لە زانکۆی سلێمانی چی دەگوزەرێت؟

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
  2023-09-27     695

دەبوو ئەم هەفتەیە دووەم وانەی خۆمان بۆ خوێندکارانی پۆلی دوو و سێ و چوار و هتد.. لە زانکۆی سلێمانی پێشکەش بکردایە! زۆر سەیرە نە خوێندکار دیارە، نە مامۆستا لە هۆڵەکاندایە و تاکەتاکەش فەرمانبەران دەبینیت، کە دڵسۆزیان وایان لێدەکات کارەکان ئەنجامبدەن و کاری بەڕێوەبردنی کۆلێجەکان نەوەستێت، ئەگینا دەیان توانی هەر نەیەن بۆ زانکۆ! خوێندکارانی خوێندنی باڵاش ( ماستەر و دکتۆرا) لە ودۆخەدا سەرقاڵی تەواوکردنی پڕۆژەکانیان و هەوڵ دەدەن هەر هیچ نەبێت ڕۆژێک زووتر تەواوبن تا دینارێکی  تێچووی خوێندنەکەیان کەمتر بێت! ئەی هاوار ئەمە چ بارودۆخێکە لە زانکۆی دایک! سەرم نەسووڕماوە لەم ژینگە ناتەندروست و نازانستییە و ئەمە یەکەم جار نییە، بەڵکو سەرم دێشیت و خەریکە دەتەقێت لە بێ باکی و خەمساردی لێپرسراوانی حکومی  و ناحکومی سلێمانی و سەرۆکی زانکۆ!

ئێستا سەرۆکی زانکۆ دەبوو چی بکردایە:

١-هەرڕۆژەی لەگەڵ کۆمەڵێک مامۆستای بە ئەزموون و دڵسۆز و دەستەی دروستکردنەوەی زانکۆی سلێمانی کۆبووایەتەوە و گوێی لێبگرتنایە، کە چۆن ئەم بارودۆخە تێپەڕێنین! هەروەها بە ناوی زانکۆوە داوای لێبووردنی لە مامۆستایان بکردایە، کە مافەکانیان پێنەدراوە  و گفتوگۆی لەگەڵ بکردنایە و گوێی لە پێشنیازەکانیان بگرتایە!

٢-ڕاگرەکانی ئاگادار بکردایەتەوە، کە گوێ لەمامۆستایانی بەشەکان بگرن، کە دڵنیام  پێشنیار و بۆچوونەکانیان کاریگەری لەسەر جووڵەی ناو کۆلیجەکان دەبوو! مەرج نییە هەمووشتێک هەر پارە بێت!

٣-هیچ نەبێت لەم نەبوونی مووچەییەدا دەکرا سەروانەی چەند مانگێک بۆ مامۆستایان خەرج بکرایە، کە گوڕێکی دەدایەوە بە مامۆستایان! یان دەکرا پاداشتی سەرپەرشتیاران و ئەندامانی لیژنەی گفتوگۆی نامەکانی ماستەر و دکتۆرا ، یان پاداشتی هەندێک لە بڵاوکراوەکانیان ( توێژینەوە و پەڕتووک) خەرج بکرایە! ئایا ئێوە ئاگادارن، کە ئێشتا سەروانەی پێنج مانگی  ساڵی ٢٠٢٢ خەرج نەکراوە، ئەوە بێجگە لە  نۆ مانگی ساڵی ٢٠٢٣؟ لەزانکۆکانی تر تامانگی پێنجی ٢٠٢٣ خەرجکراوە، ئەی بۆچی لە زانکۆی سلێمانی خەرج ناکرێت؟ دەبێت سەرۆکی زانکۆ قسەی هەبێت و ڕاشکاوانە لەگەڵ مامۆستایان باسی بکات، هیچ پێویست بە شاردنەوە ناکات! دەبێت خۆتان ئامادە بکەن، کە لەوانەیە زۆربەی مامۆستایان ئەگەر مووچەش وەربگرن نەچنە هۆڵەکان تا ئەو پارەی سەروانانە وەرنەگرن، کە مافی خۆیانە ! لەم کاتەدا هەڵوێستت چی دەبێت؟

٤-زانکۆ چەندین موڵک و ئۆتۆمۆبیل و دوکان و پارەی خوێندنی پەرەڵاڵ هتد، هەیە کە دەکرێت بۆ کاتی تەنگانە سوودیان هەبێت! ئەی نەوتراوە ماڵی سپی بۆڕۆژی ڕەش! یان ئەوەیە کە زانکۆ هەر هیچ پارەی نییە! پێمان بڵێن و هیچ شەرمی ناوێت، ئەگەر هەر ئیفلاسین ئەوا  ئامادەین بەبێ بەرانبەر وانە بڵێینەوە؟

٥-دەبوو لە ماڵپەڕەکەی زانکۆ بەردەوام ئەم گفتوگۆیانە و پێشنیارەکان دابەزێنرایە تا گشت مامۆستا و خوێندکار و فەرمانبەران ئاگاداری ناو زانکۆبن، هیچ پێویست بەوە ناکات لە سەر ماڵپەڕەکە ترسی ئەم شتانە هەبێت و تەنیا وێنەکانی کاتی کردنەوەی فیستیڤاڵ و کۆنفرانس و کۆبوونەوە کان دابنرێت، وەک ئەوەی هیچ کێشەیەک نەبێت! تۆ لە مانگی سێپتەمبەردا هۆڵەکانی خوێندنت چۆڵە، چۆن ئاسوودە دەبیت و لە ژوورەکەتدا دادەنیشیت؟

٦-دەبوو بەشە ناوخۆییەکانی خوێندکاران کراوە بووایە و بەئاشکرا لە ماڵپەڕەکەی زانکۆوە ئاگاداری خوێندکاران بکرایەتەوە، کە هەموو شتێک ئامادەیە، ئەگەر ئامادە نییە ئاشکرای بکەن، تا خێرەو مەندێک، یان پەرپرسێک، یان پیاوماقووڵێک، یان خانمێک، یان  .. پارەتان بداتێ و ئامادەی بکەن!

٧- تکایە بەڕێز سەرۆکی زانکۆ پێمان مەڵی من هەر لەسەر هێڵم و هەوڵ دەدەم! بەوجۆرە سوودی نییە و گوێ لە مامۆستایانی بەئەزموون بگرە و هەڵوێستت هەبێت و هەنگاوی خێرا بنێ و چاوەڕوانی ئەوەمەکە، کە خۆی حەل بێت! چونکە هەموو جارێک گۆزە لە کانی بەسەلامەتی ناگەڕێتەوە!

 

پڕۆفیسۆر لە بەشی زەویناسی / زانکۆی سلێمانی

 ibrahim.jaza@univsul.edu.iq

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×