پەتی درۆ درێژ بۆتەوە و نەپچڕاوە و بازاڕی گەرمە ؟!

محەمەد خۆشناو
  2023-07-15     281

کاتێک وەزیری پڕوپاگەندەی نازی ئەڵمانیا « گۆبڵز » دەڵێت : درۆبکە درۆبکە تا خەڵک پێت بڕوا دەکەن ، ئێستا ئەم دروشمە لە هەموو شوێنێک و لەهەموو وڵاتان بە شمولی و دیکتاتۆریەت و دیموکراسیەت هەیە و کارپێدەکرێت بە کوردستانی خۆشمانەوە ، ئەمە ئێستا کار دەکات لەمیانی مەنزومەی ڕاگەیاندن و ئامێرە پێشکەوتووەکان بەهەمان توانای گۆبڵز و هیتلەر .

درۆ لقیکی سەرەکی فریوودانە و ، پاشان لقی تری وەک ، دووڕوویی ، دووفاقی بەها و نەریت ، ڕواڵەتی ساختە و درۆ ، ئایدۆلۆژیای فاشیل و پۆپۆلیستیی… هتد لێدەبیتەوە ، ئێمە ئەوڕۆ لەنێو لافاوێکی گەورەی درۆ و فریودان داین کە لەڕێگەی ڕاگەیاندن بە هەموو جۆر و ئامرازەکانیەوە  بڵاو و پەخش دەکرێت ، بەفریوودان سەریان لە خەڵک شێواندووە و دوور خراینەوە لە واقع و ، داوای کۆمەڵێک لە بیر و ڕەفتار و بەها دەکرێن کە پێچەوانەی ڕاستیە ، هەر تەنها مرۆڤ درۆ و فریوودانی نیە ! لەناو خشۆکەکانیش هەیە حەربا « کە لە هەرێمی کوردستان مرۆڤی لەوجۆرەمان زۆرە » ڕەنگی خۆی وەکو ڕەنگی زەوی لێدەکات و ، هەندێکی دیکە هەن خۆی لە پشت ڕەنگ و دەمامکی ناڕاست دەشارێتەوە بۆ دەستەبەرکردنی نێچیرەکەی یان هەڵاتن لە دوژمن ، ئەوەش دەزانین کە ڕێوی فیڵی « مکر» هەیە بەڵام فێڵ سەرچاوەی زیرەکیە ، بەڵام ئایا شێر دەرۆ دەکات ، یان پێویستیەکی زەرووریە کە مومارەسەی درۆ بکات لە گۆڕەپانێک کە خۆی سەروەر و گەورەکەیە ؟ 

پێشتر دەمانگووت : پەتی درۆ کورتە و دەپچڕێت ، بەڵام لەو سەردەمەی ئیستادا پەتی درۆ درێژ بۆتەوە و بازاڕێکی گەرمی هەیە و ، هەندێک خەڵک هەن ساڵەهایە درۆ دەکەن و پشتی پێدەبەستن و لە لایەن هەندێک لە بەرپرسانی گەورە جێگەی باوەڕ و متمانەن چونکە بەشانوباڵیان هەڵدەڵێن و هەڵەکانیان لەبەردمیان لادەبەن و خراپەکانیان بە درۆ و دووڕوویی دەڕازێننەوە  بەهەمان ئاوازی ئەوان دەژەنن ، بۆیە ئێستا درۆ دەستەڵاتی هەیە و دەتوانێت هەزاران ڕاستی نەک هەرتەنها بشێوێنێت بەڵکو لەبنەچەدا هەڵتەکێنێت ،  جگە لەمە درۆ فەزایەکی گەورە و بەرفراوانی لە سۆشیالمیدیا داگیرکردووە و بۆتە شوێنی پێشانگای کەلەپەلی شەیتانی ، کە زیاتر بە درۆی فۆتۆشۆپ ناسراون یان تەڵەی فۆتۆشۆپ کە بەجوانی بەرگدەکرێت و بەچەند فلتەرێکدا تێدەپەڕێنرێت و ڕاستیەک دروست دەبێت وەک ڕاستی ڕاستەقینە ، جا هەیە فۆتۆشۆپێکی جوان و کاریگەر دروستدەکات  و هەشیانە خەراپ و ئاستنزم بە ڕێگەیەکی بیدائی دروستکراوە ، بەڵام لەزۆبەی حالەتەکاندا خەڵک بەدواوەیانە ، چونکە عەقلیەتی ئێمە لەسەر فۆتۆشۆپ بەرنامەڕێژ کراوە و ، تووڕهەڵدراوە لە بیکردنەوەی رەخنەیی و دووچاری تەمبەڵی موزمین بووە !!

جگە لە مرۆڤ و ئاژەڵ ، زیرەکی دەستکرد-یش  کاری درۆ و فریوودان دەکات  ، ئێستا یەک لەشێوازەکانی فریوودانی زیرەکی دەستکرد پێی دەوترێت ساختەکاری قووڵ « التزویر العمیق » وەک بەرهەمی کۆمپیوتەری زیرەک ، بۆ نموونە : لە ڤیدۆیەکدا کەسێک بە هەندێک ووشە قسە دەکات کە لەڕاستیدا هەرگیز قسەکانی ئەو نیە ، یان تەلەفۆنێکمان بۆ دێت گوێمان لە کوڕەکەمان یان کچەکەمان یان برامان دەبێت و هاوارمان بۆ دێنێت و ، داوامان لێدەکات بەخێرایی مەبلەغی داواکراوی پارە بۆ حسابێک بنێرین ، پاشان بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو دەنگەی کە باش دەیناسین ، تەنها دەنگی ئامیری زیرەکە ، ئێمە پێویستە خۆمان لەو لافاوی درۆ و فریوودانی بەردەوام کە تێیدا دەژین پاک ڕابگرین ، کە ئەمەش پشوودریژی و قووڵیی دەوێت و. بیرکردنەوەی رەخنەیی دەوێت کە یارەمەتی مرۆڤ دەدات بۆ گەشەکردن و بەرەوپێشچوونی هۆشیاری و گەرانەوە و زیندووکردنەوەی باها و نەریتە ئەخلاقیەکان و پەخشکردنی لە دەروونەکاندا  ،  لە کۆتاییدا لێرەوە وەزیفەی ڕاگەیاندن دەزانین ، کە تاچەند کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا بەدیار دەکەوێت ، دەشێت ڕاگەیاندن داوای ڕاستی و خێر بکات ، هەروەها دەشێت داوای درۆ و فیتنە و کاولکاری و دووبەرەکی بکات ، ڕاگەیاندن بەهەموو جۆرەکانی و ئامرازەکانی بریتیە لە پێکهێنەری ویژدانی گەلان و ،  ئێستاش دوای گۆڕانە نوێیەکانی شوڕشی تەکنۆلۆژایش دتوانێت بەهەمان ڕێگە کاریگەری و گۆڕانکاری  دروستبکات .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×