکرێت نییە بۆ ڕێکخستنەوەی ژیانی کۆمەڵایەتي‌ی تاک و کۆمەڵ، وەک ئەوەی بۆ نموونە کۆمۆنیزم، ئیسلامیزم یان لیبرالیزم دەیکا. بۆ نموونە ئینسانی عەلماني دەکرێ لیبراڵ، کۆمۆنیست، ناسیۆنالیست، تەنانەت ئیسلامي بێ، ئەگەر نەیەوەێ شەریعەتی ئاسماني بکا بە سەرچاوەی قانوونەکانی دەوڵەت. هەر بۆ نموونە ئیسلامي‌یەکانی ئەکەپەی تورکیا هێشتا عەلمانین، هەتا داوای حوکمی شەریعەتی ئیسلامي نەکەن. بۆیە دەکرێ باس لە کەسی عەلماني بکەین، بە مەرجێک لە چنگی پێناسەکردنی ئیسلامي‌یەکان دەریبهێنین و بە مانای پشتگیري لە جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت تێی بگەین، نەک دین لە ئینسان.
کێشەکە لە حاڵەتی ناوی (ئیسلامي)دا ئەو ئاڵۆزە نییە، چونکە ناوی (موسلیم) یان (موسوڵمان) خەڵکە بەدینەکە لەو خەڵکە بەدینانەی دیکە هەڵداوێرێ، کە ئیسلام وەک ئایدیۆلۆژیا و ڕێبازێکی سیاسي پێڕەو دەکەن. بەڵام ئاڵۆزي لەوێدا دێتە پێشێ، کاتێک ئیسلامي‌یەکان خەباتی سیاسي‌یان بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات وەک خەبات بۆ پاراستن و لەدەستنەدانی پیرۆزي‌یەکانی هەموو موسوڵمانان دەفرۆشنەوە. لەوەدا خەباتە سیاسي‌یە دنیایي‌یەکەیان وەک خەبات بۆ هەوییەتە دیني‌یەکە دەخەنە ڕوو، بەوەش خەڵکێکی زۆری دیکە دەخەنە پشت پڕۆژە سیاسي‌یەکەیانەوە، کە مەرج نییە سنووری جیاکەرەوەی نێوان دینداري و ڕێکخستنی سیاسي‌ی دیني‌یان لا ڕوون بێ. ئیدي بەو میکانیزمە ڕێکخراوە ئیسلامي‌یەکان بۆی دەچێتە سەر کۆمەڵگا بەسەر دوو بەرەدا دابەش بکەن: بەرەی ئیسلام و بەرەی دژەئیسلام، واتە بەرەی کوفر. کاتێکیش سیاسەت لەسەر بناغەی هەوییەت دامەزرا، ئیدي، هەر وەک سەرداریش دەڵێ، جێیەک بۆ دیموکراتي نامێنێ و لۆژیکی هێز ململانێیەکە یەکلا دەکاتەوە.
بەرچاوڕووننەبوون لەبارەی چەمکی عەلماني و ئیسلامي‌یەوە بۆیە مەترسیدارە، چونکە ئاسان دینامیکێتي‌یەک دەخاتە گەڕ کە بە جەمسەرگیري‌یەکی توندی کۆمەڵایەتي تەواو دەبێ: دوو بەرە بەرانبەر بەیەکتر دەوەستنەوە بێ ئەوەی لای هەمووان ڕوون بێ خاڵی ناکۆکي‌یەکە بە دروستي لەکوێدایە. من نوێژکەر دەناسم دژ بە نوێژی سەر جێی سەماکە بوون؛ نوێژنەکەریش دەناسم دژ بە سەمای سەر جادەکە بوون. بەڵام ئەوەی دژ بە سەمای سەر جادەکەیە مەرج نییە ئیسلامي بێ؛ مەرج نییە لەگەڵ تەراویحە کاردانەوەکەدا بێ؛ مەرج نییە دژ بە سەماکە بووایە ئەگەر ڕەمەزان نەبووایە. بە هەمان شێوەش ئەوەی دژ بە نوێژە کاردەرەوەکەیە مەرج نییە بێدین بێ؛ مەرج نییە لەگەڵ سەماکەدا بێ؛ مەرج نییە دژ بە تەراویحی سەر جادەش بێ ئەگەر لەو چوارچێوەیەدا نەبووایە. بەڵام کاتێک ئیسلامي‌یەکان لەو ڕووداوە ڕۆژانە بچووکانە هەرای گەورە دەنێنەوە، ئەجێندای خۆیان بەسەر باس و خوازی ڕۆژانەی خەڵکیشدا دەسەپێنن و بەوەش پاڵ بە خەڵکەکەوە دەنێن، چ کارا و چ کارتێکراو، خۆیان بەسەر ئەو دوو بەرەیەدا ساغ بکەنەوە، کە ئەوان وەک بەرەی ئیسلام و بەرەی دژەئیسلام دەیفرۆشنەوە. بەمەش ئیسلامي‌یەکان ململانێیەکی ڕەسەن و سروشتي‌ی کۆمەڵایەتي، کە بە گشتي نەرم و بێ زەبروزەنگ دەچێ بەڕێوە، وەردەگێڕن بۆ ململانێیەکی سیاسي‌ی توندوتیژ؛ ئەوەش ململانێی ئەزەلي و ئەبەدي‌ی نێوان بەرەی مەحافەزەکار (یان پارێزکار) و بەرەی نامەحافەزەکار (یان نوێکار)ە، کە بە نیسبەتی جیاجیا هۆگری هەموو کۆمەڵگاکانی دنیایە.
لە بەشی داهاتوودا باس لە پەیوەندي‌ی ئیسلامی سیاسي و سینفی مەحافەزەکار دەکەم.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×