وەزارەتی كارەبا لە 24% كارەبای كوردستان دەداتە موسڵ و كەركوك

سەرتیپ جەوهەر
  2023-12-07     228

كورتەی بەدواداچوون:

لەپڕ كارەبای هەموو كوردستان كوژایەوە! كەس نازانێ هۆكارەكەی چی بووە؟! وەزارەتی كارەباش لێژنەیەكی پێكهێناوە بۆ زانینی هۆكارەكە، بەڵام پێناچێت هیچ بیانویەكی باوەڕپێكراو بخەنە روو تا خەڵك بڕوابكات هۆكارەكەی چییە. بڕوا ناكەم ئەنجامی لێكۆڵینەوەكەش بخەنەڕوو.

قەیرانێكی جددی دابینكردنی كارەبا لەهەرێمی كوردستان هەیە، كەچی دەسەڵاتدارانی هەرێم نزیكەی لە 25ی كارەبای بەرهەمهاتووی هەرێم دەفرۆشنە پارێزگاكانی موسڵ و كەركوك. مانگی رابردوو هەر رۆژێك بەمعدل 779 مێگا دراوەتە عیراق! واتە هەرێم بۆ مانگی رابردوو تەنها لە 64%ی كۆی گشتیی پێویستی خۆی بەرهەمهێناوە، بەڵام دەسەڵاتداران لەو رێژەیە لە 24%یان فرۆشتۆتە پارێزگاكانی عیراق. پێشبینی دەكرێت بۆ مانگی داهاتوو كەدەكاتە چلەی زستان بەرزترین خواستی پێویست بگاتە سەرووی 6500 میگاوات، بەڵام هەرێم دەتوانێت تەنها لە 37% ئەو پێویستیە دابین بكات! كەواتە تا بەرەو سەرمای زیارت بڕۆین بارودۆخی كارەبای هەرێم زۆر خراپتر دەبێت.

نرخی كارەبا لەهەرێمی كوردستان بەنزیكەی 4 ئەوەندەی نرخی كارەبای عیراقە بەشێوەی بەرزبونەوە (تصاعدی). لەعیراق بۆ یەك كیلۆوات 10 دینارە تا 1500 كیلۆ وات بۆ مانگێك، كەچی لەهەرێم تا 450 كیلۆ واتی یەكەم 18 دینارە بۆ مانگێك. لەشارەكانیش وەبەرهێنان كە بەهای كۆست هەژماركراون بەتایبەت لەهەولێر كارەبای ماڵان كراوەتە 175 دینار بۆ یەك/ كیلۆوات كاتژمێر، واتە نزیكەی 18 قاتی كارەبای عیراق گرانترە بەشێوەی هەڵكشان؟!

وەزارەتی كارەبای هەرێم نزیكەی یەك ملیۆن و 350 هەزار پێوەری زیرەكی داناوە بەپێی داتای خۆیان تائێستا زیاتر لە (200) مليۆن دۆلار خەرجكراوە، هاوكات رێژەی پێدانی بڕی كارەبای ماڵانی سنورداركرد، گوایە دەیانەوێ‌ چارەسەری قەیرانی كارەبا بكات، بەڵام ئێستا هەم رێژەی پێدانی كارەبای بەماڵان زۆر سنورداركراوە، هەمیش كاتژمێرەكانی كارەبا زۆر كەمبۆتەوە؟

سەرەتای ئەمساڵیش حكومەتی هەرێم (وەزارەتی كارەبا) پرۆژەی گرانكردنی كارەبای هەبوو لەسەر هاوڵاتیان بەڕێژەی لە لە 440% واتە لە 18 دینارەوە بۆ 80 دینارو سەروتر دینار، بەڵام پرۆژەكە سەركەوتوو نەبوو لەترسی كاردانەوەی شەقام. ئەو پرۆژەیان لەشارو سیتیە سەردەمیەكان (های كۆست) گرانكرد بەڕێژەی لە 700% واتە 7 قات زیاتر! گوایە داهاتیان زۆرە. لەوە خراپتر لەو شارانە هاوڵاتیان جگە لەوەی بۆ یەك كیلۆ وات 156 دینار دەدەن، هاوكات بڕی 19 دینار بۆ هەر كیلۆ واتێك. كاژمێر، دەبێت بدەنە كۆمپانیاكانی ئیدارەی ئەو شارانە دەدەن. واتە نرخی كارەبا لەسەر هاوڵاتیان دەبێتە لە دینار 175 بۆ كیلۆوات. كاتژمێر بۆ هەر یەك كیلۆ وات.

..................

(درێژەی بەدواداچوون)

كارەبای كوردستان لەقەیرانێكی ئەزەلی

 

هەرێمی كوردستان لەمانگی 11 پێویستی بە 4761 میگاوات كارەبا هەبووە، كەچی 3221 میگاوات كارەبای بەرهەمهێناوە، بەڵام زیاتر لە 24%ی ئەو رێژەیە بەپارێزگاكانی عیراق (موسڵ و كەركوك) فرۆشراوە. واتە هەرێم مانگی رابردوو نزیكەی لە 25%ی كارەبای بەرهەمهاتووی خۆی فرۆشتۆتە موسڵ و كەركوك.

لەكانونی دووەم كە مانگی سەرماو سۆڵەیە، بڕی كارەبای پێویست بۆ هەرێمی كوردستان دەگاتە نزیكەی 6500 میگاوات، واتە لەچلەی زستان هەرێم دەتوانێت لە 37.4ی كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین بكات.

ئەو شێوازەی كارەبای كوردستانی پێ‌ بەرهەم دەهێنرێت كە بەگازی سروشتیی یان سوتەمەنییە، شێوازێكی زۆر كۆنە. هەم تێچوویەكی زۆری هەیەو هەمیش ژینگە پیس دەكات. ئەو گرێبەستانەیشی لەلایەن حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكاندا كراوە زۆر لەبەرژەوەندی كۆمپانیاكاندایە. هەم حكومەت بەنرخێكی ئێجگار گران لەكۆمپانیاكان كارەبا دەكڕێت و هەمیش مەرجەكانی كۆمپانیاكان بەسەر حكومەتیان سەپاندووە زۆر گرانن و وایكردووە لەبری حكومەت سزای كۆمپانیاكان بدات، كۆمپانیا سزای حكومەتی هەرێم بدات! بێگومان بە مەبلەغی زۆر گەورە. لەكاتێكدا بەشێك لەكۆمپانیاكان خۆیان پابەند نەبوون بەشێك لەو مەرجەكانەی لەگرێبەستەكان بۆیان دانراوە. ئەمەش بۆخۆی ئیننەیەكی تێدایە، بەڵام ئەمە جێدەهێڵین بۆ حكومەت با خۆیان روونكردنەوە بدەن.

لەسەرەتای ئەمساڵ وەزیری كارەبا ویستی پرۆژەیەك بەناوی پارەدانی پێشوەختە (پریپەید) بخاتە بەرنامەی كاری وەزارەتەكەی و ویستی نرخی كارەبای ماڵان یان هاوڵاتیانی ئاسایی لە 18 دینار بۆ یەك كیلۆ وات بكاتە 80 دینارو بەهەڵكشان (تصاعدی) ئیدارەو كارەكانی پریپەیدی كارەبا-ش بدات بەكۆمپانیایەك ناوەكەی پارێزراوە.

بۆ گرانكردنی نرخی كارەبای ماڵان، پێویست بوو بڕیارو رێنمایی لەلایەن حكومەتەوە دەربچێت. گەڵاڵەی بڕیارەكەی كردو بڕیاربوو لە وەقائع بڵاوببێتەوە، بەڵام خێرا هەڵوەشێنرایەوە! چونكە ناڕەزایەتیەكی گەورەی دروستدەكرد. حكومەت و حزبە حوكمڕانەكانی رووبەرووی دۆخێكی خراپتر دەكردەوە. بەتایبەت لەم دۆخەدا كە موچە زەحمەت بووەو باری خەڵك زۆر گرانكراوە.

سەبارەت بە پارەدانی پێشوەختە (پریپەید) وەزیرو بەشێك لەكاربەدەستانی وەزارەتی كارەباو حكومەت لەگەڵ كۆمپانیای (...) رێككەوتبوون ئیدارەدان و كۆكردنەوەی پارەی پێشوەختە لەلایەن كۆمپانیای ناوبراوەوە بكرێت، ئەمە لەكاتێكدا وەزارەت بۆخۆی 22 هەزار فەرمانبەرو كارمەندی هەیە! ئەو رێككەوتنە دەبوو بكرێتە گرێبەست و ئیمزای كۆتایی لەسەر بكرێت. رۆژی ئیمزاكردنیش دیاریكرا بەڵام پرۆژەكە بەتەواوی راگیراو گرێبەستەكە ئیمزا نەكرا.

پرۆژەی پێوەری زیرەك و زیاتركردنی نرخی كارەباو جێبەجێكردنی وەرگرتنی پارەی پێشوەختە (پریپەید) گوایە بۆ زیاتركردنی داهاتی حكومەت و رێگریكردنە لەبەفیڕۆچوونی كارەبا لەسەر گیرفانی هاوڵاتیی! كەچی وانەبوو، بەپێچەوانەوە قەیرانی كارەبا زیاتر بوبێت كەمتر نەبووە.

.....

حكومەت لەزیادكردنی نرخی كارەبای ماڵان پەشیمان بویەوە، بەڵام وەزارەتی كارەبا بەشێوەیەكی دیكە، هەردوو پرۆژە راگیراوەكەی لەسەر شارو گوندە شارستانیەكانی گوایە داهاتیان بەرزە (های كۆستن) جێبەجێكرد. واتە بەبڕیارێكی تایبەت، نرخی كارەبای لەو شارانەی لەلایەن كۆمپانیاكانەوە دروستكراون لە 18 دینار بۆ یەك كیلۆوات كردە 156 دینار! لەسەرو ئەو پارەیەش، دەبێ‌ هاوڵاتیان بڕی 12.5% ئەو نرخەی حكومەت دیاریی كردووە، واتا بۆ هەر كیلۆ واتێك 19 دینار بدەن بەكۆمپانیاكانی ئیدارەی شارەكان دەدەن! سەرئەنجام نرخی یەك كیلۆ واتی كارەبا لەسەر هاوڵاتیانی ئەو شارانە 175 دینار دەوەستێت! كە دەكاتە 7 قاتی جاران كە 18تەنها دینار بوو بۆ هەر كیلۆواتێك.

حكومەت ئەو بڕیارەی بەفەرمانێك لە 1/6/2023 خستە بواری جێبەجێكردن، كەچی لەشارێكی وەك فیوچەر سیتی پێشتر بەبێ‌ هیچ بڕیارو رێنماییەك لە 29/4/2023 نرخەكەی زیادكرد! كە ئەمەش تەواو پێچەوانەی قانون و یاسایە.

لەوە واوەتر وەزارەتی كارەبا و حكومەت، بەناوی پرۆژەی پێشوەخت كۆكردنەوەی پارە، گرێبەستێكیان لەگەڵ كۆمپانیایەك بەناوی (سۆفت ماكس) ئیمزاكرد گوایە ئیدارەی كۆكردنەوەی پارەكەو ئیشوكارەكانی (پریپەید) دەكات، بڕی لە 3.8%ی داهاتی كارەبای ئەو شارانەیان دا بەو كۆمپانیایە.

بەپێی زانیاریی، ئەو گرێبەستەی لەگەڵ كۆمپانیای سۆفت ماكس كراوە، لەدەرەوەی قانون كراوە. بەبێ‌ پرۆسەی تەندەركردن و بەبێ‌ كێبكڕكێ‌، رەنگە بۆ پرسیاری گرێبەستەكە وەزیرو كاربەدەستانی پەیوەندیداری وەزارەت بتوانن وڵام بدەنەوە چۆن گرێبەستەكەیان كردووە! لەوە واوەتر خاوەنی كۆمپانیای سۆفت ماكس بەناوی (س ص) بەگرێبەست راوێژكارە لە وەزارەت! ئەمەشیان دیسان پێچەوانەی قانون و یاسایە، چونكە ناكرێت كەسێك خۆی راوێژكاری وەزارەت بێت و هاوكات گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتەكە هەبێت! بگرە گومانیش دروستدەكات.

سەبارەت بەپرۆژەی پریپەیدی كارەبای شارەكان، وەزارەتی كارەبا و بەشێك لەكاربەدەستانی حكومەت ئیدیعای ئەوەیان كرد كە لەڕێی ئەم پرۆژەیە دەتوانن رێگری لەبەفیڕۆچوونی كارەبا بكەن، هاوكات دەتوانن بەم پرۆژەیە بڕێك كارەبا بگێڕنەوەو سەعاتی كارەبا بۆ هاوڵاتیان زیاتر بكەن، كەچی پێچەوانەكەی راست بوو. ماوەیەكە بارودۆخی كارەبای كوردستان لەجاران زۆر خراپتر بووە و وەزارەت و حكومەتیش سەرلێشێواون و نازانن چی دەكەن! بەڵكو سەرەتای دەستبەكاربوونی ئەم كابینەیە، بانگەشەی ئەوە دەكرا كە بڕی پێدانی كارەبای نیشتیمانیی نزیك دەكەنەوە لە 24 سەعات! وەزیری كارەبا چەندین لێدوانی جیاوازیی داوە گوایە كارەبا لەجاران زۆرباشتر دەكەن! بەڵام بەپێچەوانەوە دەرچوو، هێشتا زستانی ئەمساڵ دەستی پێنەكردووە، كارەبای نیشتیمانیی بەجۆرێك كەمبۆتەوە بووە بەقەیرانێكی جددی.

بەپێی زانیاریی لە هەولێر 21 شار كە دەكاتە زیاتر لە 27 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون و لەسلێمانی 3 هەزار یەكەیەكی نیشتەجێبوون و لەدهۆكیش ژمارەیەك یەكەی نیشتەجێبوونی لەلایەن وەزارەتی كارەباوە كراوە بە سیستمی پارەدانی پێشوەخت واتە سیستمی پریپەید. تەنها لەهەولێر بەپێی داتای رۆژی 2/12/2023 ئەو شارانە بەنزیكەی 65 میگاوات كارەبای 24 سەعاتی دەبەن كە دەكاتە نزیكەی لە (8.3%) كارەبای هەولێر.

لەهەرێمی كوردستان كارەبا لەهەموو ناوچەكانی دیكەی عیراق گرانترە. بەپێی بەدواداچوون دەردەكەوێت كە ئەو نرخەی بۆ ماڵان دیاریكراوە كە 18 دینارە بۆ هەر یەك كیلۆ وات، بەرێژەیەكی هەڵكشان دەگاتە نزیكەی 4 قاتی نرخی كارەبای ماڵان لەپارێزگانی دیكەی عیراق. چونكە لەهەرێم نرخی كارەبا 18 دینارە تا خەرجكردنی 450 كیلۆ واتی یەكەم، بەڵام لەشارەكانی دیكەی عیراق لەسفر تا 1500 واتی یەكەم نرخی كارەبا تەنها 10 دینارە بۆ هەر كیلۆ واتێك!

لەهەرێم 450 واتی دووەم دەبێتە 24 دینارو لە 600 واتی سێیەم دەبێتە 42 دینار، بەڵام لەعیراق لە 1500 واتی دووەم تا دەگاتە 300 هەزار كیلۆ وات بەتەنها 35 دینارە..تد.

بەپێی داتای رۆژی 2/12/2023 بڕی كارەبای بەرهەمهاتووی كوردستان بریتی بووە لە 3221 میگاوات كارەبا. ئەو بڕە بەرهەمهاتووە بەمشێوەیە دابەشببوو:

- 789 میگاوات بۆ كەركوك و موسڵ – لەهەرێمەوە پێیان فرۆشراوە

- 236 مێگاوات كارگەكان

- 2196 بۆ هاوڵاتیانی هەموو كوردستان.

دابەشبوونی بەسەر پارێزگاو ناوچەكان بەمشێوەیە:

- 779 مێگاوات هەولێر

- 864 مێگاوات سلێمانیی

- 114 مێگاوات گەرمیان

- 439 میگاوات دهۆك

لەپرسی دابەشكردنی كارەبا لەنێوان شارو شارۆچكەكانی هەرێم، جیاوازییەكی زۆر هەیە، چونكە بەپێی ژمارەی دانیشتوان و ژمارەی هاوبەشانی كارەبا لەشارەكان، نا دادپەروەریكی گەورە هەیە لەپێدانی كارەبا. بەپێی داتای كۆكراوەی مانگی 11ی 2023 بڕی كارەبای كوردستان بەمشێوەیە دراوە بەشارەكان:

- هەولێر: 40.07%

- دهۆك: 23.08%

- سلێمانی: 31%

- گەرمیان: 4.6%

ئەو كارەبایەی لەهەرێمی كوردستان بەرهەمدێت، جگە لەرێژەیەكی كەم بەئاو و گازوایل و نەوتی رەش بەرهەمدێت، ئەویدیكە هەمووی وزەی گاز بەرهەمدەهێنرێت بەمشێوەیە:

- 36 میگا دوكان

- 65 میگا دەربەنەدیخان

- رێژەیەكی زۆر كەم بەنەوتی رەش

- ئەویدیكە بەگاز.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×