زهنیەت و ئیدارەدانی قەیران لەهەرێمی کوردستان!

محەمەد خۆشناو
  2023-08-12     174

نکۆڵی لەوەناکرێت کە سیاسەت داینەمۆی ئابووری کۆمەڵگاکانە ، کەواتە سیاسەت هەموو شتێکە ، بەڵام ئێمەی کورد لەنێو نەخوێندەواری «الامیە » سیاسەتدا دەژین و  زۆربەمان ڕووداوە سیاسیە تاڵەکان کە بەروەڕوومان دێن ناخوێنینەوە و قەیرانەکان چاوەڕێ دەکەین یەکێک بۆمان چارەسەر بکات و وەکو گۆدۆ هەر لەچاوەڕوانیداین ؟! ، وەرە بزانە هەروا بەرەو لێژی دەڕۆین کەچی تەقەی سەرمان دێت !! ئومیەی سیاسی ئەوە کە نشووست بە سەرکەوتن بزانیت ، ئومیەی سیاسی هاودژی هۆشیاری سیاسیە و ، هەرووکیان دەمانگەینێتە هەقیقەتی بۆچوونی کورد بۆ قەیرانەکان لەناو نیشتیمانەکەیدا .

ئێستا هەرێمی کوردستان دووچاری قەیرانی ئابووری لە کەمی داهات و چەقبەستوویی بازاڕ ، قەیرانی بێمتمانەیی هاوڵاتیان بە حزبەکان و دەسەڵات ، قەیرانی ترسناکی لێکترازان و پەرتەوازەیی نێو ماڵی کورد و ، هەندێک کەموکوڕی دیکەی خزمەتگوزاری بۆتەوە  ، ئەمانە وایکردووە کە نەتوانین ئیدارەیەکی باشی ئەو قەیرانانە بکەین و بەو لاوازیە بچینە بەردەم عیراق-ێک کە هەرگیز بەهێز نابیتەوە .

هەڵەیەکی زۆر گەورەیە کە ئەم لاوازیەی خۆمان ببەستینەوە بە تیۆری پیلانگێڕی«نڤریە المۆامرە » کە هەندێک پشتیپێدەبەستن کە گوایە ئەمەیە هۆکاری وونبونی ئامانجەکان و سەرنەکەوتن لە هێنانەدی پڕۆژەکان  ، لاوازی ئێمە ، خۆمانین .

کاتێک قەیرانێک لە قەیرانەکان بەروەڕووی وڵاتان دەبێت جا ئەو وڵاتە هەرچەند دەوڵەمەند بێت یان پێشکەوتوو ، ئەوە شێوازی بەدەنگەوەچوونی حکومەت بۆ قەیرانەکە و چۆنیەتی سەرکەوتنی لە ئیدارەدان و بەخۆوەگرتنی« الاحتوا‌و» قەیرانەکە لەناو مێشکی هاوڵاتی بەجێدەمێنێت و ، پاشان پێوەری توانای ئەو حکومەتە بەدیار دەکەوێت ، ئەنجا دەبێتە تووخمێک لە تووخمەکانی بونیاتنانی متمانەی گشتی و بەهێزکردنی .

بۆنموونە : کە کۆڤید 19 لەهەموو ناوچەکانی جیهانیدا ، زەرەری قوڵی بە کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکان گەیاند ، بەڵام هەندێک حکومەت بەسەرکەوتوویی لێیدەرچوون و ، هەندێکی دیکە نرخی فەشەلەکەی خۆیاندا ، ئەمە هەر تەنها لەبەر پەتایەکە نەبوو ، بەلکە پەیوەست بوو بە شێوازی مامڵەکردن لەگەڵیدا .

دوای ڕیفراندۆم هەرێمی کوردستان دووچاری گۆشەگیریەکی خنکێنەر بووەوە و زەمەن لە بەرژەوەندیمان نەبوو ، بەڵام سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە ئەوکات سەرۆکی حکومەت بوو ، توانی حەرەکەی زەمەن پێچەوانە بکاتەوە و ، بەهاوکاری هەموو لایەک ئیدارەی قەیرانەکەی کرد و ئابلوقەکەی تێکشکاند و هەرێمی کوردستان لە گۆشەگیری دەرهێنرا….جەنگ ، قەیران ، شکست ، یاخیبوون ، کارەساتی سروشتی ، تیرۆر ، گەندەڵی حکومی ، قەرز ، پشێوی کۆمەڵایەتی لە ئەمەریکا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا ، لە سۆماڵ و تشاد و عیراق ڕوودەدەن ، بەڵام پێوەر هەمیشە پەیوەست دەبێت بە توانایی سەرکردە لە تێگەیشتنی قەیرانەکە و ، جوولەی خێرا و کاریگەری بۆ ئیحتیواکردن و ئیدارەدانی بەشێوازێکی زانستی و پیشەگەرانە ، ئەمە دەبێتە پێوەری توانای ئەو حوکمە کە دەسەڵاتدار پەیڕەوی دەکات کە تاچەند دەتوانێت بەروەڕووی ئەو قەیرانانە ببێتەوە و ، تاچەند ئەهلی متمانەی خەڵکە لەناوخۆدا ، هۆکاری نوشووستی هەندێک وڵاتان لە ئیدارەدانی مەنزومەی پەیوەندی «الاتصال» حکومی کە یەکێکە لە ئەنجامەکانی ئەو قەیرانە دەگەڕێتەوە بۆ پاشەکشە لە « متمانەی گشتی » چونکە حکومەت و دەزگا گشتیەکان هەڵناستن بە ڕۆلی پەیوەندیکردن بەشێوەیەکی گوونجاو و ، ئەوانەی کە پەیوەندیش دەکەن پلەیەکی شیاویان لە توانایی و پیشەگەریی لە هەڵگرتنی وەفادارانە بۆ ئەو بارگراناییە گرنگ و هەستیارە نیە .

ئەگەر هەرکەسێک چاودێری دۆخی ئابووری و سیاسی هەرێمی کوردستان بکات ، بەئاسانی دەتوانیت دەستنیشانی ئەوە بکات ، کە لەکن ئێمە زهنیەتی قەیران بوونی نیە ، زهینیەتی قەیران بریتیە لە دانانی پەڕاوێزێکی مەعقول بۆ ئەو ناخۆشیە لەناکاوانەی کە دێن و ، خۆبەدوورگرتن لە دانانی حساباتێک لەسەر بنچینەی باشترین سیناریۆ و زۆرترن گوڵین«وردی» ، ئەمە وەکو فەرماندەیەکی سەربازیە لە شەڕدا ، یەکەمین شت ئەوەی لە حساباتی خۆی دایدەنیت کارکردنە بۆ«دوورخستنەوەی شکست» و  پاشان بیردەکاتەوە کە چۆن سەرکەوتن بەدەست بهێنێت ، لە ئابووریش هەمان شتە .

ئێمە پێویستە زهنیەتی قەیرانمان هەبێت ، واتە خۆمان ئامادەبکەین بۆ ئەگەری زۆر خەراپ !

هەرێمی کوردستان پێویستی بە حکومەتێکی کاریگەر هەیە کە زهنیەتی قەیرانی هەبێت و ، پلەیەکی باڵای لە بەدەنگەوەچوون لەگەڵ قەیرانەکان و پرسیارە گشتیە گرنگەکان هەیە ، کە لەمیانیدا تەجاوزی کارەساتی بێدەنگی و دواخستن بکات ، بەتەئکید ئامادەنەبوون و غیابی ئەو ڕەگەزانەی باسکران یان لاوازکردنی ترسێکی گەورە دێنێتە ڕێمان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×