ڕیفراندۆمەکە: ئەو پرسیارانەی نایانکەین

نزار سابیر
  2022-09-26     440

ڕیفراندۆمەکەی ٢٠١٧ بۆ سەربەخۆیي هەڵەیەکی سیاسي‌ی گەورە بوو. هەنگاوێکی گەورەی بێ تەگبیر و بێ پلان؛ دینماکێتي‌یەکی نایەوە، لەماوەی چەند ڕۆژێکدا نیوەی خاکی کوردستانی ئێراقی کردە قوربان و "هەرێمی کوردستان"ی ‌هێنایە سەر لێواری هەڵدێران. ئەگەر بە پێوەرەکانی قازانج و زیان لە سیاسەتدا بیپێوین، ڕیفراندۆم کارەسات بوو. خۆزگە لە هەلومەرجێکی وا نالەباردا نەکرایە و کاتی خۆیشی هەر یەکەمان لەلای خۆیەوە، ئەوانەی لە ئاقیبەتە مەترسیدارەکانی ئاگادار بووین؛ هۆشداریمان دا. بەڵام کە کرا، گرنگە هەندێک ڕەهەندی دیکەیشی ببینین و بخوێنینەوە.

ڕیفراندۆم ڕووداوێکی مێژوویي‌ی گرنگ بوو. چونکە ئەوە یەکەم موسارەحەی سیاسي‌ی فەرمي‌ی کورد بوو لەگەڵ دنیای دەرەوەی خۆی لە مێژووی نوێدا. سەد ساڵ بوو، لەوەتەی دەوڵەتی وەسماني هەڵوەشابۆوە و میللەتەکانی دراوسێمان بە ئاگر و بە ئاسن خاکی کوردستانیان لەنێوان دەوڵەتە نەتەوەیي‌یەکانی خۆیاندا بەشکردبوو، لەگەڵ هەر خۆڕاپسکانێکی ئێمەدا بە چاوی تۆمەت و گومانەوە پێیان دەگوتین: ئێوە جوداخوازن. ئێمەش درۆ و ترسمان تێکەڵ دەکرد و سوێندمان بۆ دەخواردن: ئێمە سەربەخۆیي‌مان ناوێ و لەگەڵ یەکپارچەیي‌ی دەوڵەتەکانتانداین. لەو ڕیفراندۆمەدا کوردی پارچەیەک بۆ یەکەم جار بە ڕەسمي دڵی خۆی کردەوە و بە دوژمن و دۆستی گوت: بەڵێ ئێمە سەربەخۆیي‌مان دەوێ.

مومکینبوون و نامومکینبوونی بەدیهێنانی ئاواتێک پێش ئەوەی بە هەلومەرجی مەوزووعي‌یەوە بەند بێ، بەوەوە بەندە چەند ئەو ئامانجە بە خۆت ڕەوا دەبیني و لە خۆت ڕادەبیني. دیوارە سایکۆلۆژي‌یەکانی کۆیلەیەکی ڕاهاتوو بە کۆیلایەتي ڕێگرترن لە کۆت و پێوەندەکانی پێی بۆ گەیشتن بە ئازادي.

شکستەکەی دوای ڕیفراندۆم ئەو سایکۆلۆژیای کۆیلایەتي‌یەی زۆر زەق بەرجەستە کرد: کاتێک تورکیا و ئێران و ئێراق لەسەر ئەو ڕیفراندۆمە گەمارۆیان داین و هێزیان کردە سەرمان، پرسیارەکە ئەوە نەبوو، بۆ وامان لەگەڵ دەکەن، بەڵکو تەنیا و تەنیا بۆچي وامان کرد. سایکۆلۆژیای کۆیلانەی کورد نائاگا سەردەستبوونی ئەو میللەتە داگیرکەرانە وەک واقعێکی سروشتي تەماشا دەکا. لە سکۆپی بیرکردنەوەی ئێمەدا ڕیفراندۆم تەنیا یەک ڕەگەزی ناسروشتي‌ی تێدا بوو، کە مەسعوود بارزاني و هاوڕاکانی بوون؛ کاردانەوەکان هەموو سروشتي‌ بوون، بە ئەندازەی سروشتیبوونی باوبارانێک کە سەیرانێکت لێ تێک دەدا: خۆ قابیلە گلەیي لە باوبارانەکە بکەی؟! تەنیا و تەنیا خەتای ڕێکخەرەکەیە.

ئەم بارە سایکۆلۆژي‌یەی کورد هەندێک جاران سەر دەکێشێ بۆ پلەیەک نزیکە لە دەردە مام تۆم (Uncle Tom syndrome). مام تۆم کاراکتەرە ڕەشپێشتەکەی (ڕۆمانی کوختەکەی مام تۆم)ـە و هەڵسوکەوتی کراوە بە بناغەی تێوري‌یەک لە سایکۆلۆژیای هەمەکەلتووري‌دا، کە بارێکی دەرووني وەسف دەکا، تێیدا ئینسان بۆ لابردنی گومان لەسەر خۆی هەستەکانی سەرکوت دەکا و ژێردەستەیي و دڵراگرتن هەڵدەبژێرێ، کاتێک ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبێتەوە.

ڕیفراندۆم ئەفسانەی قیامەتێکیشی بەتاڵ کردەوە. نزیکەی سەدەیەکە، لەوەتەی سینفی خوێندەواری ئێمە بە چەمکەکانی ئۆتۆنۆمي و لامەرکەزي و چي و چي ئاشنا بووە، واقعییەتی سیاسي لەوەدا دەبینرێ، کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتە داگیرکەرەکاندا مافەکانی خۆی دەستەبەر بکا. لە ماوەی ئەم سەد ساڵەدا هەرچي کوشتار و ماڵوێراني و ڕاگواستنێکمان بەسەردا هات و هیچ کام لەو ئامانجە ناجوداخوازانەش نەهاتنە دي، واقعیبوونی ئەو ئامانجانەمان نەخستە ژێر پرسیارەوە. مەنتیقە ناواخنەکە ئەوە بوو: ئەگەر بۆ ئۆتۆنۆمي ئەوانەمان بەسەر بهێنن، دەبێ بۆ سەربەخۆیي چیمان لێ بکەن؟! ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیي کرا و جەهەنەمێکیشی بەدوادا نەهات ئەنفال و کیمیابارانمان لێ بکا بە بەرکوڵ. ئینسان لە جارێک زیاتر ئیعدام ناکرێ، با تۆمەتەکە زۆر گەورەتریش بێ.

بێ لەوە، ئەوەی چاونەترسانە قسەی دڵی خۆی دەکا، ڕێزی لای بەرانبەر زۆرترە و ئامادەیي بۆ تێگەیشتن لە داواکانیشی زیاترە. شاگردێک ڕاشکاوانە بە وەستاکەی بڵێ "دووکانی خۆم دەکەمەوە"، ڕێز و تێگەیشتن لێی زۆر زیاترە لەو شاگردەی دەڵێ من هەر لە دووکانەکەدا دەمێنمەوە و بەشم دەوێ. بەسووکسەیرکردن و تێنەگەیشتنی ڕای گشتي‌ی عەرەب و تورک و ئێراني لە جووڵانەوە سیاسي‌یە گەرم و ساردەکانی کورد بەشێکی بۆ ئەو ترس و درۆیەی کورد دەگەڕێتەوە. ئەو ناووناتۆرە و تۆمەتانەی دوای کوردی دەخەن، کە داردەستی بێگانە و ئیمپریالیزمە و خەنجەری غەدرە لە پشتەوە تەنیا کاتێک مەنتیقێکی تێدایە، کە تۆ خۆت بە ئێراقي بزانیت و دەستیش بخەیتە ناو دەستی دوژمنی ئێراقەوە.

بەڵام ڕیفراندۆم دەرسێکی گرنگتریشی تێدایە بۆ دەرسوەرگر: نەتەوە، بە مانا سیاسي‌یە نوێیەکەی، بە عەشیرەت و بنەماڵە سەرپێ ناخرێ و پچڕینی دەوڵەت لەگەرووی شێری ئەو جیۆپۆلەتیکەی کوردستانی تێدا هەڵکەوتووە بە کۆمەڵگەی بەرخۆر و مووچەخۆر و ئابووري‌ی نەوتاوي و ئیدارەی پارچەپارچە ناکرێ. لەو جیۆپۆلەتیکە سەخت ونالەبارەی کوردستاندا ڕزگاربوون لە ژێردەستەیي، جگە لە کۆبوونەوە لەژێر یەک چەتری سیاسي و هێزێکی شەڕکەری بەدیسپلیندا، نەتەوەیەکت دەوێ، وەک ئەوەی جووەکان: nation under arm، واتە نێر و مێی هەموو کاتێک لەسەرپێ بن بۆ چەکهەڵگرتن. بەداخەوە، ئەم گلۆبوونەوە خێرایەی هەڵبەستەی سیاسي لە کوردستانی ئێراقدا بۆ خێڵگەري و بێئایدیایي لە هەموو شتێکەوە نزیکە لەو سەرنموونەیەوە نەبێ.

ڕێگەی کورد بۆ سەربەخۆیي هێشتا زۆر بەکۆسپ و درێژە، بەڵام هەرگیز بە بەشبەشکردنی ماف و دڵڕاگرتنی داگیرکەر و ژێردەستەیي‌دا تێناپەڕێ؛ بۆیە ڕێفراندۆمەکەی ٢٠١٧ تەنیا دۆڕانێکی ماددي-سیاسي نییە و بەس؛ لە گۆشەیەکەوە دەستکەوتێکی مەعنەوي-مێژوویي‌یشە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×