حەفتاو دو کاتژمێری یەکەمی 17ی شوبات

شنیار ئەنوەر
  2019-02-17     540

هەندێکجار دەکرێ لەکەمترین دەرفەتتا هێزێکی ئۆپۆزسیۆن دروستببێت‌و لەکەمتر لەدو ساڵدا ببێتە بەدیلی دەسەڵات ئەگەر سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن خەونی وەرگرتنی دەسەڵاتیان هەبێت وە بوێربن لەبریاردان لە ساتە هەستیارەکاندا.

هەندێک جاریش رەنگە چارەکە سەدەیەک یان نیو سەدە چاوەرێبکەیت و هێشتا ئۆپۆزسیۆنێک کە خەونی وەرگرتنی دەسەڵاتی هەبێت دروست نەبێت.

ڤەنزوێلاو ئۆکرانیاو فەرەنساو بەرازیل، تورکیا (1998_2002)، هندستان، مەکسیک لەنمونەی یەکەمن کە ئەو هێزانەی دەسەڵاتین وەرگرت تەمەنیان کەمتر بوو لە دوو ساڵ.

وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە هێندەی پەیوەندی بە روئیا و ئامادەسازی ئۆپۆزسیۆنەوە هەیە، هێندە پەیوەندی بە پتەوی و بەهێزی دەسەڵاتەوە نیە. دۆخی سیاسی هیچ وڵات و ناوچەیەک ستاتیک (جێگیر) بۆ هەتا هەتایە بەتایبەت لە سیستمی جیهانی ئەمرۆ دا تەنانەت نرخی تەماتە و نان  لەدەست هیچ حکومەتێکدا نەماوە.

دەکرێ قەیرانێکی ئابوری، ئەمنی، یان خرۆشانێکی جەماوەری لەپر بەسبێت بۆ گۆرینی دەسەڵات بەشێوەی دیموکراتی یان فشاری جەماوەری.

نمونەی دووەم وەک سوریا، ئێران، عیراقی صەدام، میصر(ئیخوان هیچ کات وەک بەدیل خۆی نەناساند تا رووخانی رژێم وە خاوەنی هیچ روئیایەکی حوکمرانی نەبوون پێشتر بۆیە کە دەسەڵاتیشیان وەرگرت خێرا لێیان وەرگیرایەوە،  بەپێچەوانەی پارتی داد و گەشەپێدان کە هەر لە سەرەتاوە خەونی وەرگرتنی دەسەڵتیان هەبوو وە خاوەنی روئیایەکی روونیش بون بۆیە جەنراڵەکانی تورک لەوەی میصر بەهێزتر بون بەڵام نەینتوانی داد و گەشەپێدان لە دەسەڵات دوربخەنەوە).

جیاوازی گەورە هەیە لە نێوان نارەزایی و ئۆپۆزسیۆن، نارەزایی دۆخێکی کاتی یە دەکرێ بە بریارێک بگۆردرێت یان کپبکرێتەوە.

بەڵام ئۆپۆسیۆن پرۆژە و پلانە، ئۆپۆزسیۆن دەکرێ سود لە نارەزایەتی و قەیرانەکان ببینێت وەک دەرفەتی گرنگ بۆ خۆسەلماندن بەڵام هەرگیز کاری ئۆپۆزسیۆن لە نارەزایی دا کورتناکرێتەوە بەڵام هەمو نارەزایەتیەک دەرفەتێکە بۆ ئۆپۆزسیۆن.

لە کوردستان دوو جار دەرفەتی گرنگ بۆ گۆرینی سیستمی سیاسی کوردستان هاتۆتە پێش کە بای هێندە بەهێزبون کە گۆرانکاری لە سیستمی سیاسی کوردستان بکەن.

روداوی یەکەم 17  شوباتە کە بە دەرفەتێکی کەم وێنە بۆ ئۆپۆزسیۆن (بەتایبەت گۆران) دادەنرێت ئەگەر سەرکردەکانی ئەوکاتی گۆران لەبری بەکارهێنانی نارەزایەتیەکان بۆ فشارخستنە سەردەسەڵات و ناچارکردن بە چاکساز و کۆبونەوەی شەش قۆڵی، دەیتوانی لە 72 کاتژمێری یەکەمی دوای روداوەکانی 17 شوبات ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە بۆ وەرگرتنی دەسەڵات و کۆتایی هێنان بە سیستمی جوت حزبی.

لەبری ئەوە، ئۆپۆزسیۆن دەسیانکرد بە پێشکەشکردنی پاکێجی چاکسازی و پێدانی کات بە دەسەڵات، بەمەش گەورەترین دەرفەتیان لەدەستدا و لە راستیدا بونە رزگارکەری دەسەڵات بەهۆی خراپ مامەڵەکردنیان لەگەڵ نارەزایەکان.

دەرفەت دووەم دوای ریفراندۆم و روداوکانی کەرکوک کە ھەردوو حیزب لە لێواری ھەرەسدابون، بەڵام ئەم دەرفەتەش بێ هیچ ئاگاییەک تێپەری.

نمونەیەکی تر سوریایە. ئەوەی لە دوای 2011 کاتێک لە بەهاری ئەوساڵەدا گەلی سوریا راپەری بەهۆی نەبونی ئۆپۆزسیۆن هیچ هێزێک نەیتوانی ببێتە بەدیلی ئەسەد، هێزە ئۆپزسیۆنە کوردی و عەرەبییە ئوتێل نشینەکان هێندە سەرقاڵی کۆنفرانس و دروستکردنی ئەنجومەن وپۆست دابەشکردن بون و سەرەرای ئەو هەموو پشتیوانییە نێودەوڵەتییە بۆ هێزە نەیارەکانی ئەسەد تائێستاش هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی فعلی لە سوریا بونی نییە.

بەڵام چونکە پەیەدە خاوەن روئیای حوکمرانی بوو توانی لە کەمترین ماوەدا لە رۆژاڤا ببێتە بەدیلی رژێم، سەرەرای دژایەتی تورکیا و وڵاتانی عەرەبی و دژایەتی بارزانی توانیان ببنە ئەمری واقیع و ئەمریکا وەک ستراتیژی ترین هاوبەشی خۆی تەماشایان بکات لە سوریا.
 
بۆیە ئەوە تەمەنی ئۆپۆزسیۆن نییە کە هۆکاری گۆرانکاری یە، هێزی چەکدار و پتەوی دەسەڵاتیش هۆکاری مانەوەی هیچ سیستمێک نییە، بەڵکو روئیای ئۆپۆزسیۆن و ئامادەسازی پێشوەخت، بوێری لە بریاردان لە کاتی خۆی.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×