رێنسانس و دینامیزمی وەرچەرخانی كۆمەڵگای ئێمە

کەمال محەمەد
  2023-10-02     195

ڕێنسانس سەردەمی پەڕینەوەو گۆڕانكارییە لە سەدەكانی ناوەڕاستەوە بۆ سەردەمی نوێ ،ڕێنسانس ئەڵقەیەكی سێ سەد ساڵەییە كە دەست پێكەكەی فلۆرانس و سەردەمی ئەڵقەی كۆتاییەكەشی ئینگلیزە ،لەم چوار چێوەیەدا شۆڕشی زهنییەتی رێنسانس خێراییەكی مەزنی بە خۆوە بینی بۆ پێكهاتنی هزری خوڵقكاری ئازاد و بە دەستهێنانەوەی ژیری مرۆڤ و متمانەكردن پێی و كردنەوەی دەرگای جیهانێكی نوێیە لەو سەردەمەدا و ئەوەی كە ڕوخا مەشروعییەتی دەوڵەتی دەرەبەگایەتی و سیستەمی كۆنە تا دوا جار ئەم شۆڕشە لە زهن و هزر و ئومێددا بنكەیەكی جەماوەری گەورەی بەدەست هێناوە ،

ئەوەی لێرەدا مەبەستمە سەردەمی رێنسانس و دینامیزمی وەرچەرخانی كۆمەڵگای ئێمەیە كە كەی و چۆن ئەبێت !؟

شۆڕشەكانی ئەم گەلەی ئێمەش دوای ساڵانێكی زۆر بون بە شۆڕشی بۆرژواز سەرەڕای ئەوەی كە شۆڕشەكان زیاتر بەرهەم و خەباتی گەل بو ،سیاسییەكان و پارتەكان پرۆگرامێكی تایبەتیان نەبو كە بەگشتی حەسرەتیان دنیایەكی ئازاد و یەكسان و مرۆڤ پەروەرانە بێت ،پارتە كوردییەكان نەیانتوانیوە شۆڕشەكان كە لە وەرچەرخانی كۆمەڵگادا ساتەكانی گۆڕانكاری نوێ و سەرلەنوێ ئاواكردنن و فیداكاری گەل لایان هێشتا بایەخی خۆی هەیە ،دەسەڵاتداران دیدگایەكی جیهانبینی وایان نەبو كە چینی بۆرژواز لە دایك نەبێت و هاوسەنگی كۆمەڵگا بپارێزن ،هەربۆیە سەرەتا دەستیان بە دۆڕاندنی تۆڕی ئەخلاقی و سیاسی كۆمەڵگا كرد و بۆ ئەوەی سروشتی بنەڕەتی كۆمەڵگای پێشكەوتو كە هاوسەنگییە لە ناو ببرێت ،لە ڕاستیدا ئەخلاق شێوەی باوو نەریتی ئازادی هەر كۆمەڵگایەكە چون هەمو ڕێبازە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان ئەگەر گرنگی بە ئەخلاق نەدەن هەمیشەییبونیان ئەستەم ئەستەم ئەبێت .

دینامیزمی وەرچەرخانی كۆمەڵگای ئێمە لە میانەی شۆڕشێكی فیكری و ڕۆشنبیری ئەكرێت كە سەر بۆ شۆڕشی كۆمەڵایەتی بنێت و وەرچەرخان بۆ كۆمەڵگایەكی ئازاد و یەكسان و سۆسیالیزمی زانستی و دیموكراتیانە بێت و گوزارشت لە سیانەی فەلسەفەی سۆسیۆلۆژیا و ئەخلاق و هۆشیاری ئازادی كۆمەڵگا بكات و گرێدراوی سیاسەتی بكات كە دواجار خودی ئەمەش بەواتای ئیرادەی وەرچەرخان دێت كۆمەڵگا بێ تیۆری نابێت ,چون تیۆری بەرزترین ئاستی گشتگیری پێشكەوتنی زانست و كۆمەڵگا لە خۆ ئەگرێت .چون زهنییەتی كۆمەڵگایە بەردەوام سۆسیۆلۆژیا و سیاسەت گرێ ئەدات و بەكاری دێنێت .

سۆسیۆلۆژیا كە تەواوی پێشكەوتنە زانستییەكان ئەگەرێتەوەو دوا تەواوكەری زانستەكانە ،هێزی ڕۆشنكەرەوەی ئەو كۆمەڵگایەیە كە دەخوازرێ وەرچەرخێنرێ ،بۆیە تێگەشتنی سۆسیۆلۆژی بەهێزترین لایەنی وەرچەرخانی كۆمەڵگایە ،ئێمەئەتوانین هێزی وەرچەرخانی خۆمان دیاری ئەكەین كاتێك تیۆری تۆكمە لە بەرنامەكانمان ڕەنگ بداتەوە كۆمەڵگایەك كە تیۆری بەرنامەی ئامادە نەبێت یان كاری پێ نەكات ناتوانێت وەرچەرخێنرێ ،

بێ پڕەنسیبی و بێ ئامانجی واتای ڕۆیشتن لەگەڵ هەر بایەكی هەڵكردو دێت ،ئێمە بۆ ئەوەی ڕێنسانسی خۆمان ببینین پێویستە تێبگەین كە گۆڕانكاری پرۆسێسێكی بەردەوامییە و لە كات و قۆناغە گرنگەكاندا ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە بەرنامەو هزرماندا هەڵوێستێكی ڕاستترە ,دینامیزمی وەرچەرخانی كۆمەڵگای ئێمە لەوەوە سەرچاوە ئەگرێت كە هیچ خەباتێك لەوە بەهادارتر نەبێت كە بەهەموو ئەو هێزەی هەمانە بڕوا بكەین و بە زانینەوە هەنگاو بنێین و پەیڕەوی بكەین و ڕێگا لەپێش سەردەمی رێنسانس و سیاسەتی دیموكراتیانە و كۆمەڵگایەكی هاوچەرخ بكەینەوە تێگەشتن و پراكتیزەكردنی ئەم ڕێنسانسەش تا گەیشتن بە سەركەوتن ببێتە مەرج لامان .

ئێمە بۆ ئەوەی بگەین بەبونمان وەك كۆمەڵگایەكی هاوچەرخ لە ژێر هۆشیاری و فیكری دەرك بەو تراژیدیایانە بكەینەوە كە دوچاری بوینەتەوە و پێویستە لە ڕێگای رەخنەوە بانگهێشتی گیان و ئەركی بەرپرسیارێتی لای چین و توێژەكان دوپات بكەینەوەو بەردەوام جەختمان لەسەر ئەوە بێت كە شاییستەی چاوەڕوانی و ئومێدەكانی گەل بین كە لەژێر باری چەندین كێشەی قورسدان ،ئێمە بۆ ئەوەی بژین پێویستە گرنگی بە فیكر و ئاكارمان بدەین بۆ ئازادی ژیان چون هەر ئازادی تاكە گرێدراوی ئازادی گەلە لە نێو كۆمەڵگاكەیدا .

دیارە هێشتا باسی ئەو كاردانەوە سلبیانەم نەكردوە كەلە ئەنجامی بێ باوەرییەوە دروست ئەبێت ،كاتێك ئێمەی مرۆڤ توشی بێ هیوایی ئەبینەوە و هەستێكی بێ ئومێدی دروست ئەبێت خودی ئەم بێ ئومێدییەش واتای خۆ خستنە ژێر ڕكێفی ئەو سیستەمەیە كە هۆكاری خودی بێ ئومێدییەكەیە بۆ ژیان و ئازادی !گوێگرتن و بیرۆكەكانی مرۆڤ نابێت تەنها بۆ نمەی باران و مۆزیك و هتد بێت ،پێویستە مرۆڤ وێنای گۆڕانكاری و سەردەم بكات و پاڵنەرە بایۆلۆژییەكان بۆ جیهان و بیركردنەوەیەكی ئازاد بگۆڕێت ،ژیان و بیركردنەوەی ئێمە بۆ وەرچەرخانی تاك و كۆمەڵگا بریتییە لە پرۆسێسێكی فێربون و بیركردنەوەی بەردەوام بۆ ئەوەی ئاگاییمان لە هەمو ئەو كۆت و بەندانە بێت كە ئەخرێتە ڕێمان چ وەك تاك و چ وەك كۆمەڵگا بۆ وەرچەرخان .

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×