چی رودەدات...

هەندرێن شێخ راغب
  2019-01-30     974


هەموو لایەك باش دەزانن سێگۆشەی سنوری(قەندیل)، ناوەندێكی سەختی فراوانی لەدەست دەرچووە لەروی هێزی هەرێمیەوە، لەشەڕی نێوان‌ عێراق‌و ئێران هیچیان بە سوپا زەبەلاحەكەی خۆیانەوە پێیان كۆنتڕۆڵ نەكرا. كە كیانی هەرێمی كوردستان دروست بوو، پارتی‌و یەكێتی شەڕیان لەگەڵ پەكەكە كردو دوبارەشیان كردەوە، كەچی ئەم سێگۆشە سنوریە پێیان كۆنتڕۆڵ نەكرا. توركیا باش دەزانێت پەكەكە هیچ پەیوەندیەكی بەهەرێمی كوردستانەوە نیە، بەڵام باشترین بیانووە بۆ ئەوەی پەلاماری هەرێمی كوردستان‌ بدات‌و لەشكۆو سەروەری كیانی كوردی بدات، لەئێستادا توركیا لەسێ پارچەی كوردستان جەبهەی لەكورد گرتووە(رۆژئاوا، باكور، باشور) بیانوەكەش پەكەكەیە..بەهۆی هەبونی پەكەكە چەندین ساڵە بنكەو بارەگای خۆی لە باشوری كوردستان زیاد دەكات. 


لەرۆژانی رابردوو لە ناوچەی دێرەلوك‌و شیلادزێ، فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا چوار هاوڵاتی مەدەنی بێ چەكی كوردیان شەهید كرد، بەبێ ئەوەی پەكەكە لەم ناوچەیە بوونی هەبێت، هاوكات ئەمڕۆش هاوڵاتیانی مەدەنی خۆپیشاندانیان كردو سەربازانی توركیا بێ ئەوەی تۆز قاڵێك شەرم لەسەروەری كوردستان بكەن، تەقەیان كردووەو هاوڵاتیەك شەهید بووەو چەندینی دیكەش بریندارن، ئیرادەی مەردانەو كوردانەی بادینان پەلاماری بارەگای داگیركەری توركیایان داو ئاگریان تێبەردا، بەهۆی ئەم روداوە سەربازیە شەهیدو برینداری هەبوو، بەڵام بێ دەرەنجامی سیاسی نابێت. بۆیە وەك ئەركێكی هاوڵاتی‌و هاونیشتمانی‌و كوردێك، هاوكات وەك ئەندامی سیاسی ئۆرگانێكی سیاسی داوا دەكەم: 


یەكەم: بۆ بەرز راگرتنی شكۆی ئینسانی كوردو لەبیرنەچونی خوێنیان، پێویستە لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان خۆپیشاندانی جەماوەری دژی توركیا‌و بەئامانج گرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجام بدرێت.


دووەم: ئەم روداوانەی ئەمڕۆی شیلادزێ‌و دێرەلوك، با سەرەتایەكی گرنگ بێت بۆ دەست پێكردنی هەڵمەتی دەركردنی تەواوی بارەگاو بنكەوناوەندی سەربازی‌و میتی توركی‌و ئێرانی‌و ئیتلاعات، لە سەر سنوری هەرێمی كوردستان‌و ئەم ناوچانەی داگیریان كردوون.


سێیەم: خەباتێكی سەرتاسەری مەدەنی‌و جەماوەری بێت‌و بەحزبی نەكرێت، بەڵام مەرجە هەموو حزبەكان ئەوانەی خۆیان بەخاوەنی هەڵوێست دەزانن بەشداری كارایان هەبێت.


چوارەم: پێویستە وەك یەك پاكێجی نیشتمانی سەیری بابەتەكە بكرێت، نەبێتە شەڕە زۆنی سیاسی.


پێنجەم: حكومەتی عێراقی بەفەرمی بێتە ناو بابەتەكەو سەروەری هەرێمێكی دەستوری ناو دەستوری عێراق بپارێزێت.


شەشەم: پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوەیەكی تایبەت لەم بارەیەوە ئەنجام بدات‌و بڕیاری دەركردنی بنكەو بارەگای دەوڵەتانی ناوچەكە دەربكات.(وا بزانم كاتی خۆی پەرلەمان شتێكی لەم بارەیەوە هەبوو). 


ئێوە سەیر بكەن دوای بیست‌و حەوت ساڵ لە حوكمڕانی كوردی، دوای ئەوەی توركیا بە ملیار دۆلاری دەستكەوتوە لەهەرێم‌و دەستیشی دەكەوێت، دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان پەنجا ساڵ نەوتی خۆی داوەتێ، دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان باشترین دراوسێی توركیابووە، كەچی ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا دەڵێت زەلكاوو زۆنگاوی هەرێمی كوردستان. تۆ بە كوردستان بڵێی زۆنگاو، ئێمەش بارەگا‌و بنكەت دەسوتێنین‌و دەرت دەكەین؟. كەواتە ئەوەی روو دەدات ئەوەیە كە توركیا وەك زۆنگاو سەیری هەرێمی كوردستان دەكات، بۆیە ئێمەش دەبێت وەڵاممان هەبێت. دەبوو لەسەر بە زەلكاوو زۆنگاو وەسف كردنی هەرێمی كوردستان قونسوڵخانەی توركیا دابخرابوایە؟. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
بافڵ تاڵەبانی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا دەكرێت
ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د: هیچ هێزێكى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى‌و توركى لاى ئێمه‌ تیرۆریست نین
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
مەسعود بارزانی: ناكرێ لەو وادەیەی دیاریكراوە "هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد" بەڕێوەبچێت
وتەبێژی وەزارەتی دارایی: دەستمان بە رێککارەکانی پلەبەرزکردنەوە کردوە
وەزیری نەوتی عێراق: داوامان لە حكومەتی هەرێم كردوە نەوت رادەستی سۆمۆ بكەن بۆ هەناردەكردنی
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×