هەنار ....

پشکۆ ناکام​
  2023-11-09     242

......وەرنەوە ...وەرنەوە فێستڤاڵی هەنارە ، ئەو فێستڤاڵەی پشتی "کان"و "نۆبڵ"ی شکانوە ، فێستڤاڵی سیمبولی دیموکراسی و شەرعیەتی شۆڕشگێڕی و کوردایەتی..!! دوای ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی کوردستان و چارەسەری هەموو کێشەکان و یادکردنەوەی هەموو گەورە پیاو و منەوەرەکانی میللەت تەنها "هەنار " مابوو کە یاد بکرێتەوە ..هەنار ئەو میوە پڕ لە ڤیتامینەی کە مایەی زیرەکی و لێهاتوویی و دەستپاکی سەرکردەکانە..!! ئیلهامی وورەی بەگژا چوونەوەی شۆڤینیزمی عەرەبی و مەزهەبییەکان و ناحەزانی کوردستانیش هەر ئەم میوە سیحراویەیە ، تەنانەت هەر جار و   هەفتەیەک وەفدی "پێنج کوڕە ئازاکە " بۆ  ڕۆشتنیان بۆ  بەغا و تەحەدا کردنی دەسەڵاتدارانی ئەوێ لە ڕێگا پەنا بۆ ئەم میوەیە ئەبەن تا زیاتر لە هەڵوێستە نەگۆڕەکانیانا ! پتەوتر بن پەنا بۆ تەسلیم بوون  و پاڕانەوە نەبەن و ئەو جانتایانەی بە بەتاڵی ئەیانبەن بە پڕکڕاوی لە مووچە بیانهێننەوە..تەنانەت عەبقەرییەت و غەمخۆری ئەندامانی پارلەمانی ڕەحمەتیش هەر لە شەربەتی هەنارەوە بوە ، هەر ڤیتامینێک لە هەنارا بۆ خۆی سەرچاوەی دەیان گۆڕانکارییە بۆ بەرەوپێش چوونی ووڵات کە دەسەڵاتی کوردی سورە لەسەر پەیڕەو کردنی ..ناحەزانی ئەم میللەتە ئەبێ بزانن ئێمە تا خاوەنی شاخ و هەنار بین ناچەمینەوە..!! تەنانەت ئەکرێ لە جیاتی "مووچە" مامۆستا  و باقی مووچەخۆرانی  " هەرێم !!" هەناریان بەسەرا دابەش بکرێ تا ڕوحیەتی خۆڕاگری و سەبر ونیشتمان پەروەرییان گەرم و درێژ خایان تر بێ..و لەوە تێبگەن مووچە وەریشبگیرێ هەر ئەخورێ بەڵام هەنار لە مێژوومانا وەک ئەستێرەیەکی ڤیتامیناوی ئەدرەوشێتەوە کە تەنانەت ئەشێ لە ئاڵا پیرۆزەکەمانا "خۆر"ەکە بکەین بە "هەنار" ێک  وەک سیمبولێک بۆ ئەقڵیەتی کورد و مێژووە سورەکەی هەر وەک هەنار..!!خۆر ئاوا ئەبێ بەڵام هەنار : نەخێر....ئەوانەش کە مەترسییان لە تاسەی جادە و بانەکانی کوردستان هەیە  پێش سەفەر کردن یەک دوو هەنار بخۆن تا لە تاسەکانا ناڕەحەت نەبن و هەناویان نەکەوێ ...هەقە پرسیارێکیش بکەین ئاخۆ "هەنار" لە ماددەی140  جێگیر کراوە یان نا ؟

خۆزگە "گۆران"ی مەزن هەنار فرۆش بوایە تا زیاتر باس بکرایە و یادی بکرایەتەوە

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×