ماریا و هونەرەكەی تابلۆیەكن بۆ ئازادكردنی ڕەگەزیی :

کەمال محەمەد
  2019-08-14     221

هەر نەتەوەیەك بە كەلتورەكەی دەناسرێت ،كەلتور هاوكات پەیوەندییەكی راستەوخۆی بە رەهەندی مێژوویی كۆمەڵگاوە هەیە ،دەكرێ لە ڕوانگەی كەلتوریشەوە ڕابردوی هەر كۆمەڵگایەك بناسرێنرێت ،بۆیە كاتێك باس دێتە سەر كەلتور مەبەست لە زهنییەت و سیستەمی بیركردنەوەو بەها ئەخلاقییەكان و هونەر و زانستی كۆمەڵگایە كە سەرجەمیان لە زاراوەی كەلتوریدایە ،پاڵێوراوترین رەهەندی بواری كەلتوریش هونەرە كە مەلبەندی مەعنەویاتەو هەرگیز نابێ وەك كاڵایەكی بێ نرخ لێی بڕوانرێت ،بۆیە كاتێك دەڵێین هونەر پاڵاوتەترین لایەنی  كولتورە مەبەست لێی نەتەوەی كوردە كە لەو بوارەدا بە مۆسیقا و گۆرانی بەرخودانیان كردوە ،

( ئیدوارد تایلەر ) زانای ئەنترۆپۆلۆژی بەریتانیش پێی وایە كەلتور پێكهاتەیەكە لە زانست و زانیاری و بیرو باوەڕو رەوشت و عادات و یاسا و هونەر كە مرۆڤ ئەیەوێت بەدەستی بهێنێت وەك ئەندامێك لە كۆمەڵگاكەیدا ، بۆیەئەمڕۆكەی هونەرمەندان و شانۆكارانی كوردی ئەرك و پەیامێكیان لە ئەستۆدایە و پێویستە تێكۆشانیان لە گۆڕەپانی كەلتوردا بەردەوامی هەبێت بۆئەوەی بتوانین پێیان بڵێین ئێوەن كەتوانای هەبونێكی كلتوریدان هەڵگرتوە بۆ ئەوەی كۆمەڵگا و نەتەوەكەمان بناسێنرێت ،

ماریا هەورامیش لە دواین كلیپیدا وەك كارەكتەرێكی بواری هونەر و گۆرانی كەلتوری كوردی خۆی خستۆتە نێو ئەو سەنگەرەوە بە مەبەستی گەشەپێدان بەهونەرەكەی بەپێی قۆناغەكان هەروەك تەواوی كۆمەڵگا مرۆییەكان ،بەڵام بە هۆی هەندێ بیری كۆنەپەرەستییەوە روبەرووی هێرشێكی پیاوسالاری بویەوە و نەیانتوانی هەڵوێستێكی واتادار بەرامبەربە ژنان و رەگەزی مێینە تاوتوێ بكەن و پەیوەندی ئازادانەی نێوان  ژن و پیاو پێشبخەن ،

بۆیە ئەركی هەریەكێكە لە ئێمە بەر لە هەموو شتێك لەرێگەی هێزی ڕۆشنبیرییەوە سەرلەنوێ ویژدانی هاوبەش بخەینە سەرپێیان و كارای بكەین و ڕێگری بكەین لە داتاشینی وشەی نەشیاو بە باڵایاندا كە لەهیچ كام لەئایینەكاندا نەهاتوەو رێگەی پێنەدراوە، چونكە بەهەردوو رەگەزییەوە مرۆڤ كائینێكی پیرۆزە بۆچی بەم شێوازە هێرشی بكرێتە سەر لەرەگەزێكیانەوە بۆ ئەوی تر ،ئێ خۆ ئەگەر لە شێوازی ژیان و كەلتورەكانیش دژبەرایەتی هەبێت ئەی یەكسانی و ئازادی لە كوێ بونی ئەبێت ئەمە لە كاتێكدا یەكسانی و پێدانی ماف یەكێكن لە سیفاتەكانی ئایینی ئیسلام و مرۆڤایەتیش،

بەشداریكردنی ژنان لە چالاكییە كلتوری و كۆمەڵایەتی و سیاسییەكاندا ناكرێ بە عەیبداری لەقەڵەم بدرێ و هەوڵی دورخستنەوەیان بدرێ و بە جۆرێك كە بونیان بە لاوازی بارگاوی بكرێ ،بەڵكو پێویستە وەك ئیرادەی كۆتایی نەهاتن و بەردەوامبونی رەگەزێكی سەرەكی ژیان ببیندرێ ،بێگومان ژنیش خاوەن سروشتێكە ڕۆژ لە دوای ڕۆژلە میانەی زانستی بیۆلۆژییەوە ئەیسەلمێنێ كەلەو دیو كۆمەڵایەتی بونەوە وەك ڕەگەزێكی بایۆلۆژی ئەندامێكی سەرەكی و ناوەندییە ،بۆیە پێویستە ژنانیش لەمیانی تواناكارییەكانیانەوە ڕوبەروی تەواوی ئەو بچوككردنەوەو سوكایەتیانە ببنەوە كە هۆكارن بۆ سەپاندنی بیر و كلتورێكی باوك سالاری ،بۆئەوەی لە داهاتودا ئەم تابلۆی ئازادییە فراوانتر بكرێت و كۆی كۆمەڵگا بگرێتەوەو چیدیكە ئازادی ژنان و ماف و توانستەكانیان لە تاریكیدا نەهێڵدرێتەوە .
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×