هاتنی ڕۆژی قیامەت !!

محەمەد خۆشناو
  2023-08-05     259

لەشانۆگەریە تراژیدیاکەی نووسەری بلیمەتی ئەڵمانیا « گوتە » کە ناوی «فاوست»ە کە پزیشکێکی سەرکەوتوو بووە ، بەڵام ڕازی نەبووە لە ژیانی خۆی و ، شەیتان ڕێکەوتنێکی لەگەڵ دەبەستێت بەم جۆرە : روحی خۆی فرۆشتە شەیتان بەرانبەر مەعریفەی بێکۆتایی و چێژی دونیایی بێسنوور ، کار گەیشتە ئەوەی کە فاوست داوای جوانی جوانانی دونیا « هیلانە»ی تروادەی یۆنان بکات و داوای نەمری بە ماچێک لێبکات!
دوای 24 ساڵ ڕۆژی دوایی واتە قیامەت هات ، کە شەیتان روحی فاوستی لێسەندەوە و ، فاوست هاوار دەکات و دەگریێ : لەعنەت لەدایک و باوکم کە منیان هێنا دونیا ، لەعنەت لە شەیتان کە هەلیخەڵەتاندم ، ئەی دەروون  بڕۆ ببە هەڵم و لە قوڵایی ئۆقیانووسدا دابەشبە ، ئەی چیاکان بمشارنەوە ، ئەی زەوی هەڵملووشە و من مەلعونم شوێنێک نابینمەوە بۆ جەستەم لەناو تۆدا…. فاوست باسی ئازاری ڕۆژی قیامەت دەکات کە وەسف ناکرێت ، هەروەها شاعیری بلیمەتی ئیتاڵیا «دانتی» بەم شێوەیە باسی دەرگای ڕۆژی قیامەت و دوزەخ دەکات : بڕۆنە ناو شاری خەم و خەفەت ، بڕۆنە ناو خاکی ئازار ، ئەی ئەوانەی دەچنەژوورێ هیچ هیوایەک و تکا کردنێکتان نابێت…
لەساڵی 1947 کۆمەڵێک زانا و پسپۆری تەکنۆلۆژیای ئەتۆمی هەڵسان بە دروستکردنی ئەنجومەنێکی زانست و ئاسایش بۆ دانانی پێوەرێکی زەمەنی بۆ پێشبینیکردنی لەناوچوونی ئەستیرەی زەوی کە بەهۆی جەنگی ئەتۆمی ڕوودەدات و ناویان لەو ڕۆژەی نا « ڕۆژی قیامەت » و کاتەکەشیان کاتژمێر 12 شەو دانا ، ئەم بیرۆکەیان دوای ئەوەبوو کە لە جەنگی دووەمی جیهان وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا دوو بۆمبی ئەتۆمی لە هەردوو شاری هیرۆشیما و ناکازاکی ژاپۆن-دا ، ئەوکاتی بەو بۆمبە ئەتۆمیانەیان دەگووت بۆمبی « کۆرپەلە» ، بەڵام ئەو بۆمبە ئەتۆمیانەی ئێستا هێزی تێکشکانی دەیان بەرابەر زیاترە لە کۆرپە و ، ئێستاش هەڕەشەی ئەتۆمی پەیوەست بە جەنگی ئۆکراینا هەیە و ، زانایان پێیان وایە کە کاتژمێری مەحوبوونی زەوی تەنها «90» چرکەی دەوێت .
کە سەیری ئایینەکان دەکەیت کە باسی ڕۆژی قیامەت دەکەن و وێنەکەی دهێننە بەرچاوت ، ئەمە چ ڕۆژێکە !! کە مرۆ لە دایک و باوک و خوشک و برا هەڵدێت !!!
ماوەیەکە جیهان بە نۆرەیەکی گەورەی ڕەشبینی گەورە سەبارەت بە ئایندەی مرۆڤایەتی و هاتنی ڕۆژی قیامەت تێدەپەڕێنێت ، بۆئەم مەبەستە لە دەیان بڵاوکراوی جیهانیی ووتار لەسەر نزیکبوونەوەی ئیبادەی بەکۆمەڵی بوونەوەرەکان و مۆڤ بڵاوکراوەتەوە ، جا نازانریت ئەمە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای گۆی زەوی و زیادبوونی گرکان و لافاو و هاتنی ووشکایەتی و تێکچوونی پاسەنگی سرووشت دەبێت یان جەنگی ئەتۆمی !
ئێستا لەزۆرێک لە وڵاتانی جیهان فیلمی «ئۆبنهایمەر» زانای ئەمەریکی جوولەکە بە بنەچە ئاڵمانی نمایش دەکرێت کە بە باوکی بۆمبی ئەتۆمی دادەنرێت کە لە « پڕۆژەی مانهاتن » یەکەم بۆمبی ئەتۆمی دروستکرد و ، کاتێک یەکەم جار لە بیابانی «نیومەکسیکۆ» ی ئەمەریکی سەیری یەکەم تەقینەوەی ئەتۆمی کرد ، گووتی :(ئەوە من بوومە مردن ، من بوومە تێکدانی جیهان) ئەم گوزارشتە بەناوبەنگە بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر پەشیمانبوونەوەی ئەو زانا بەناوبانگە ، لەڕاستیدا ئەو بۆمبانە بۆ ئەوە دروستکرابوون کە لە ئەڵمانیای نازی بدەن بۆ ئەوەی «هیتلەر» ناچاربکەن خۆی بەدەستەوە بدات ، بەڵام ئەڵمانیا لە مانگی پێنجی 1945 خۆی بەدەستەوەدا و ژاپۆن تەسلیم نەبوو و لەو درا و ، دوای چەند ڕۆژێک لەو تاقیکردنەوەیە سکرتێرەکەی ئۆبنهایمەر دەڵێت گوێم لێبوو دەیگووت « ئەو بەستەزمانانە….ئەو بەستەزمانانە » کە مەبەستی ئەو مەدەنیانەی کە لەچرکەساتێکدا هازارانیان مردن .
دیارە بەدیارکەوتنی فیلمی « ئۆبنهایمەر » لەو تەوقیتەدا لەخۆڕا و شتێکی ڕێکەوت نیە ، بەڵکە بیرهێنانەوەی مرۆڤایەتیە لە ترسناکی ئیبادەی بە کۆمەڵ و هاتنی ڕۆژی قیامەت ، خوا بمانپارێزێت .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×