پارتی شكستى بەرێككەوتنی دانانی پارێزگاری كەركوك هێنا

سەرتیپ جەوهەر
  2019-09-16     760
ئەمڕۆ دوایین رۆژی ئەو 45 رۆژە بوو كە بڕیاربوو لەوماوەیە پارتی و یەكێتی بەیەكەوە پارێزگارێكی نوێ‌ بۆ كەركوك هەڵبژێرن! لەم رۆژانە لێپرسراوێكی پارتی پەیوەندیی بەیەكێتی كردووەو راگرتنی كۆبونەوەكانی تایبەت بە دانانی پارێزگاری كەركوكی لەگەڵ یەكێتی راگەیاندووە! ئەمەش بەمانای شكستهێنانی تەواوەتی پرسی دانانی پارێزگاری كەركوك دێت.
لەسەرەتاوە هەموو دەمانزانی پارتی نایێتە ژێرباری دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك! ئەگینا هیچ پەیوەندییەك لەنێوان دانانی پارێزگاری كەركوك و دابەشكردنی پۆستەكانی هەڵەبجەدا نییە كە ئێستا پارتی كردویەتییە بیانوو بۆ خۆدزینەوەو شكستپێهێنانی رێككەوتنی دانانی پارێزگاری كەركوك كە بڕیاربوو لەماوەی 45 رۆژی رێككەوتنەكەی سلێمانی دەستنیشان بكرێت و لەئەنجومەنی پارێزگا دەنگی لەسەر بدرێت.
خراپتر لەوە تائێستا خالد شوانیی وەزیری هەماهەنگیی نێوان هەرێم و بەغدا دەستبەكارنەبووەو هاوكات رەوەند مەلا مەحمود سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كە لەلایەن یەكێتییەوە دانراوە، فەرمانی دەستبەكاربونی بۆ دەرنەكراوە!! هاوكات تائێستا قوباد تاڵەبانیی جێگری سەرۆك وەزیران هیچ دەسەڵاتێكی بۆ شۆڕنەكراوەتە خوارەوەو ئەم پرسە گەیشتۆتە ئاستێك دەنگی لێوەبێت.
ئەو ئاماژانەی ئێستا بەردەستن لەبارەی جموجۆڵ و هەڵسوكەوتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت كە تیمێكی سێبەری لەحكومەت دروستكردووەو دەستوپێی ئەم حكومەتەی گۆدو ئیفلیج كردووە لەژێر ناوی جیاجیا، هەڵسوكەوتی پڕ نهێنی دەكات، ئەمەش بەڵگەی ئاڵۆزبونی حوكمڕانی هەرێمە لەماوەی نزیكی داهاتوو.
ئەم ئاڵۆزییەی هەیە، ئەوكەسانە لێی بەرپرسن كە 45 كورسی پەرلەمانیان بۆ پارتی كردە دیارییەكی بەنرخ و ئێستا دەبێ‌ باجەكەی بدەن، پێویستە هەموو ئەو راستیانە لەوبارەیەوە بخرێتە روو.
بڕیارە لەناوەڕاستی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كوركوك بكرێت، ئەگەر كورد نەتوانێ بەزووترین كات پارێزگارێك بۆ كەركوك دابنێت ئەوا زیانێكی ئێجگار بەدەنگی كورد دەگات لەو پارێزگایە، بەتایبەت ئەو قانونەی دەركراوە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكان، بەروونی رێگر دەبێت لەدەنگدانی دەیان هەزار كوردی كەركوك و رێخۆشكەر دەبێت بۆ دەنگدانی دەیان هەزار عەرەبی داگیركەر و هاوردە. هەروەك ئەو هەنگاوەی پارتی كە ئەمڕۆ كۆتاییان بەپرسی دانانی پارێزگاری كەركوك هێنا زیانێكی گەورەی بۆ یەكدەنگی كورد لە كەركوك دەبێت. لەوانەیە لەم چەند رۆژەی داهاتوو یەكێتی و پارتی لەهەولێر لەبارەی هەموو ئەو كێشانە كۆبونەوەیەك بكەن و ئەگەر هەیە یەكێتی هەڵوێستی توند بەرامبەر پارتی رابگەینێت.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×