دوالیزمی شۆڕش‌و ڕیفۆرم

ئاسۆ کمال
  2019-04-09     263
وتاری پێنجەم لەزنجیرەی حزب‌و دەوڵەت‌و کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم

یەکێک لەئاڵوگۆڕە ڕیشەییەکانی بەسەر سۆشیال دیموکراتی کرێکاریدا ھات لەدوای کۆمۆنەی پاریسەوە جێگای ریفۆرم‌و ھەڵوێست سەبارەت بەدەوڵەت بو لەم بزوتنەوەیەدا.

لە دەورانی شۆڕشەکانی ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا و لە خەباتی دیموکراتی بورژوازی دژی دەرەبەگایەتی و خاوەن موڵکە ئەرستۆکراتەکان کرێکاران لە پێناو ئازادی و مافە ئابوریەکانی خۆیاندا بەشداری ئەم شۆڕش و خەباتە سیاسیە بوون. بەڵام بە سەقامگیری دەسەڵاتی پەرلەمانی بورژوازی، وەک ئاکامی جێگیربونی ئیمتیازات و یاسا و باج و شێوازی بەرھەمھێنانی سەرمایەداری و نەھێشتنی ئیمتیازاتی دەرەبەگایەتی، ئیتر بورژوازی بووە ھێزی دەسەڵاتدار کە سەرکوتی ھەر خەباتێکی کرێکاری دەکرد کە دژ بە سیستەمی کاری بەکرێی سەرمایەداری دەوەستایەوە. سەرەتا بورژوازی تازە دەسەڵاتدار ئەم خەباتەی کرێکارانی ڕاستەوخۆ سەرکوت دەکرد و ھەروەک لە ئەڵمانیا یاسای دژی سۆشیالیستەکانی سەپاند و لە ھەموو وڵاتانی تریش ھێرشی بەردەوامی دەکردە سەر یەکێتیە کرێکاریەکان و ڕیکخراوە سۆشیالیستی و کۆمۆنیستیەکانی چینی کرێکار.

بەڵام دواتر و بەتایبەت پاش کۆمۆنەی پاریس بورژوازی بە ناچاری و وەک ئەمری واقع دانی نا بە دەوری چینی کرێکار و ڕێکخراوەکانیدا و ھەر بۆیە ڕێگای لە قاڵبدانی ئەم بزوتنەوەیەی گرتە بەر لە چوارچێوەی دەسەڵات و دامەزراوەکانی بورژوازی خۆیدا و لە ھەندێک لە وڵاتەکانی ئەوروپای ڕۆژئاوادا ڕێگا بە کاری یەکێتیە کرێکاریەکان و ڕۆژنامە سۆشیالیستیەکان درا و ڕێگریەکانی بەردەم دەنگدانی گشتی کەمکرانەوە و نوێنەرانی سۆشیال دیموکراتەکان توانیان بەشداری ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەکان بکەن و کورسی بەدەست بھێنن.

ئێمە لەسەر بنەمای ئەم گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوریانەی لە کۆمەڵگە و دۆخی خەباتی چینایەتی نێوان کرێکاران و بورژوازیدا ڕویداوە دەچینە سەر ئەو ئاڵوگۆڕانەی بەسەر سۆشیال دیموکراتی کرێکاراندا ھاتووە لەو دەورانەی سەرەوەدا لە دوای کۆمۆنەی پاریسەوە تاکو جەنگی جیھانی یەکەم.

دەورانی شۆڕشگێڕانەی ئەنتەرناسیۆنال و کۆمۆنە

 یەکێتییەکی ئۆرگانیک کە لەنیوان خەباتی ئابوری و خەباتی سیاسی کرێکاراندا لە بڕیارنامەکانی ئەنتەرناسیونالی یەکەم سەبارەت بە "بنەماکانی ئەنتەرناسیونال و سەبارەت بە یەکێتیە کرێکارییەکان" ھاتبوو، گۆڕدرا بە دوالیزمی شۆڕش و ریفۆرم.

لەم چوار خاڵەی بڕیارەکانی ئەنتەرناسیونالدا لەساڵی ١٨٦٤و١٨٧٢داھاتوە کە:

" ١.ئامانجی کۆتایی خەباتی سیاسی چینی کرێکار ڕزگاری ئابوری کرێکارانە و ھەموو بزوتنەوەیەکی سیاسی تەنیا دەبێت وەک وەسیلە چاوی لێ بکرێ.

٢.حزب بۆ یەکگرتوکردنی ئەو خەباتە ئابوریەیە کە کرێکاران خۆیان دەستیان پێکردووە و لەھەمان کاتدا بۆ بەھێزکردنی ئەم خەباتەیە دژی دەسەڵاتی سیاسی سەرمایەداران و خاوەن موڵکەکان.

٣. گرنگی ئەم حزبە بۆ زەمانەتکردنی سەرکەوتنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و ئامانجی کۆتاییەتی کە نەھێشتنی چینەکانە. "*٢

٤.دواتریش لە بڕیاری یەکێتییە کرێکاریەکان، ڕابردوو، ئێستا و ئایندە" لە ساڵی ١٨٦٦دا ھاتووە کە:" ئەم 'سەندیکایانە' جگە لەمەبەستی سەرەکی، کە یەکگرتووکردنی چینەکەیانە، پێویستە بەشێوەیەکی وشیارانە وەک ڕێکخراوی ناوەندی چینی کرێکار کاربکەن لەپێناو بەرژەوەندی سەرتاپاگیری ھەموو چینەکە بۆ ڕزگاری تەواو و کامڵ. ئەوان دەبێت قەناعەت بە جەماوەری فراوانی چینی کرێکار بھێنن کە ئەم خەباتەیان دوورە لە تەسکبینی و خۆپەرستی و ئامانجی ڕزگاری ملێۆنەھا چەوساوەیە".*٣ 

ھەموو ئەم ھەوڵانەی ئەنتەرناسیونالی یەکەم بۆ ئەوەیە کە چینی کرێکار بە ھەموو بەشەکانی و بیروڕا جیاوازییەکانی ناوخۆیەوە، بتوانێ خۆی سەربەخۆ بکات لە بورژوازی و ببێتە خاوەن ڕێکخراوێکی سیاسی کە بتوانێت ھەم خەباتی ڕۆژانە بکات بۆ باشترکردنی ژیان و ئامادەکردنی بۆ شۆڕشی کۆمەڵایەتی و کۆتایی ھێنان بە دەسەڵات و سیستمی سەرمایەداری. بابزانین چۆن ئەم دوو بنەمایە گۆڕانکاریان بەسەردا ھات. واتە ھەم مەسەلەی سەربەخۆیی لە بورژوازی و دەوڵەت و دامودەزگاکانی و ھەم پێکەوە بەستنی خەبات بۆ ڕیفۆرم لەگەڵ ئامانجی کۆتایی ھێنان بەدەسەڵات و سیستمی سەرمایەداری.

پەیوەندی دیالەکتیکی نێوان خەبات بۆ باشترکردنی ھەلومەرجی ئێستای ئابوری و سیاسی چینی کرێکار و پەیوەستکردنەوەی بە ئامانجی کۆتایی ڕزگاری ئابوری و شۆڕش بەسەر دەسەڵات و سیستەمی بەرھەمھێنانی سەرمایەداریدا، ھەمیشە لای مارکس جێگای گرنگی پێدان بووە و ئەمەش بووەتە مایەی مشتومڕ و جەدەلێکی زۆر لەگەڵ ئەو بەشە لە کرێکاران و سۆشیالیستە ئەنارکیستەکان کە دەوری ئەم پرۆسەیەی گەشەکردنی ڕێکخراوەیی و تەجروبەی سیاسی کرێکارانیان بەلاوە گرنگ نەبوو. مارکس خەباتی چینی کرێکاری بۆ ڕزگاری لە پرۆسەیەکدا دەبینی کە ئەم چینە ئامادەیی تەواوی ھەیە و زەمینەی ماددی لە کۆمەڵگەدا ڕەخساوە بۆ گۆڕینی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵگە و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ھەرەوەزی بێ چین و چەوسانەوە.

ھەر لەم تێگەیشتنەوە مارکس، چەند مانگێک پێش لە کۆمۆنەی پاریس، کرێکارانی پاریسی لە نائامادەیی بۆ ڕووخانی حکومەتی بورژوازی ئاگادارکردەوە. ئەو و ئینگلس لە ڕوانگەی ئامادەکاری زەمینە و پێویستیە کۆمەڵایەتیەکانی شۆڕشی کرێکارانەوە گرنگیان دەدا بە دروستکردنی ڕێکخراوە جەماوەری و سیاسیەکان و بەشداری لە خەباتی ڕۆژانە و وەڵامدانەوە بە کێشە سیاسییەکانی بەردەم خەباتی چینایەتی و بەشداری لە پەرلەمان و ڕاکێشانی جەماوەری کرێکار بۆ ناو گۆڕەپانی ململانێی سیاسی.

بەڵام ئەوان لە شۆڕشی کۆمۆنەدا نەکەوتنە سەرزەنشتکردنی کۆمۆنارەکان و کرێکارانی فەرەنسا، بەڵکو بە پێچەوانەوە لەم پرۆسەی خەباتە چینایەتیەدا لە ھەموو شت زیاتر گرنگیان بە تەجروبەی شۆڕشگێڕانەی کۆمۆنەی کرێکاران دا. کۆمۆنەی پاریس سەرەڕای ھەر کەموکوڕیەکی تیۆری کرێکاران سەبارەت بە کۆمەڵگەی ئایندەی کۆمۆنیستی دەیان ساڵ بزوتنەوەی کرێکاری نزیکخستەوە لەوەی چۆن ئەم چینە دەتوانێت بناغەی کۆمەڵگەیەکی نوێی ئینسانی دابمەزرێنێت. ھەڵوەشانەوەی دامودەزگای دەوڵەتی بورژوازی لە سوپای ھەمیشەیی و بیرۆکراسیەت و جێگیرکردنی کۆمۆنە و چەکداربوونی گشتی و ھەڵبژاردنی ھەموو پلە و پۆستەکانی بەڕێوەبردن و ھتد..ئەمانە ھەڵوێستی چینی کرێکاری بەرامبەر بەدەوڵەتی بورژوازی ڕەنگ ڕێژکرد و کردیە بنەما وبناغەی تێگەیشتن و ھەڵوێستی کۆمۆنیستی سەبارەت بە دەوڵەت و دامودەزگاکانی دەسەڵاتدارێتی بورژوازی.

کۆمۆنەی پاریس مێژوویەکی گرنگی لە چینی کرێکار و کۆمۆنیزمدا دروستکرد، کە بەرجەستەکردنی خەباتی نزیک بە نیوسەدەی کرێکاران بوو لە ڕاگەیاندنی ڕەشنوسی کۆمەڵگەی سۆشیالیستی داھاتوودا.ئەمە بەرجەستەکردنی بڕیارەکانی ئەنتەرناسیونالی یەکەم بوو لەوەی کە " ڕزگاری چینی کرێکار دەبێت بەدەستی چینی کرێکار خۆی بێت.ئامانجی کرێکاران بەدەستھێنانی ئیمتیازاتی چینایەتی نیە بەڵکو ھەڵوەشانەوەی کۆمەڵگەی چینایەتیە. لەکاتێکدا سەرمایەداران دەسەڵاتی سیاسی بۆ کۆیلەکردنی کرێکاران بەکاردێنن ئەوا دەستبەسەرداگرتنی ئەو دەسەڵاتە سیاسیە دەبێتە ئەرکێکی گرنگی چینی کرێکار. ئامانجی کۆتایی خەباتی سیاسی چینی کرێکار ڕزگاری ئابوری کرێکارانە و ھەموو بزوتنەوەیەکی سیاسی تەنیا دەبێت وەک وەسیلە چاوی لێ بکرێت."*٥

کۆمۆنە نمونەیەکی لە دەوڵەتی کرێکاری و دەسەڵاتی سیاسی کرێکاران نیشاندا کە لە بنەڕەتەوە جیاوازە لە دەوڵەتی بورژوازی و پەرلەمان و یاساکانی. دەوڵەتێکی کاتی کە پشتی بە "دیموکراسی" زۆرینە بەستووە ،کە نوێنەران کارگێڕیشن نەک وەک پەرلەمانتار قسەکەر بن و دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەدەست کەسانی ترەوە بێ. ھەربۆیە کۆمۆنەی کرێکاران ئەنتی تێزی پەرلەمانتاریزمی بورژوازی بوو.

بەڵام شکستی کۆمۆنە پرسیار و جەدەل و جیابوونەوەشی بەدوای خۆیدا ھێنا. دوو مەسەلەی سەرەکی دوای کۆمۆنە بریتیبوون لە مەسەلەی پێویستی حزبی سیاسی و ھەڵویست بەرامبەر بە دەوڵەتی بورژوازی و پەرلەمان. ئەنتەرناسیونالی یەکەم دوای کۆمۆنە بڕیاری پێکھێنانی حزبە سیاسیەکانی چینی کرێکار پەسەند دەکات و حزبە سۆشیال دیموکراتەکان لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپی پێکدێن. سەبارەت بە دەوڵەتیش مارکس لەسەر تەجروبەی کۆمۆنە و ئەنگلسیش لەسەر " بنچینەی خێزان و خاوەندارێتی تایبەت و دەوڵەت" تێگەیشتنی کۆمۆنیستی سەبارەت بە دەوڵەت دەخەنەڕوو. بەڵام ئەم بنەمایانە لە دەورەی دوای کۆمۆنەدا لە دڵی ھەلومەرجێکی جیاواز لە دەورانی پێش کۆمۆنەدا پراکتیک دەکرێن و جیاوازی و کێشەکان لەسەر ئەم دوو تەوەرە شکڵ دەگرن.

دوالیزمی ئیڤۆلوشن 

 دەورەی دوای کۆمۆنە دەورەیەکی دوالیزمی ئیڤۆلۆشن و گۆڕانکاری بزوتنەوەی کرێکارییە. دیوێکی وەک لەسەرەوە باسمانکرد گەشەی سۆشیال دیموکراتی و یەکێتیە کرێکاریەکان و جیھانی بوونەوەی خەباتی چینایەتیە، بەڵام ئەمە تەنیا دیوێکی ڕوداوەکان و دۆخی دوای کۆمۆنەی پاریسە. دیوەکەی تری بریتیە لە چەند ئاڵوگۆڕێکی دژ بەیەک و ئاڵۆز.

بورژوازی ئەوروپا و جیھان لەبەرامبەر شۆکی کۆمۆنەدا خەتەری ئەم چینەی لەسەر سیستەمی کۆمەڵایەتی سەرمایەداری کرد و بەدیل و "گۆڕھەڵکەنی" خۆی بینی. ھەربۆیە لەلایەک کەوتە توندکردنەوەی فشار لەسەر ھەموو ئەو ڕێکخراوانەی کە سەر بەو " کۆمەڵەی ئەنتەرناسیونالی کرێکاران" بوو و سیاسەتێکی ئەھوەن تریان بەرامبەر یەکێتیە کرێکاریەکان گرتە بەر. لەلایەکی تریشەوە لیبرالیزمی بورژوازی وەک بزوتنەوەیەکی سیاسی و ئابوری باڵادەست بوو، وە لەسەر بنەمای گەشەی جیھانی سەرمایە کاریگەری لەسەر بزوتنەوەی کرێکاری دانا و توانی ئاستی چاوەڕوانی و شێوازی کاری یەکێتیە کرێکاران لە قاڵبی ریفۆرمیزم و پەرلەمانتاریزم بەرتەسک بکاتەوە و ململانێی بیروڕای شۆڕشگێڕانەی نێو بزوتنەوەی کرێکاری بکا. لە چەشنی فابیەکانی بەریتانیا و "ئیمکانگەرا"کانی فەرەنسا.

چینی کرێکار لەم دەورەیەدا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشەی نوێ بووەوە کە جیاواز بوو لە کێشەی دەورانی سەرکوتی دەوڵەت و برسێتی لەڕادەبەدەری جاران. لە کاتێکدا گەشەی سەرمایەداری بۆ دەورەیەک ڕەخسا بوو، توێژێکی ئەرستوکراتی کرێکاری دروست بووبوو کە پلە و پۆستی سەرەوەی سەندیکا و یەکێتیە کرێکاریەکانیان بەدەستەوە گرتبوو. لەھەمان کاتدا گەشەی سۆشیال دیموکراتی و سۆشیالیستەکان و یەکێتیە کرێکارییەکانیش گەییشتە ڕادەیەکی بەرز کە توانی زۆربەی فشارەکانی دەوڵەتە بورژوازیەکان لەسەر کاری سیاسی و جەماوەری لابەرێت و ئەمەش زەمینەی کاری یاسایی و پەرلەمانی کردەوە و ئەم چینە پێی نایە مەیدانێکی تازەی خەباتی سیاسیەوە.

ئەو پرسیارەی لەم دەورەیەدا دروست بوو ئەوە بوو کە دوای ئەو گەشە ئاسۆییەی بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیال دیموکراتی کردی ستراتیژی گەیشتنە دەسەڵات چیە؟ وەڵامەکانی نێو بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیال دیموکراتی بەم مەسەلە و دۆخە نوێیە جیاوازبوون و ھەربۆیە کێشە و ناکۆکی لە نێوخۆی بزوتنەوەکەدا سەریھەڵدا. ئەمە ئەو ئەزمە ودوالیزمی ریفۆرم و شۆڕشی سۆشیال دیموکراتیە کە گەشەی کرد و چارەنوسی بزوتنەوەی کرێکاری گۆڕی . لێرەدا باسی ئەو کێشە و گۆڕانکاریانە دەکەین.

ستراتیژی حزبە جەماوەریەکان 

 مارکس و ئەنگلس ستراتیژی بزوتنەوەی کرێکاریان بە دروستکردنی حزبە جەماوەریە کرێکاریەکان دانا. ھەربۆیە سەرەڕای جیاوازیەکان لەگەڵ لاسالیەکانی ئەڵمانیا، ئیمکانگەراکانی فەرەنسا و فابیەکانی بەریتانیا تەئکیدیان لەسەر یەکگرتووکردنی بزوتنەوەی سیاسی چینی کرێکار دەکردەوە سەرەڕای جیاوازییەکان و لێرەوە مارکس لە نامەیەکدا بۆ براکە دەڵێت" ھەموو ھەنگاوێک کە بزوتنەوەی عەمەلی ئێستا دەینێت گرنگترە لە دەرزەنێک بەرنامە"*٦.

ئەمە ستراتیژیەکی سەرکەوتوو بوو لە دوای کۆمۆنەی پاریسەوە بۆ ئامادەکردنی چینی کرێکار و ڕێکخراوکردنی لە پێناو بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتیدا بەسەر سیستەمی سەرمایەداریدا. گەشەی مەزنی حزبە سۆشیالیستە جەماوەرییەکان و بەشداریان لە پەرلەماندا و دەنگ و کورسی ھێنانی زۆر وا دەکات کە ئینگلس لە ساڵی ١٨٩٥دا بڵێت (حکومەت و بورژوازی ئەڵمانی"لە خەباتی قانونی حزبی کرێکاران زیاتر دەترسێ وەک چالاکی ناقانونی، لە سەرکەوتنی ھەڵبژاردن دەترسێت وەک لە یاخی بوون".)*٧ پیشتریش مارکس باسی نمونەی لەم بابەتەی کردبوو، وەک لە شۆڕشی فەرنسا و شەڕی ناوخۆی ئەمریکادا، کە خەباتی شۆڕشگێڕانە فۆرمی شەڕێک لە نێوان "حکومەتێکی شەرعی و دژە شۆڕشی یاخی"دا دەگرێتەخۆ*٨. ئەمە لەدرێژەی ئەو جەدەلەدا بوو لە ساڵەکانی ١٨٧٠دا کە مارکس سەرخەتی ئەوەی باسکردبوو کە لەوڵاتانێکدا ڕێگری دەستوری نیە بۆ ھەڵبژاردنی حکومەتی سۆشیالیستی."*٩ ئینگلس لە پێشەکی ئینگلیزی کتێبی سەرمایەشدا دەڵێت مارکس گەیشتووەتە ئەوەی کە "بەریتانیا تەنیا وڵاتێکە کە لەوانەیە ئەو شۆڕشە کۆمەڵایەتیەی کە ھەر ڕودەدات، بەتەواوی ئامڕازی ئاشتیخوازانە و یاسایی ئەنجام بدرێت".*١٠

ئینگلس ڕوو بە حزبی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانی ئەو پرسیارە دەکات کە " ئاکامی ھەموو ئەمانە دەبێت چی بێت؟ ئەوە نەبێت کە حزب کتوپڕ، لەکاتی بریاردا، نەزانێت چی بکات؟ لە کاتێکدا کە ناڕۆشنی و نادڵنیایی ھەبێت سەبارەت بە خاڵە بڕێنەرەوەکان، ئەو خاڵانەی کە پێشتر ھیچ کات گفتوگۆیان لەسەرنەکراوە؟"*١٠

کەواتە " ناڕۆشنی و نادڵنیایی" ھەبووە سەبارەت بەم ستراتیژیەی حزبە جەماوەرییە سۆشیال دیموکراتەکان بۆ گرتنی دەسەڵات و کاراکتەری خەباتی چینایەتی و پەیوەندی نێوان کرێکاران و بورژوازی لە کۆماری دیموکراتیدا و گەیشتن بە حکومەتی سۆشیالیستی لەڕێگەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانیەوە .

بەڵام دواتر ڕۆشن بووەوە کێشەکە ھەر "ناڕۆشنی و نادڵنیایی" نیە لەوەی سۆشیال دیموکراتی دەبێت چی بکات؟ بەڵکو "دەرکەوت کە گەشەی حزبە سۆشیال دیموکراتە جەماوەریەکان بەرەو شێوازێکی ڕووبەڕوبوونەوە نەچوو، بەڵکو فۆرمێکی تێکەڵاوبوونی بزوتنەوەکەی لەگەڵ سیستەمی مەوجوددا(سەرمایەداری) لێ دروست بوو."*١١

ھەرچەند لای مارکس و ئەنگلس ئەم لادانانە لە بنەما کۆمۆنیستیەکان لە نێو بزوتنەوەکەدا ھەستی پێکراوە .بەڵام بەتایبەت دوای ١٨٩٠ لە کاتێکدا کە بزوتنەوەی سۆشیال دیموکراسی جەماوەری دەبێتەوە ئەم مەترسیەی کە بزوتنەوەی کرێکاری ببێتە بەشێک لە سیستەمی سەرمایەداری گەشە دەکات. ڕەخنەیەک لە ئینگلس ھەبێت ئەوەیە کە حسابی کەمی بۆئەم مەترسیە کردووە.

گۆڕان لە حزبێکەوە کە لە پێناو ئامادەکردنی کرێکاران بۆ گۆڕینی سیستەمی سەرمایەداریدا دروست بووە بەرەو حزبێک کە خۆی ببێتە بەشێک لە دامودەزگای بورژوازی و ھێشتنەوە و پاراستنی سیستەمی سەرمایەداری گۆڕانێکی ڕیشەییە. ئەمە خاڵی سەرەکی ئەم وتارەیە کە لێکدانەوە لە ھۆکارەکان و پرۆسەی گۆڕانی حزبی کرێکاری دەکات. ئەمە ھەرچەند لە ڕابردوویەکی دوردا ڕویداوە، بەڵام زەمینەکانی لە دنیای ئەمڕۆدا وەکو خۆی ماوە و سەرەتای ئەو گۆڕانکاریانەیە کە دواتر ڕێڕەوی بزوتنەوەی کرێکاری گۆڕیوە . ھەربۆیە جێگای گرنگی پیدانی ئەمڕۆمانە.

دوالیزمی ریفۆرم و شۆڕش خۆی ناونیشانێک و نیشانەیەکی لادان و گۆرانکاری ڕیشەیی ترە کە لە ستراتیژ و ئامانجی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاریدا دروست بوو و ھەر بەتەنیا بە باسی ناکۆکی نێوان خەباتی ئابوری و ریفۆرم لەگەڵ خەباتی سیاسی و شۆڕشدا لێکنادرێتەوە. بەڵکو پێویست بە لیکدانەوە لەو گۆڕانکاریە بنچینەیی و لاوازی و تەجروبانەدایە کە ئەم دوالیزمەیان خولقاندوە.

لەبەشی دوەمی ئەم وتارەدا باسی پرۆسەی ئەو گۆڕانکاریانەیە لە بزوتنەوەی کرێکاریدا دەکەین.

*١The International Workingmen's Association ١٨٦٤General Rules, October ١٨٦٤
*٢ https://www.marxists.org/history/international/iwma/documents/١٨٦٤/rules.htm
*٣https://www.marxists.org/history/international/iwma/documents/١٨٦٦/instructions.htm
* ٤ مارکس ، بەشداری لە ڕەخنەی ئابوری سیاسی 
https://www.marxists.org/reference/archive/bernstein/works/١٨٩٧/٠٤/marx-reform.htm

*٥ https://www.marxists.org/history/international/iwma/documents/١٨٧٢/hague-conference/parties.htm
* ٦ نامەی مارکس بۆ براکە لە ٥ ئایاری ١٨٧٥
https://www.marxists.org/archive/marx/works/١٨٧٥/letters/٧٥_٠٥_٠٥.htm
*٧ ئینگلس، پێشەکی بۆ کتێبی 'خەباتی چینایەتی لە فەرەنسە 'ی مارکس
*٨ https://www.marxists.org/history/international/iwma/documents/١٨٧٢/hague-conference/index.htm
*٩ھەمان سەرچاوە
*١٠ئینگلس پێشەکی ئینگلیزی کتێبی سەرمایە .ل ٩٩. سەرمایە.کارل مارکس، چاپی کوردی ، عەبدوڵا ڕەسوڵی. https://www.marxists.org/archive/marx/works/١٨٦٧-c١/p٦.htm
*١٠ چۆن جیھان دەگۆڕین، مارکس و ئەنگلس و سیاسەت، ل ٦٩، ھوبسباوم، بە زمانی ئینگلیزی.
*١١ ل ٦٨ ھەمان سەرچاوە

 
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×