هەرێم لەچاوەڕوانیی رۆژانی سەختتر

سەرتیپ جەوهەر
  2023-06-21     297

بەپێی پێشبینیی نوێ‌، هەرێمی كوردستان رۆژانی زۆر سەختتری لەبەردەمە. حكومەتی هەرێم لەگفتوگۆی لەگەڵ بەغدا سێ‌ گرفتی سەرەكی هەیە، كە هەریەكەیان لەویدیكە گرنگترە. یەكەمیان؛ ئەو گفتوگۆیەی لەگەڵ بەغدا سەبارەت بەنەوت لەكاتێكدایە كە نەوتەكەی بەبڕیاری دادگای ناوخۆو نێودەوڵەتی وەستێنراوە! بۆیە هیچ دەرەتان و دەریچەیەكی لەبەردەم نییە جگە لەرێككەوتن لەگەڵ بەغدا. رێككەوتنەكەی هاوشێوەی رێككەوتنی سەفوانە لەنێوان عیراق و ئەمریكا لە ساڵی 1991، كاتێك سوپای عیراق بەتەواوی لەكوێت تێكشكابوو، عیراق تەنها ئیمزای لەسەر رێككەوتنەكە كرد كە فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان (نۆرمان شوارزكۆف) خستیە بەردەم سوڵتان هاشم.

دووم: ئەو دابەشبوونە پڕ مەترسیدارەی نێوان لایەنە سەرەكییەكانی كوردستان بەتایبەت (پارتی و یەكێتیی) لەبەغدا. دابەشبوونی لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بەسەر ئەجێندای ئیقلیمی دابەشبوونێكە لەمێژووی 32 ساڵی رابردوو، هەرێمی كوردستان بەخۆیەوەی نەبینیوە.

سێیەم: ئەم حكومەت و پەرلەمانەی كوردستان، شەرعیەتی نەماوەو هیچ بڕگەو ماددەیەكی قانونی دەستوریی نییە چارەسەری ئەم دۆخەی بكات، لەوە خراپتر پشتیوانیی شەقامی زۆر لاواز بووە! ئەمەشیان مەترسیەكی زۆر گەورەیە لەسەر حكومڕانیی و قەوارەكە بەگشتیی.

ئەوەی تائێستا دەیبینین لۆلۆیە، هێشتا لێ لێ ماوە. بەپێی زانیاریی و پێشبنیەكانی دەكرێت، لەبەغدا پلانی زۆر ورد هەیە بۆ لەقالبدانی هەرێم و داماڵینی لەدەسەڵاتەكانی و كەمكردنەوەی رۆڵ و كاریگەریی لەعیراق و ناوچەكە.

ئەو پرۆژەی رەشنوسی قانونی نەوت و گاز، پاڵپشت بەقانونی ئیدارەی دارایی لەعیراق هەرێمی كوردستان دەخاتە دۆخێكی زۆر مەترسیدار. پرۆژەی قانونی نەوت و گاز لەپرۆژە هەرە هەستیارەكانی عیراق بووە لەدوای 2003. ئەوە 20 ساڵی رێككە هەرێم و بەغدا نەیانتوانیوە لەسەری رێككەون، چونكە پەیوەندی دیاریكردنی دەسەڵات و هەژموونی هەرێم و بەغداوە هەیە بەسەر كێڵگەكانی نەوت و گاز لەهەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكان و كۆی عیراق بەهەموو وردەكارییەكانیەوە. هەر لە گەڕان بەدوای نەوتەوە بگرە تا دەگاتە گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكان و هەناردەكردن و فرۆشتن و وردەكارییەكانی دیكەی كەئێشی ئێمە نییە قسەی لێبكەین.

ئەم پرۆژیە لەبارودۆخ و زەرفێكدا دەهێنرێتە پەرلەمان، لەلایەك هەرێم زۆر لاوازبووەو دابەشبونێكی خراپ لەناوخۆ هەیە، لەلایەكی دیكە بەغدا بەغدای جاران نییەو تەوافوق و سازانی تێدا نەماوە، هێشتا عەقڵیەتی شۆڤینی و دەمارگیریی قەومیی بەهێزە، ئەوەی دەیانەوێت ئەوە تێدەپەڕێت. ئەمە جگە لەدەستێوەردان و جێبەجێكردنی ئەجێندای ئیقلیمیی بەتایبەت ئێران كە لەدوای هەڵبژاردنەكانی 2021 وە هەنگاو بەهەنگاو لەڕێی دامەزراوە قەزایی و دەستورییەكانی عیراق رۆڵی هەرێم لاواز دەكات.

ئەم هەوڵانەی بەغدا بۆ كەمكردنەوە یاخود داماڵینی هەرێمە لەدەسەڵاتی بەسەر ئیدارەدانی نەوت. ئەگەر هەرێم دەسەڵاتی بەسەر نەوتدا نەمێنێت، كاریگەرییەكانی لەعیراق و ناوچەكە زۆر لاواز دەبێت، ئەمەش لێكەوتەو ئەنجامی سیاسەتی چەوت و خراپی حوكمڕانیی و عینادیی و پەرتەوازەیی ناوخۆی هەرێمە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×