چەتر..

پشکۆ ناکام​
  2019-05-31     1527
(ئەڵێن جارێکیان پیاوێکی دز کە دزی لەهەمو ئەهلی گەڕەک کردبو ئەگیرێ، ئەیبەن بۆ لای حاکم، حاکم هەمو دزی‌و حوکمەکانی بۆ ئەخوێنێتەوە، بەڵام  پێش هەر  شتێ پێی ئەوترێت کە ئەبێ بەڵێن با کە چیتر دزی ناکا، دزەکەش وەرەقەیەک ئیمزا ئەکاو ئەڵێ قوربان زۆر سوپاس من خواحافیز... حاکم ئەڵێ بۆ کوێ؟ دزەکە ئەڵێ گەورەم بەقەبری ڕەحمەتی ئیتر دزی ناکام‌و ئەوتا بۆشم ئیمزا کردون، حاکم ئەڵێ ئەی ئەو هەموەی کە دزیوتە کوا؟!)

حیکمەت لەم بەسەرهاتەیا ئەوەیە کە ڕێک وەک وەزع و هەڵوێستی بەناو حکومەتی هەرێمەوە وایە، کە وەعدی یاوە چیتر پارەی مووچە لرف لێ نەیا، بەڵام پێمان ناڵێ ئەو هەموو داهاتەی زیاتر لەبیست ساڵی ڕابردو چی لێ هاتوەو لەکام قاسەو کام بانک و بەنەناوی کام لەئەندامانی بنەماڵەوەیە..!! ئەمە جگە لەوەی نەلەسەغێتی و نەلوتفی بەناو حکومەتی هەرێمەوەیە کە چەن مانگێکە خەڵکی بەشخوراوی کەمێک گیرفانیان گەرم بۆتەوەو مانگانە مووچە، کە مافی ڕەوای خۆیانە وەرئەگرن، بەڵکو ئەوە پابەن بوونی بەغایە بەگفت‌و بڕیاری خۆیەوە کە مانگانە مووچە بنێرێ لە بەرامبەریشا هەرێم نەک نەوت " ماستی هەولێر" یشی نەناردوە بۆ بەغا و پێی وایە ئیتر بەم " ئەبو جاسم"یە  بۆی ئەچێتە سەرو لەبیری چوو چەن ساڵێک پێش ئێستا لەسەر نە ناردنی نەوتی هەرێم بۆ بەغا هیچ مووچەیەک نەئەهاتە هەرێم‌و " ئەندازارییەکانی نەوت " چۆن ئەپاڕانەوە و داد و بێ دادیان بوو و سەریان کرد بە کۆشی دەیان لاو کەس تا بەغا ئاوڕیان لێباتەوە کەچی هەر نەیان دووووت سەرەگەورەو هۆکاری سەرەکی ئەو وەزعە کێ و چی وو...

رەنگە بەناو حکومەتی نوێنەری بنەماڵەی دەسەڵات وایان لە خەیاڵا بێ کە خەڵک ئیتر ڕاهاتوە لەسەر نەبوون و پاشەکەوتی مووچە ، بۆیە ئەگەر  ئەمجارەش ئەم بەناوبەغا لەڕووی یاسایی و دەستوری و بڕیارەکانی پارلەمانی عێڕاق مووچە نەنێرێ ئەوە زۆر ئاساییە و بەخەڵک بڵێ نەفەستان درێژ بێ " وەک درێژ بوونەوەی حوکمی خۆیان" و ئەوا دیسان شۆڤێنی و ئەوانەی چاویان بە کورد لە بەغا هەڵنایە مووچەی فەرمابەر ، خانە نشین ، کەس و کاری ئەنفال و شەهیدانیان بڕی...!! 

ئەم بەناو حکومەتە ئەوەنە لە ویژدان بێ بەشە چاوی تەنانەت لەسەر ئەو   مووچانەیە کە ئەگاتە هەرێم و گەر کەشف بوونیان نەبێ ئەوانیش خەشنۆش ئەکەن و خۆیان ئەکەن بە كەڕەی شەربەت تا دەستیان ئەکەوێتە ڕوو جا ئەو کاتە لە پشتی مایکەکانەوە وەک دەستکەوتێکی حکومەتە بێ دەستکەوتەکە باسی لێ ئەکرێ....  

ئەم بەناو حکومەتە ئەڵێ بەغا بەدەست خۆی نیەو ئیمزای کردوە کە مووچە بنێڕێ، بەڵام باس لە ئیمزاکەی خۆی ناکا کە ئەبێ لەبەرامبەرا نەوت ڕادەستی ناوەند بکا، دوو ئیمزا  یەکێکیان حەڵاڵ و ئەوی تریان حەرام ، هەرچی داوا بکرێ لە هەرێم مەمنوعە و هەرچی پارەیەک بێتە هەرێم مەسموحە!!

بەناو حکومەتی هەرێم لە قاەیەک ئەچێ دەرگای کردنەوەی نیە پارەی لێ دەربێنی، کونێکی هەیە تەنها بۆ پارە تێکردن.. گەر پاساوی بەناو حکومەتی هەرێم ئەوەیە کە قەرزارە، بۆ ئەبێ خەڵک و مووچەخۆرانی هەرێم و بەغا باجەکەی بەن؟ ئەی کاتێ  بەناو سەرۆکی بەناو حکومەتی هەڕێم هەر هەفتەی جارێک لەئەنقەرە ئیمزای بەتاڵان بردنی نەوتی هەرێمی ئەکرد، کێی لەگەڵ بوو جگە لە خۆی !نەبەغاو نەخەڵکی هەرێم نەلەبریارو نەبەشداری ئەو بەتاڵان بردنەی نەوتی هەرێمن کە جۆرێکە لە خیانەت ئابوری نیشمانی. .با بنەماڵەو کاربەدەستانی هەرێم پێمان بڵێن بەڵام تو قەبری ڕەحمەتی بە سەراحەت : ئەگەر ئەوەی هەرێم بەرامبەر بەغا ئەیکات پێچەوانە بوایە، واتە ئەبوایە بەغا نەوتی بناردایە و نەیناردایە چی رووی ئەیا و موعادەلەکان چۆن ئەگۆڕان؟! لەو باوەڕەیام بەسوپای پاسداران و جەندرمەی تورکی چارەسەریان بکردایە..

بنەماڵە و دەستەڵاتدارانی هەرێم لەبیریان چۆتەوە تا خەڵک ڕاپەڕینی نەکردو" لەودیو سنور" نەهاتنەوەو تا هەرێم نەبوو بە خاوەنی نەوت (خۆزگە قەت نەبوایە) وەزعیان چۆن بو؟ رەسمەکانی دوێنیان ماوە ، ئەو بۆینباخەی ئەمڕۆ ئەیبەستن گرانترە لە هەموو جل و بەرگی دووسەد کەسیان!  كە خەڵک نارازی ئەبێ  ئەڵێن " با هەڵپەڕن .." .. نەوتیش نایەن بەغا، ئەو مووچەیەشی کە لەبەغاوە یەت بەشێکی ئەخرێتە گیرفانە شاراوەکانی کەواکانیان..داهاتی گومرگ جنۆکە ئاسا کەس نایبینێ..ڕۆژی دەیان کەس ئەبنە قوربانی خراپی رێگاو بانەکان" ئەم خراپ بوونە شمولی بلەو بارزان ناکا" گوایا بودجە بەش ناکا..بەڵام ئاهەنگی دەرچوونی کوڕی بەرپرسێک لەسویسرا بەمەلایین دۆلار تەواو ئەبێت..!!جا نازانین پارەی ئەو ئاهەنگە لەکام فەقەرەی کام وەزارەتەوە خەرج کرواە؟

بەرپرسیارێتی مانەوەی ئەم دەسەڵاتە لەئەستۆی خەڵکایە، چونکە دەمێکە دەست لەحیزبەکان شۆراوون، ئیتر خەڵک خۆی بڕیار ئەیا ئەگەر بارانی ئازادی باری ئەمان" چەتر"  هەڵئەگرن یا نا...!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×