بەلشەڤیزم چ شتێکی گۆڕی؟

ئاسۆ کمال
  2019-05-21     1099
گرامشی لە وتاری "کێشەکانی مارکسیزم"دادەڵێ" لینین بەرپرسە لە گرنگی فەلسەفی ئایدیا و فاکتی ھەژمونی"*١دا . کە ئەم " گەشەی سیاسی فکرەی ھەژمونیە دەرخەری پێشکەوتنێکی گەورەی فەلسەفی و ھەروەھا پراتیکی سیاسیشە"*٢. واتە دەرک کردن بەوەی کە "پرۆلیتاریا دەبێ خەبات بکا تا ببێتە چینی دەسەلاتدار لە پۆتانشێل و ھێزی ناوەوەیدا"."خەبات بۆ ھەژمونی دەبێ پێش گەیشتن بەدەسەڵات بێت، وەلەکاتی ئەودا، و لەدوای دەسەڵاتیشدا بێت."*٣  ئەمە ناوەرۆکی ئەو گۆڕانکارییەیە کە لینین و بەلشەفیزم بەسەر کۆمۆنیزمی سەردەمی خۆیاندا، کۆمۆنیزمی سەدەی بیستدا، ھێنایان.

سۆشیال دیموکراتی لە ئەوروپادا تا ئەوکات لە پرۆسەی گۆڕان لە یۆتۆپیاوە بەرەو زانست، وە لە بزوتنەوەی ئاڵوگۆڕی شێنەییدا بەرەو حزبی پانوبەرینی جەماوەری خاوەن کورسی لە پەرلەمانی بورژوازیدا گەشەی دەکرد. بەڵام شۆڕشی دیموکراتی لە ڕوسیادا دژ بەدەسەلاتی ڕەھای قەیسەری زەمینەیەکی نوێی دروستکرد کە چینی کرێکار کۆمۆنیزم وەک ڕێگاچارەیەکی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕزگاربون لە قەیسەریەتی ئۆرکستۆکراتی فیودالی تاقی بکاتەوە. ئەمە تایبەتمەندی ڕوسیا بوو کە لەسەرەتای سەدەی بیستدا ھاوشێوەی شۆڕشە دیموکراتیە بورژواییەکانی ناوەڕاستی سەدەی ١٩ی ئەوروپا ، ئەم وڵاتە ببووە مەڵبەندی شۆڕش.

ئەوەی لینین و بەلشەفی لە مەنشەفی و سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانی جیادەکردەوە ئەم خاڵە بوو، کە مارکس و ئەنگلس لە سەردەمی مانیفیستەوە تا کۆتایی سەدەی ١٩ ھەوڵیان بۆ دەدا، بەوەی کە چینی کرێکار لە شۆڕشی بورژوازیدا نابێ ببێتە پاشکۆی حزب و ڕەوتە بورژوازیەکان، بەڵکو دەبێ ڕیزی سەربەخۆی خۆی جیابکاتەوە لەو شۆڕشەدا و بەشوێن بەرژەوەندیەکانی خۆیەوە بێ و ئامانجی گۆڕینی سیستەمی سەرمایەداری بێ.

ئەم ڕەوتە شۆڕشگێڕانەیە لەناو چینی کرێکاردا بەرھەمی ئەو زەمینە شۆڕشگێڕانە بوو کە لە ڕوسیادا ھەبوو کە دەیوسیت پەیوەندیە دەرەبەگایەتی و دەسەڵاتە دیکتاتۆریە سەرەڕۆیە قەیسەریەکەی بگۆڕێ بە پەیوەندی سەرمایەداری و دەسەڵاتی پەرلەمانی و فەراھەمبوونی ئازادی سیاسی. بەپێی کاریگەری شۆڕشە کرێکارییەکانی ئەوروپا و بوونی بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی سۆشیال دیموکراتی کە لە ئەنتەرناسیونالی دووەمدا خۆی نیشاندەدا و لە ڕوسیاشدا کاریگەری گەورەی ھەبوو، وە ھەروەھا بوونی بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی جوتیاری، ئەمانە ھەموویان ئاستی چاوەڕوانی و گەشەی سیاسی کرێکارانی ڕوسیای لە شۆڕشی ١٩٠٥ ەوە بردە سەر . بەتایبەت کە بورژوازی ڕوسیا دوای شۆڕش ببوە ھاوپەیمانی قەیسەر و کرێکاران پێویست بوو خۆیان ببنە ڕابەری بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕوخاندنی دەسەڵاتی قەیسەر و کۆتایی ھێنان بە پاشماوەکانی دەرەبەگایەتی و ئۆرۆستۆکراسی زەمینداران و بەدەستھێنانی ئازادیە سیاسیەکان.

ئەم ئامانجانە شتێکیان سەبارەت بە سۆشیالیزم و گۆڕینی سیستەمی سەرمایەداری تێدانەبوو، ھەرچەند لە بەرنامەی سۆشیال دیموکراتیدا سۆشیالیزم ئامانج و خواستی کۆتایی بوو. تەنانەت تاکو نیسانی ١٩١٧ش لینین دەڵێ " ئەرکی دەستبەجێی ئێمە نییە کە سۆشیالیزم ‌‌پێشکەش بکەین‘‘ "*٤.بەڵام ھەڵوێست و تاکتیک سەبارەت بە خودی شۆڕش خۆی لەڕوسیادا ببوە تەوەری ناکۆکی ناو بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیال دیموکراتی. ئەمە لە کتێبی دوو تاکتیکی سۆشیال دیموکراسی لە شۆڕشی دیموکراتیک"*٥ی لینیندا دەبینین. ئەوەی لێرەدا مەسەلەی سەرەکیە دەوری چینی کرێکارە لە شۆڕش ودەسەڵات و دەوڵەتدا. گرامشی دەڵێ "کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە چۆن چینی کرێکار و ژێردەستەکان بتوانن ھەژمونی پەیدابکەن، باوەڕیان بەوە ھەبێ کەتوانایان ھەیە وەک چینی دەسەلاتدار و ئەم ئیعتبارەیان لای چینەکانی تر ھەبێ." *٦ .لای لینین ئەمە مەسەلەی سەرەکیە لە شۆڕشەکانی ڕوسیادا، جا لە شکڵی "دیکتاتۆریەتی دیموکراتی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران و جوتیاران"دا بێت وەک لە ١٩٠٥ یان لە"ھەموو دەسەلاتێک بۆ شوراکان"ی نیسانی ١٩١٧ بێت یاخود لە "دیکتاتۆریەتی پرۆلیاتاریا"ی ئۆکتۆبەری ١٩١٧دا.

دەوری خەباتی جەماوەری لە شۆڕشی ڕوسیادا کاریگەری خۆشی لەسەر سۆشیال دیموکراتی جیھانی دانا بە ئاراستەی ڕادیکال کردنەوەی ئەم بزوتنەوەیە و سەرھەڵدانی شوراکانی کرێکاران و جوتیاران لە شۆڕشی ١٩٠٥ و دواتر گەشەکردنی ئەم شورایانە لە ١٩١٧، دەرگای بەڕووی دەرچوون لە ئەزمەی بنبەستی پەرلەمانتاریزمدا کردەوە. ئەم شێوازە لە ڕێکخراوی چینایەتی دەورێکی گەورەی گێڕا لەسەر سەرخستنی دەوری بەلشەفیەکان بە ئاراستەی گەشەدان بەو ڕەوتە ڕادیکاڵەی داوای دەسەڵاتدارێتی ڕاستەوخۆی کریکارانی دەکرد و دروشمی " ھەموو دەسەڵات بۆ شوراکان"ی کردە بەدیلی حکومەت و پەرلەمانی بورژوازی.

لە ئەزمەی دەسەڵاتدارێتی بورژوازی ڕوسیە و بنبەستی سۆشیال دیموکراتی مەنشەفیکی و سۆشیال شۆڕشگێڕەکاندا بەمانەوە لە پەراوێزی حکومەتی کرنسکیدا، کە درێژەی بەھەمان سیاسەتی شەڕی ئیمپریالیستی و دەسەلاتدارێتی خاوەن زەویە گەورەکان و سەرمایەداران دەدا، بەلشەفیەکان لە ڕیگەی شوراکانی کرێکاران و سەربازان و جوتیارانەوە توانیان پەیوەندیەکی ئۆرگانی لەنێوان حزبی شۆڕشگێڕ و جەماوەری بزوتنەوە شۆڕشگێڕانەکە دروست بکەن. ئەم پەیوەست بونەی بەلشەفیەکان بە پراتیکی شۆڕشگێڕانەی جەماوەرە لە شوراکاندا و لەناڕەزایەتیەکاندا و خستنەڕووی ئاسۆیەک بۆ بەسەرئەنجام گەیاندنی خواستە شۆڕشگێڕیەکانی وەک مەسەلەی ئاشتی و زەوی بۆ جوتیاران و دەوری سەندیکاکرێکاریەکان لە کارگەکاندا، توانی خواستی گشتی سۆشیالیزم بکاتە بەدیل و بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی بەدەوردا کۆبکاتەوە. بەلشەفیەکان بەم کارەیان ئەوەیان لەخۆ نیشاندا کە تەنیا دەسەڵاتی ئەوان دەتوانێ درێژە بەو دۆخە شۆڕشگێڕانە بدا کە کرێکاران و جوتیاران و سەربازان بگەن بە خواستەکانی خۆیان .ئەم کارەی بەلشەفیەکان درێژەی ئەو ترادسێونە کرێکاریە بوو کە لە شۆڕشی فەرەنسا ژاکۆبینەکان و کۆمۆنارەکانی پاریس ھەڵگری بوون، ئەویش تێگەیشتن و وشیاریە سەبارەت بە خەباتی چینایەتی و ئامانجەکەی کە گرتنە دەستی دەسەڵات و سەرکوتی بەرھەڵستکاری بورژوازیە. 

بەلشەفیەکان دەرسیان لە شکستی ژاکۆبینەکان و کۆمۆنارەکان وەرگرتبوو و بەم پێیە لە پرۆسەی دوو دەیەدا حزبێکی سیاسی و جەماوەری کرێکاریان دروست کردبوو. ئەمە خاڵی سەرکەوتنی بەلشەفیەکان بوو لە مانەوە لەدەسەڵاتدا و شکست پێدانی سوپای سپی و ھێزە بورژوازیە ڕوسی و جیھانیەکان بوو. 
ئەم حزبە لە جەرگەی سێ شۆڕشدا دروست بوو، کە چینی کرێکار تیایاندا چالاک بووە. وە کاتێ دەوڵەتی کاتی بورژوازی بووە ڕێگر لەبەردەم گەیشتنی کرێکاران و جوتیاران بە خواستەکانیان و دۆخەکە پێویستی بە حزبی کرێکاران ھەبوو تاکو توانای شۆڕشگێڕانەی شوراکان بکاتە دەسەڵاتێک بەرامبەر بە بورژوازی، بەلشەفیەکان بەوەڵامدانەوە بەم دۆخە بوونە بەدیلی دەسەڵاتی دەوڵەتی. ئەم پەیوەندیەی بەلشەفیەکان بە پراتیکی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران لەم سێ شۆڕشەدا و ئاراستەکردنی ڕەوتی شۆڕشگێڕانە بەدژی حزبە بورژوازیەکان و حکومەتەکەیان حزبی بەلشەفی کردە شەخسیەت وکاراکتەری دەوڵەتی ئایندەی بەلشەفیەکان. بەپێچەوانەی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانی و مەنشەفیەکانەوە، بەلشەفیەکان نەبوونە پاشکۆی حکومەتە بورژوازیەکان لە کاتی شەڕی جیھانی یەکەم و لە دوای شۆڕشی شوباتی ١٩١٧دا، بەڵکو لەڕیزی ئۆپۆزسیۆنی ئەم حکومەتانە و لەڕیزی پێشەوەی ناڕەزایەتی و شۆڕشی کرێکاران و جوتیاراندا بوون و دژ بە سیاسەتە ئیمپریالیستی و شۆڤینیستی و سەرکوتگەریەکانیان دەوەستانەوە. ئەمە بووە ھۆی ئەوەی بەلشەفیەکان لە جەماوەری کرێکاران و ڕەوتی شۆڕش دانەبڕێن. ئەو پێداگریەی ئەم حزبە لەسەر "سەربەخۆیی کریکاران و گرنگی پەیداکردنی ھەژمونیان بەسەر کۆمەڵگەدا نیشانەی فۆرمێکی نوێی دەوڵەت بوو"*٧ کە بەلشەفیەکان لە خۆیان نیشاندا.
بەڵام ئایا ھەر حزبێک بەوەی پێکھاتەکەی کرێکاری بێ و بەرنامەکەی بانگەشەی سۆشیالیستیە دەتوانێ کۆمەڵگەی سەرمایەداری بگۆڕێ بە کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستی و کۆتایی بەدەسەڵاتی چینایەتی بھێنێ؟ لە لیکۆڵینەوەماندا لەسەر تەجروبەی سۆڤیەت و بەلشەفی بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە دەدەینەوە کە بۆچی حزبی بەلشەفی سەرەڕای ئەوەی کرێکاری بوو، وە سەرەڕای ھەموو ئەو تایبەتمەندیانە و پێشڕەویانەی سەرەوە باسمان کرد بۆ ھێشتا نەیتوانی شۆڕشی سۆشیالیستی بەسەرکەوتن بگەیەنێ؟ بێگومان دەبێ لەو خاڵانەی سەرەوە و پراتیکی دەوڵەتی بەلشەفیەکان بکۆڵینەوە بزانین ئەو ھۆکارە شاراوە چین لە پشتی شکستی ئەم حزبە شۆڕشگێڕەوە بوە لەکاتێکدا گەیشتۆتە دەسەڵات؟ 
سەرچاوەکان:
*١ گرامشی ، دەفتەرەکانی زیندان، کێشەکانی مارکسیزم، ل٣٨١، بەزمانی ئینگلیزی
*٢ گرامشی ، دەفتەرەکانی زیندان، دراسەی فەلسەفی ،ل ٣٣٣، بەزمانی ئینگلیزی
٣* ھۆبسباوم، چۆن جیھان دەگۆڕین، گرامشی، ل ٣٢٥، بەزمانی ئینگلیزی
*٤لینین، تێزەکانی نیسان ، https://www.marxists.org/archive/lenin/works/١٩١٧/apr/٠٤.htm
* ٥ لینین، دوتاکتیک، https://www.marxists.org/archive/lenin/works/١٩٠٥/tactics/index.htm 
*٦ ھۆبسباوم، چۆن جیھان دەگۆڕین، گرامشی، ل ٣٢٤، بەزمانی ئینگلیزی
*٧  گرامشی، دەفتەرەکانی زیندان، کێشەکانی مارکسیزم،ل٣٨٨، بەزمانی ئینگلیزی

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×