پشتگیری بۆ گۆڤاری زانستیی هۆژین

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
  2023-12-19     252

پڕۆفیسۆر لە بەشی زەویناسی / زانکۆی سلێمانی

 ibrahim.jaza@univsul.edu.iq

 

بڵاوکردنەوەی گۆڤار و ڕۆژنامە بەزمانی کوردی لە کاتێکی سەختی وەک ئێستادا کارێکی یەکجار گران و تاقەت پڕوکێنە، بەتایبەتی ئەگەر گۆڤارەکە زانستیش بێت. هەڵبەت بڵاوکردنەوەی گۆڤاری ئەدەبی، یان هونەری، یان منداڵان تا ئاستێکی باش ئاسانترە بەبەراورد لەگەڵ گۆڤاری زانستی.

لە ئێستادا و بەگشتی دوو جۆر گۆڤاری زانستی بەدی دەکرێت، یان بوونیان هەیە: یەکەمیان ئەوگۆڤارانەن، کە توێژینەوەی باوەڕپێکراو و هەڵسەنگێندراو بەشێوەیەکی ئەکادیمی و بەزمانی جیاواز بڵاودەکەنەوە. واتە کاتێک توێژەر  توێژینەوەکەی پێشکەش بەم گۆڤارانە دەکات، ئەوا لیژنەی سەرپەرشتی گۆڤارەکە هەڵسەنگاندن بۆ توێژینەوەکە دەکات و پاشان ئەگەر لەگەڵ رێچکەی گۆڤارەکەدا گونجا ( چونکە هەر گۆڤارە و تایبەتمەندی خۆی هەیە) پاشان دەینێرێت بۆ دوو، یان سێ هەڵسەنگێنەری شارەزا و بە ئەزموون لە بواری پسپۆڕی توێژینەوەکە و داوایان لێدەکات کە بەوردی توێژینەوەکە لە گشت لایەنێکەوە هەڵبسەنگێنن. کەواتە سەرنووسەر چاوەڕێی وشەی دوایی هەڵسەنگێنەران دەکات، کاتێک هەڵسەنگێنەرێک توێژینەوەکە ڕەد دەکاتەوە ( لەسەر بنەمای زانستی و وشەبەوشەی ناو نووسینی توێژینەوەکە) ئیتر سەرنووسەر توێژینەوەکە ڕەد دەکاتەوە و بە نووسەر، یان نووسەرانی توێژینەوەکە دەڵێت کە بەداخەوە توێژینەوەکەتان لەبەر ئەم هۆکارانە ناکرێت لە گۆڤارەکەی ئەواندا بڵاوبکرێتەوە.  خۆ ئەگەر بیر و ڕای هەلسەنگێنەران باش بوو و داواکاری ساکاریان هەبوو، ئەوا سەرنووسەر بۆ توێژەران دەنووسێت، کە چاکسازی و پاکسازی لە توێژینەوەکەدا بکەن و پاشان ئامادە دەبێت بۆ بڵاوکردنەوە. بێگومان کاتی خایەنراو بۆ ئەم جۆرە مامەڵانە لەوانەیە تا ساڵێکی پێبچێت، هەر هیچ نەبێت چەند مانگێک دەخایەنێت ، بەتایبەتی لە گۆڤارە باناوبانگە ئاست بەرزەکاندا. ئامادەکاریی و نووسینی ئەم جۆرە لە توێژینەوە کارێکی یەکجار بەئەرک و پڕ ماندوو بوونە و پێویستی بە پاشخانی زانستی باش و ئاگاداری زانستی سەردەم هەیە و دەبێت کارەکە ناوازە بێت و بێ کەموکورتی بێت، تا بتوانێت سەرنجی توێژەرانی دونیا بۆ خۆی ڕابکێشێت و ڕەزامەندی توێژەرانی جیهان بەدەستبێنێت.

جۆری دووەم لە گۆڤارە زانستییەکان، ئەوانەن کە زانیاری گشتی بڵاودەکەنەوە و مەرج نییە کارەکە ناوازە بێت و کاری مەیدانی توێژەران بێت، بەڵکو زۆربەی کات بریتی دەبێت لە کۆکرنەوەو ڕێکخستنەوە و داڕستنەوەی چەند زانیارییەک سەبارەت بە بابەتێک، کە بۆ کۆمەڵگە بەسوود دەبێت و زانیاری گشتی تاکەکانی کۆمەڵگە زیاد بکات. گومانم نییە ئەم جۆرەش لە گۆڤار ڕۆڵی خۆی هەیە لە بڵاوکردنەوەی زانست و زانیاری و ئاستی زانیاری خەڵکی بەرز دەکاتەوە، بەتایبەتیش کە گۆڤارەکە بە زمانی کوردی بڵاوببێتەوە.

هەرچی جۆری یەکەمە لە گۆڤارەکان، ئەوا لە ئێستادا لە سەر ئاستی هەرێم کوردستان چەندین گۆڤار هەیە و بە پسپۆڕی جیاوازو ئاستی جیاواز، کە توێژەران لێکۆلینەوەکانی خۆیانی تێدا بڵاودەکەنەوە. زۆرێک لەم گۆڤارانە لەلایەن زانکۆکانەوە پشتگیری دەکرێن و بەزۆریش نووسەران بریتین لە لێکۆڵەرانی ئەکادیمی بەشە زانستییە جاوازەکانی زانکۆ کانی کوردستان و جیهان.

هەرچی جۆری دووەمە، لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان گۆڤارێکی ئاوا نییە! لەپێشدا هەبوو، کە بەزمانی کوردی وتارەکانیان بڵاودەکردەوە و هەندێکیان پێگەیەکی باشیان پەیداکردبوو، بۆ نموونە گۆڤاری وزە، یان گۆڤاری سروشت، یان گۆڤاری زانستی سەردەم، هتد، کە بەداخەوە لە ئێستادا هیچ کامیان بڵاونابنەوە و بەتایبەتی لەدوای ساڵی ٢٠١٤ وە کاتێک باری دارایی و سیاسی هەرێمی کوردستان سەخت بوو کاری ئەو گۆڤارانە وەستا! لەئێستادا و لەپارچەیەکی تری ئەم نیشتمانە گەورەیە گۆڤارێکی پڕ زانیاری و ئاست بەرز لە خۆرهەڵاتی وڵات بڵاو دەبێتەوە، کە بەبڕوای من کارێکی زۆر باشە و کەسانێکی خۆبەخش و ماندوو نەناسی دڵسۆزی کورد پەروەر کاری تێدا دەکەن و بە دیزاین و ماڵپەڕێکی ئاست بەرزەوە دەیخەنە بەردەم هاووڵاتیانی کورد زمان لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایەدابن.

خوێنەر و زانستخوازان و مامۆستایانی زانکۆ و پسپۆڕانی زانستە جیاوازەکانی باشووری کوردستان دەکرێت لە ڕێگەی ئەم ماڵەپەڕەوە سەردانی لاپەڕەی ئەوگۆڤارە بکەن و خۆتان هەڵسەنگاندن بۆ بابەتەکانی گۆڤارەکە بکەن و بڕیار بدەن، کە ئایا  گۆڤارەکە شایەنی ئەوەیە وتاری بۆ بنێردرێت و دەستی هاوکاری بۆ ئەو خوشک و برایانەمان درێژ بکەین، کە کارێکی ئاوا خۆنەویست و نازدار و بەسوود بۆ گەلەکەمان پێشکەش دەکەن:

https://hojan.org/hojin_science_magazine/

لەسەرەتای ماڵپەڕی ناوبراودا چەند دێڕێک نووسراوە، کە لێرەدا حەز دەکەم وەک خۆی بۆتان بنووسمەوە:  " گۆڤاری زانستیی ھۆژین بە مەبەستی گەشەپێدانی زانستیی کۆمەڵگە دامەزراوە و بەردەنگەکەی کۆمەڵگەی کوردستانە بە گشتی. ھۆژین تەنیا گۆڤاری زانستی-گشتیی کوردییە کە بە ژمارەی پێوانەی نێودەوڵەتیی ISSN-2645-5080 دەستنیشان کراوە. گۆڤاری زانستیی ھۆژین، لەسەر بنەمای ڕۆژنامەگەریی زانستی، بابەتی زانستی لە سەرچاوەی بڕواپێکراو و لە زمانی پسپۆڕانی کوردەوە بە زمانی سادە پێشکەشی کۆمەڵگە دەکات. گۆڤاری زانستیی هۆژین، بەرهەمی “ڕیکخراوەی زانستی-فەرهەنگیی هۆژان کوردستان”ە. ئامانجی سەرەکیی ئەم گۆڤارە بووژاندنەوە و گەشەپێدانی زانست و ھەروەھا زمانی کوردی لە ڕێی بڵاوکردنەوەی نووسراوە زانستییە گشتییەکانە بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە. بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لە سەر ناوەرۆکی گۆڤار لە سەر هەر ژمارە لە سەر وێنەکان کلیک بکە. بۆ زانیاریی زیاتر پێوەندیمان لەگەڵ بگرە. info@hojan.org"

لێرەدا وتەکانی دەستەی نووسەرانی گۆڤار تەواودەبێت. ئەم گۆڤارە نازدارە پڕ زانیارییە تا ئێستا ١٤ ژمارەی بە چاپ گەیاندووە، لەبیرتان نەچێت دەستەی نووسەران کارێکی ناوازی کردووە ، کە بەدەنگیش وتارەکانی ئامادەکردووە، واتە جگە لە بوونی بە شێوەی ئێلیکترۆنی و لەسەر کاغەز ، نابینایانی کوردستانیش دەتوانن گوێ لە تۆمارە دەنگییەکان بە زمانێکی کوردی بگرن ، بە ڕاستی دەستیان خۆش بێت کارێکی ناوازەیە و تا ئێستا من لە باشووری کوردستان گۆڤاری زانستی لەم شێوەیەم نەبینیوە و نەخوێندوتەوە. خوێنەرانی بەڕێز دەتوانن ئەم گۆڤارەیان بە شێوەی ئێلیکترۆنی دەست بکەوێت، بە کڕێنی گۆڤارەکە لە ڕێگەی ماڵپەڕەکەوە، یان کۆپی کاغەزی لە ناوەندی ڕۆشنبیری ڕە‌هەند، لە کاسۆمۆڵ نهۆمی دووەم دەست دەکەوێت، هیوادارم لەم ڕووەوە نووسەرانی زانستی باشوور کەمتەرخەمی نەکەن و پشتگیری خێرای ئەم کۆمەڵە گەنجە لەخۆبووردووە بکەن، ئیتر بە کڕێنی گۆڤارەکە بێت، یان بە ناردنی نووسینی بەسوود بۆیان.

ئەوەی ماوە ئەوەیە کە جارێکیتر لێرەوە داوا لە زانستخوازان بکەمەوە  تا دەتوانن بابەتی زانستی بۆ ئەم گۆڤارە بنێرن و بە وشە و بۆچوونەکانتان دەوڵەمەندیان بکەن و گوڕو تینیان بدەنێ، چونکە کاتێک دەبینن لەلایەن زانستخوازان و ئەکادیمیانی باشوورەوە پشتگیری دەکرێن ئەوان سوورتر و دڵسۆزتر و خۆبەخشانە کارەکانیان باشتر و باشتر دەکەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×