ئەو دونیایە بەرەو کوێ دەڕوات؟!

محەمەد خۆشناو
  2023-09-24     162

کە سەیری کۆمەڵگەی ئێمە دەکەیت ، دەبینین زۆربەی کەس ڕازی نیە و ، هەموو گلەیی و پرتە و بۆڵیەتی و تووڕەیە ، کە دەچیتە بازاڕی سەوزە فرۆشان ، کڕیار وا بەغەزەب  سەیری فرۆشیار دەکات کە شەڕی لێدەبارێت ، وادەزانن فرۆشیار دزن ، جاریکیان لەنەخۆشخانەیەک بینیم خزمەکانی نەخۆش خەریک بوو پزیشکەکە بکوژن ، وایان دەهاتەبەرچاو  کە پزیشکەکە شەیتانە و ئەوانی تریش یاریدەدەری شەیتانن ، ئەو ناڕازیبوون و تووڕەیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە دەسەڵات و هاوڕێ و خێزان جۆرەهان ، هەندێکیان خەتی سوور بەسەر هەموو شتێکدا دەینێت ، هەندێکی تر خۆشی نازانێت بۆ ناڕازیە  ، هەندێکیان ئەحکامیان لەسەر کاروبارەکان هەیە و ، بەدیدێکی ڕەخنەیی بۆ چاککردنە و ، زۆربەش بۆ دۆخی خەراپی بژیوی و ، هەندێکی تر کەفوکوڵ و هەڵپەی خێرا دەوڵەمەندبوون  ، دۆخێک لە گومان و نیگەرانی و ، ڕەتکردنەوەی بڕوابوون بەوەی کە ڕووناکیەک لەسەرەتای ڕیگاکە هەیە  سەرانسەری کوردستانی داپۆشیووە ، بەهەموو تەمەنی ژیانم ئەو دۆخە خەمۆکیەی ئێستام لە تاکەکەس و کۆمەڵگا نەبینیووە ، هەست بە زەردەخەنە و پێکەنین و خۆشی لە ڕووخسارەکاندا ناکەیت  و ، تۆپەڵەیەکی گەورە لە خەم و تووڕەیی و وونبونی بەختەوەری و پەنابردنی بۆ مادەی هۆشبەر  دەبینیت و ، جارێ باسی نووکتە و ئاهەنگ و باوشبەیەکتریکردن مەکە کە خەریکە بزر دەبن ، ژیان بۆتە ڕەنگێکی خۆڵەمێشی ، دەبێت هۆکارەکەی  پێشکەوتنی تیژڕەوی تەکنۆلۆژیا و نەخۆشی فیسبووک و تیکتۆک و ئینسترگرام بێت ، کە ماڵی کردۆتە چەند خانەیەک و هەریەکە لە ئەندامانی  خێزان گۆشیەکی گرتووە و هەتا لەسەر نانخواردنیش خەریکی مۆبایلە ، ئەمە وا لە مرۆڤ دەکات بەرەو زاتیەت بڕوات و بۆشایی سۆز و ویژدان نەمێنێت ، بەداخەوە ئێمە هەر خەریکی سیاسەت و ئابوورین بۆ دەربازبوون لە قەیران و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان ، ئاگامان لە سایکۆلۆژیەت و دەروونی کۆمەڵگا نەماوە کە چی بەسەرە هاتووە ؟! ئەو دەروونە پێویستی بەنۆژەنکردنەوەیە بۆ ئەو زیانە دەروونیە گەورانەی کە بەهۆی قەیرانی سیاسی و ئابووری  پێیکەوتووە و ، سەیربکەن بزانە هێڵی بەیانەکەی چەند بەرزبۆتەوە.

ڕۆژانە گوێمان لە چیرۆکی گۆڕانی ڕەوشت و مەبدەئی کەسان دەبێت کە دۆستایەتی و هاوڕێتیەکی بەهێز لەنێوانیاندا بووە ، بەڵام لەگەڵ یەکەمین تەحەدیدا دادەڕمێت ، یان ئەو ژن و مێردانەی کە بەعیشق و خۆشەویستی دەستیان پێکرد و چەند ساڵێک بەردەوام بوو ، پاشان لێیانبۆتە ڕقلێبوونەوە و چوونە مەحکەمە و ململانێ ، تۆ تا دوێنێ سەرت سووڕمابوو بە توانا و بیر و هزرە باشەکەی کەسێک ، ئەوڕۆ لێت هەڵدەگەڕیتەوە و ئەو هەستە ڕێزلێگیراوەی دەگۆڕێت بۆ هەستی دوژمنکارانە ، ئایا ئەم ڕەفتارە سروستیە لە مرۆڤدا ؟! یان کێماسیە لە زانینی سیفاتی هاوڕیتی و خۆشەویستی لەکاتی حەز و پێویستیدا !!

نابێت دوژمنایەتی ڕەها و حەتمی و هەمیشەیی بێت ، بەڵکو پێویستە لەسەرمان ، هەمیشە وایلێبکەین ببێتە  ڕێگایەک بۆ گەڕانەوە و پاشەکشە ، ئەگەر دەرگا پێوەدرا پەنجەریەک بکەوە ، نازام ئەو  ترس و دۆشدامانەی خەڵک لە ئایندە بۆچی دەگەڕیتەوە ؟ بۆ ئەو هەڕەشانەی کە لەسەر هەلی کارن ، هەروەک ماوەیەکی تر ڕۆبۆت هەموو وەزیفەکانی مرۆڤ هەلدەڵوشێت ، یان دەگەڕیتەوە بۆ سروشتی گۆڕانە خێرا و چەندایەتیەکان کە ئەوڕۆ هەستی پێدەکەین ،  بەدریژایی مێژوو  و هەمیشە جیهان دەگۆڕێت ، لەهەموو کەڕەتێکیشدا خەڵک بێزار دەبن و هەست بە غوربەت دەکەن و ، دەپرسن «ئەو جیهانە بەرەو کوێ دەڕوات ؟» ئایا کزبوونی خۆشەویستی و پێکەنین و بەرەسەندنی تووڕەیی دەبێت بگەڕیتەوە بۆ ئەو گۆڕانانەی کە لەژیانی مرۆڤدا ڕوویداوە ، گۆڕانکاریەک ئەوەی کە بەهەزار ساڵ ڕوویدەدا ، ئێستا بەسەد ساڵ ڕوودەدا ، پاشان بە دەساڵ ئینجا بە یەک ساڵ.. هتد .

لەڕاستیدا خەڵک تووڕەن و ، کە ئەمە لەکۆمەڵگایەکی قەیراناوتدا زۆر ئاساییە ، بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەمەیە،  کە  غەزەبی خەڵک بە چارەسەرکردنی هێورکردنەوەی تووڕەییان کۆتایی نایەت ، هەروەک نابێتە هۆکاری تەقینەوەش ، بەڵکە بە پێکەنینێکی خۆبەدەستەوەدانی نائومێدی کۆتایی دێت .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×