چه‌ند كوردێك..چه‌ند عێراقێك؟

هەندرێن شێخ راغب
  2024-03-07     175

ئێستا چوار كوردستانمان له‌ناو عێراق هه‌یه‌. عێراقیش یه‌ك ناونیشان و یه‌ك ناوه‌، به‌ڵام یه‌ك جوگرافیاو یه‌ك سه‌نته‌رو یه‌ك نه‌ته‌وه‌و ده‌وڵه‌تێكی یه‌كگرتوو نیه‌. ئێستا چه‌ند عێراقێكمان هه‌یه‌، عێراقێكی ئێرانی، یه‌كێكی ئه‌مریكی، ورده‌ عێراقێكی دیكه‌مان هه‌یه‌ له‌ پارچه‌ی توركی و ئیماراتی و سعودی و ئوردنی وڵاتانی ئه‌وروپی پێكهاتووه‌. به‌مجۆره‌ ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ خاوه‌نی چه‌ندین بڕیاره‌ له‌ناو یه‌ك ناونیشاندا. له‌ناو ئه‌م جوگرافیایه‌دا كاتێك سیاسه‌ت ده‌كه‌یت ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریكاو ئێران و ئه‌م پارچه‌و پوچانه‌ی باسمان كرد له‌به‌رچاو بگریت.

دوو شیعه‌ هه‌یه‌ له‌ عێراق، شیعه‌یه‌كی عه‌ره‌بی عێراقی، شیعه‌یه‌كی ئێرانی، ئه‌م حكومه‌ت و ده‌وڵه‌ته‌ی ئێستا به‌ته‌واوی له‌به‌رده‌ست شیعه‌ی ئێرانه‌، چونكه‌ دوای پاشه‌كشه‌ی موقته‌دا سه‌در، ئێران چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی دروست كرد. سونه‌ش دوو دانه‌یه‌، سونه‌ی پاشماوه‌ی به‌عسی و چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌عسیه‌كانن، سونه‌یه‌كی مه‌زهه‌بی و گرێدراو به‌ عه‌شیره‌ت و ده‌وڵه‌ته‌ هه‌رێمیه‌كان. كوردیش چه‌ندین كورده‌. چه‌ند كوردێك هه‌یه‌ له‌عێراق. ئه‌وه‌ی بۆ كورد مه‌ترسیداره‌ ئێستا چوار كوردستان هه‌یه‌ له‌ناو عێراق، ده‌یانه‌وێت وه‌ك نه‌ته‌وه‌ش كورد بكه‌نه‌ چوار كورد؟؟. چۆن؟

هه‌رێمی كوردستان، به‌كرده‌وه‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن دوو كوردستان بێت، زۆنێك ناوه‌نده‌كه‌ی شاری سلێمانیه‌، زۆنێك ناوه‌نده‌كه‌ی شاری هه‌ولێره‌, ده‌یانه‌وێت نه‌ك هه‌ر له‌روی كارگێڕی و سیاسی و حوكمڕانی، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی زمان و كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگیش بیكه‌نه‌ دوو كوردستان. ئه‌م دوو كوردستانه‌ هه‌ریه‌كه‌یان سه‌ر به‌ عێراقێكه‌، سلێمانی له‌ عێراقی ئێرانی نزیكه‌، هه‌ولێر له‌ عێراقی توركی و سونه‌و تۆزێك عێراقی ئه‌مریكی نزیكه‌. كوردستانی سێیه‌م ئیداره‌ی خۆسه‌ری شه‌نگاله‌. ئه‌م كوردستانه‌ ناوه‌نده‌كه‌ی شاری شه‌نگاله‌. راسته‌ ئیداره‌ی خۆسه‌ری شه‌نگال، په‌كه‌كه‌و هێزه‌كانی نزیكه‌كانی له‌وێ رابه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن و به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، توركیا مه‌به‌ستیه‌تی ئه‌م كوردستانه‌ بۆ خۆی بێت و زۆر ته‌ماعی تێدایه‌، ده‌یه‌وێت ئه‌ویش كوردستانێكی هه‌بێت له‌ عێراق؟. كوردستانی چواره‌م، كه‌ركوكه‌، ناوه‌ندی ئه‌م كوردستانه‌ شاری كه‌ركوكه‌، به‌ قه‌زاو ناحیه‌كانی ده‌وروبه‌ریه‌وه‌ تاوه‌كو خانه‌قین. راسته‌ رازی ده‌بن به‌ دانانی پارێزگارێكی كورد، به‌ڵام ده‌بێت كه‌ركوك له‌ژێر هه‌یمه‌نه‌ی سێ كوردستانه‌كه‌ی تر نه‌بێت به‌هیچ جۆرێك، نه‌ هه‌ولێر، نه‌ سلێمانی، نه‌ شه‌نگال. ئه‌م كوردستانه‌ ئێران و عێراق و سونه‌كان خۆیان به‌خاوه‌نی ده‌زانن، به‌ڵام كوردستانه‌كه‌ی كه‌ركوك ده‌ستی قوڵی ئینگلیزی تێدایه‌. ئێستا به‌كرده‌وه‌ ده‌یانه‌وێت چوار زۆنی كوردی ته‌واو دژ به‌ یه‌ك و ناكۆك و په‌رته‌وازه‌ له‌ناو عێراق دروست بكه‌ن(هه‌ولێر، سلێمانی، شه‌نگال، كه‌ركوك).

ئه‌گه‌ر كورد خاوه‌نداریه‌تی له‌ قه‌زیه‌كه‌ی ده‌كات و خاوه‌نی فكرو به‌رنامه‌و سیاسه‌تی كوردستانی ونه‌ته‌وه‌یی خۆیه‌تی، ده‌بێت به‌هه‌موو توانایه‌كیه‌وه‌ روبه‌روی ئه‌م جۆره‌ سیاسه‌ته‌ مه‌ترسیدارو پلان بۆ داڕێژراوه‌ ببێته‌وه‌. كرۆكی سه‌ركه‌وتنی كورد ئه‌وه‌یه‌ یه‌ك كوردستان هه‌بێت له‌ ناو عێراق و یه‌ك كورد هه‌بێت. ئه‌گینا چه‌ند زۆنێكی بچوك كراوه‌ی كوردی له‌ناو عێراق هه‌میشه‌ مایه‌ی ناسه‌قامگیری و نائارامی پڕ ناكۆكی ناوخۆیی ده‌بێت و خۆمان وون ده‌كه‌ین. راسته‌ چه‌ند عێراقێكیش هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت چوارچێوه‌یه‌كی هه‌یه‌ ناوی ده‌وڵه‌ته‌و خاوه‌نی ئاڵایه‌ك و نوێنه‌رێكه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی دنیا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن
هادی عامری: بەبانکیکردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم کۆتاییهاتوه‌و ئەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە
سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی به‌ بانكیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌وه‌ بڕیارێك ده‌رده‌كات
ئەمریکا توڕه‌یى‌و نیگەرانی لەبڕیارێكى عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت
كاتی گەیشتنی پارەی مووچەخۆران ئاشكرا كرا
هه‌رێم داهاتە نانەوتییەکان ڕادەستی‌ بەغداد ده‌كات
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران: له‌گه‌ڵ به‌غدا گەیشتینە چەند خاڵێکی هاوبەش تایبەت بەداهاتی نانەوتیی
شاندی حکومەتی هەرێم بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکەی گەیشتە بەغدا
راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و فایه‌ق زێدان
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×