سکاڵا..

پشکۆ ناکام​
  2024-04-13     407

دوا بەدوای مژدەی ڕیفڕاندۆم و پێک ھێنانی دەوڵەتی کوردی!! خۆشترین مژدە بۆ کورد ئەوەیە کە بە ئاسانترین شێوە ڕێگای بەھەشتی بۆ کورت کراوەتەوەو لەسەر دەستی پێنجەم خەلیفەی ئیسلام ئەمڕۆ ھەر موسڵمانێکی کوردزمان بەتەنھا شەش سەد و پەنجا دۆلار! بەھەشت مسۆگەر ئەکا و لە شەڕە شەقی مەحکەمەی ڕۆژی قیامەت نەجاتی ئەبێ و بەبێ سەرەگرتن بۆ یەکلایی کرنەوەی کەیسەکەی کە لەوانەیە چەن مانگ یان چەن ساڵێک بخایانێ ، بە کڕینی بەرماڵێک لە مزگەوتی بەھەشت بە تەنھا ٦٥٠دۆلار بلیتێکی چوونە بەھەشت مسۆگەر ئەکا و  بۆ ئەوەی زۆرترین موسڵمان لەو نیعمەت و خێرە ئیلاھییە بێ بەش نەبن لەوانەیە حەجمی ھەر بەرماڵێک بچووک بکرێتەوە بۆ نیوەی ئەوەی ئێستا و دووریش نیە ھەوڵ نەدرێ بۆ  دروست کردنی بەرماڵی دوو یان سێ قاتی..... بەڵام چەن گرفتێک ڕوو بەڕووی کڕیارانی بلیتەکەی بەھەشت بوونەتەوە کە ئەگەر چارەس نەکرێ ڕەنگە گەشتەکەی بەھەشت وا ئاسان نەبێ، یەکەم گرفت ئەوەیە کە بۆچی  بلیتی بەھەشت بە"دۆلار" بێ؟ کە پارەی ووڵاتێکی کافر و مولحید و مونافیق و ئەھلی جەھەننەمە، ئایا ناکرێ بەپارەی وڵاتێکی ئیسلامی بێ بۆ نمونە "لیرەی سعودی" کە زێدی ئایینی ئیسلامە،و ئایا مامەڵەکردن بەپارەی کافرەکانەوە حەرام نیە؟ گرفت یان پرسیارێکی تر ئەوەیە کە وەک  ئەمڕۆ لە دونیایا وا باوە کە بلیتی ستانداری سەفەرکردن بۆ کەسانی ژێر ھەژدە ساڵ شتێک ھەرزانترە ، جا ئایا ئەو سیستەمە بلیتەکەی بەھەشتیش  ئەگرێتەوە !! ھەقی خۆیشێتی بەڕێوەبەر و موحاسیبەکانی سەفەرەکەی مزگەوتی بەھەشت ڕەچاوی ئەم تێبینیە بکەن...جگە لەوەش چ گرەنتیەک ھەیە کە بەھەشت فول نابێ و جێی ئەو ھەموو خاوەن بلیتی مزگەوتی بەھەشت ئەبێتەوە و لە ئەگەری نەچوونە ژوورەوەی بەشێکیان زەمانەت چیە بۆ وەرگرتنەوەی پارەکانیان یان ھیچ نەبێ نیوەی چونکە وەک زانراوە بلیتەکە بۆ ئەم سەر و ئەوسەر نیە ، تەنیا یەک سەرە واتا بۆ بەھەشت بێ گەڕانەوە و باشترین چارەسەریش بۆ ئەم گرفتە ئەوە کە بلیتەکە کراوە بێ بە بێ دەستنیشان کردنی کاتی گەڕانەوە  ، ..
سەرنجێکی گرنگ ئەوەیە کە ھەموو ئەزانین کە دونیای ئەمڕۆ گەندەڵی و قاچاغچێتی و تەزویر و فێڵ و فەرەجێکی زۆری تیایە ، ئایا ھیچ ڕێگایەک ئەگیرێتە بەر بۆ ئەوەی ئەھلی جەھەننەم و  مافیاکانی بلیتەکە تەزویر نەکەن و خەڵک نەپەڕەێنرەوە ئەوبەر!! ھەیشە ڕای وایە کە ئەوانەی ڕۆژی قیامەت بە گەرمای ھاوین و سەرمای زستان سەرەیان گرتوە بۆ دوا بڕیار چۆن بەوە ڕازی ئەبن کەسێک بە شەش سەد و پەنجا دۆلار و بە بێ ھیچ مەحکەمە و لێپێچینەوەیەک لە جەدەولی ئەعمالی بە کەماڵی ئیسراحەت خۆی بکا بە بەھەشتا ، کێ ئەڵێ خۆپیشاندان ڕوو نایات...!!
بە پێی شەرع  و ئوسوڵیاتی ئیسلام،  ژن " مێ " نیوەی کۆمەڵ نیە بەڵکو نیوەی پیاو" نێر"ە ، لە پرۆسەی شایەتیی و میراتیا دوو ژن حسابی یەک پیاوی بۆ ئەکرێ ، ئاخۆ بلیتەکەی بەھەشتی مزگەوتی بەھەشت ڕەچاوی ئەمەی تیایە چونکە بە پێی شەرعەکە ئەبێ دوو ژن یان مێ بە یەک بلیت بچنە بەھەشت ، بەڵام ڕەنگە لەبەر ئەوەی مەسەلەکە پارەیە گەر بکرایە ژن دووقاتی پیاوی لێ ئەسەنرا.!! 
گرنگترین پرسیار ئەوەیە کە لە کەم و کوڕیی سەفەرەکەی بەھەشت بەسپۆنسەری مزگەوتی بەھەشت سکاڵا لە کوردستان یان لەمەحکەمەی فیدڕاڵی تۆمار ئەکرێ؟

زۆرترین بینراو
نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن
سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
هادی عامری: بەبانکیکردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم کۆتاییهاتوه‌و ئەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە
دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی به‌ بانكیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌وه‌ بڕیارێك ده‌رده‌كات
ئەمریکا توڕه‌یى‌و نیگەرانی لەبڕیارێكى عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت
موچه‌ی وه‌زاره‌تێكی هه‌رێم زیاد ده‌كات‌
كاتی گەیشتنی پارەی مووچەخۆران ئاشكرا كرا
راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و فایه‌ق زێدان
شاندی حکومەتی هەرێم بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکەی گەیشتە بەغدا
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران: له‌گه‌ڵ به‌غدا گەیشتینە چەند خاڵێکی هاوبەش تایبەت بەداهاتی نانەوتیی
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×