بەرەو دۆزەخ

کامەران عەبدوڵا
  2023-09-02     523

لەدوای (٢٠٠٣) هەرێمی کوردستان بەرەو ئاڕاستەیەکی هەڵە هەنگاوی نا،نەسەربەخۆییمان ویست ، نەبەفیدڕاڵی ڕازی بوین..بەڵام بەهۆی لاوازی حکومەتی ناوەندیەوە تائەمڕۆ هێناومانەو بۆمان چۆتەسەر ، پێ ناچێ لەمەودوا بتوانین بەم شێوەیە بەردەوام بین،  زۆر دەمێکیشە وتوومانە  کە لەبەختی ئێمە بووە حکومەتی ناوەند لاواز و پڕکێشەیە ، خۆئەگەر حکومەتێکی بەهێز دروست ببێ لەبەغدا نینۆکمان بۆ ئەکەن و حساباتی ورد و قورس لەگەڵمان ئەکەن.. چونکە ئەگەر بڕیاربێت  ئێمەهەرێمێکی فیدڕاڵی بین :
١- ناکرێ هێزی چەکداری تایبەت بەخۆمان هەبێت، لەژێر هەر ناوێکدا بێت، دەستوری (٢٠٠٥) کە کورد بەهەر دە پەنجەکەی ئیمزای کردووە تەئکید لەسەر ئەمە ئەکاتەوە... لەهەموو دونیاش هەربەم جۆرەیە هەرێمی فیدڕاڵ ئەم مافەی نیە هێزی تایبەت بەخۆی هەبێت، ئەمەش بۆڕێگری کردنە لە مەترسی پێکدادان، چونکە لەدەوڵەتی فیدڕاڵیدا هەرێمەکان ئەگەر خاوەن هێزی تایبەت بەخۆیان بن هەمیشە مەترسی بەریەک کەوتی ئەم هێزانە هەیە ، وەک چۆن لە (١٦/ئۆکتۆبەری / ساڵی ٢٠١٧) ڕویدا.. بۆیە مەسەلەی بونی هێزی چەکداری تەنها حکومەتی ناوەندی خاوەندارێتی ئەکا نەک هەرێمەکان.. لەکابینەی حکومەتی هەرێمەکاندا وەزارەتی بەرگری بونی نیە ، یەکێتی و پارتی هێزێکی گەورەو بێشوماری پێشمەرگەیان پێکهێناوە نەک بۆ دیفاع کردن لە نیشتمان بەڵکو بۆ پارێزگاری کردن لەبوون و مانەوەی خۆیان .ئەمەش بۆتە بارگرانیەکی ئێجگار قورس بەسەرحکومەت و بودجەی هەرێمەوە ..
٢- لەسیستەمی فیدڕاڵیدا  مەسەلەی دارایی بابەتێکی مەرکەزیە و سەربەخۆیی ئابوری بۆ هەرێمەکان بوونی نیە و بابەتێکی نەگونجاوە،هەرجۆرەداهاتێک لەسەرتاسەری وڵاتدا بوونی هەبێت کۆدەکرێتەوە لەخەزێنەی گشتی وڵاتدا، بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوان و پلان و پێوەرەکان جارێکی تر دابەش ئەکرێتەوە ، بۆیە ئەم داوایەی بەغدا زۆر ڕەوایەکەداوای سەرجەم داهاتەنەوتی و نانەوتیەکانیش ئەکات.. ئەوەی کەهەرێم  ئەیکرد لەڕابردودا (هی خۆم بۆخۆم و بەشی تۆش دەخۆم ) کۆتایی دێت..
٣- وەزارەتی دەرەوە (خاریجی) تەنها حکومەتی ناوەندی هەیەتی و هەرێم ئەومافەی نیە ، ڕاستەلەکابینەکانی حکومەتی هەرێمدا ئەم وەزارەتە بەم ناوە بوونی نیە بەڵام لەجیاتی ئەوە لەهەموو پایەتەخت و شوێنەگرنگەکانی دونیا نوسینگەی پەیوەندیان کردۆتەوەو نوێنەرایەتیان هەیە، حکومەتی هەرێم مامەڵەی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ووڵاتان کردووە ، مامەڵەیەکی زۆر خراپ و ناتەندروستیش. عقودی زۆر گەورەو قورسی ئەنجامداوە،کە کاریگەری بۆدەیان ساڵی تر نەک تەنها لەسەرهەرێم بەڵکو بۆعێراقیش جێ هێڵاوە..
ئاشکرایە کە دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری لەبەغدا دەسەڵاتێکی فاسد و پڕگیروگرفتە، دەیان و سەدان کێشەی شاراوە لەعێراقدا بونیان هەیە، عێراقێکی  پڕلە میلیشیا  و پڕ لە گروپی مەزهەبی ناکۆک و دژبەیەک .. 
ئینجا یادەبێت بەوەڕازی بین ببین بەهەرێمێکی ڕاستەقینە و خاوەن ئیدارەیەک لەچوارچێوەی دەوڵەت و دەستوری ئەو عێراقە پڕکێشەدا ، یان دەبێت ڕیسکێکی تربکەین و گوێ بە دەستور و یاسا و دادگای فیدراڵی نەدەین و سەربەخۆیانە مامەڵەبکەین،کەئەمەش ئاسان نابێت ودیارنیە درگای چ دۆزەخێک بەڕوماندا دەکرێتەوە..

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×