كوردستان‌و ئه‌گه‌ره‌ ترسناكه‌كان

د. کامەران مەنتک
  2018-12-20     670

شتێكی ئاشكرایه‌، كه‌ سیسته‌می نوێی دنیا شكستی هێناوه‌و به‌كۆتا هاتوه‌و زیاتر له‌دو ساڵیشه‌ به‌شێوه‌یه‌كی كرداری ئه‌مەریكا هه‌ژمونی جیهانی خۆی له‌ده‌ستداوه‌، به‌ڵام كشانه‌وه‌ی ئه‌مەریكا به‌وشێوه‌ كتوپڕه‌، ره‌نگ بێت شكستێك بێت، كه‌ ته‌نیا به‌كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانه‌وه‌ نه‌وه‌ستێت‌و به‌ره‌و ناوه‌وه‌ی ئه‌مەریكاش هه‌ڵكشێت، واته‌ ساڵی (2019)، به‌گوێره‌ی ئه‌مەریكاییه‌كان وه‌ك قۆناغی روخانی شكستی سۆڤیه‌تیه‌كان ده‌بێت له‌قۆناغی به‌كۆتا هاتنی شه‌ڕی سارد! 

 

ئه‌مەریكا له‌روی داراییه‌وه‌ له‌ قه‌یرانه‌، به‌ ملیاران دۆلار ته‌نیا قه‌رزاری وڵاتی چینه‌، ده‌رباره‌ی زۆر له‌ مه‌سه‌له‌ جیهانیه‌كان له‌ پاشه‌كشه‌دایه‌، له‌ كاتێكدا پێشتر وه‌كو هێزێكی گه‌ردونی ره‌فتاری ده‌كرد، بۆ نمونه‌ له‌ ساڵی (2017) له‌ یه‌كێك له‌مه‌سه‌له‌ جیهانیه‌ گرنگه‌كان، كه‌ رێكکه‌وتنامه‌ی پاریس بو بۆ دۆخی كه‌ش و هه‌وای جیهانی كشایه‌وه‌!. له‌ سوریا هاوپه‌یمانیه‌تێكی سێلایه‌نه‌ی هه‌رێمی له‌ نێوان روسیا و ئێران و توركیا به‌ شێوه‌یه‌كی ناواخنی دروست بوه‌، ئه‌وروپا، به‌ تایبه‌تیش ئه‌ڵمانیا، كارده‌كات پردێك له‌نێوان ئه‌ورپاو ئاسیا دروست بكات، واته‌ به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان كار له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنی پڕۆژه‌ی ئۆراسیا ده‌كات، كه‌ روسیا پێشه‌نگایه‌تی ده‌كات!، له‌ پێناو تۆڵه‌ كردنه‌وه‌ له‌ ئه‌مەریكیه‌كان، كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی بون بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان هه‌ردو جه‌نگی یه‌كه‌م و دوه‌می جیهانی بدۆڕێنن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ روسیاو چین زۆر به‌ره‌و پێش بردوه‌.

 

كه‌واته‌ ئه‌مەریكا له‌ دۆخێكدایه‌ شایه‌نی ئیره‌یی پێ بردن نییه‌. توركیا به‌ ده‌ست له‌ پشتدانی ئێران و روسیا ده‌یه‌وێت په‌لاماری رۆژئاوای كوردستان بدات، پێم وا نیه‌ ئه‌مەریكا ئاما ده‌بێت له‌ پێناو مه‌سه‌له‌یه‌كی ته‌كتیكی، كه‌ شه‌ڕی داعش و به‌كارهێنانی كورده‌، بچێته‌ ناوشه‌ڕێكه‌وه‌، كه‌ ره‌نگ بێت ببێته‌ سه‌ره‌تای جه‌نگێكی جیهانی گه‌وره‌، بۆیه‌ مه‌سه‌له‌ی كشانه‌وه‌ له‌ رۆژئاوا ده‌وروژێنێت بۆ ئه‌وه‌ی رای گشتی جیهانی له‌و هێرشه‌ دور بكاته‌وه‌، كه‌ توركیا به‌ یارمه‌تی هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ باشوری كوردستان ره‌نگ بێت ئه‌نجامی بدات، بۆیه‌ گریمانه‌ی رێككه‌وتنێك له‌ نێوان توركیاو ئه‌مەریكا له‌ ئارادایه‌، بۆ ئه‌وه‌ی چوارچێوه‌ی شه‌ڕه‌كه‌ هێنده‌ فراوان نه‌بێت و مه‌ترسی جه‌نگێكی جیهانی لێ نه‌كه‌وێته‌وه‌، شه‌ڕه‌كه‌ بكه‌نه‌ شه‌ڕی كوردی – كوردی، توركیا له‌ شكری رۆژی ئه‌نه‌كه‌سه‌، كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان پاڵپشتیان ده‌كات، بكاته‌ قه‌ڵغانی خۆی و شه‌ڕه‌كه‌ی پێ بكات، بۆیه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌گه‌ره‌ ترسناكه‌كانی ئه‌و دۆخه‌ شه‌ڕێكی كوردی كوردیه‌، بۆ ئه‌وه‌ی سۆزی رای گشتی جیهانی به‌رامبه‌ر مه‌سه‌له‌ی كورد سفر بكرێت و شه‌ڕه‌كه‌ وه‌ك شه‌ڕێكی ناوخۆ سه‌یری بكرێت، به‌مه‌ش له‌ لایه‌ك توركیا به‌ ئامانجه‌كانی خۆی ده‌گات، له‌ لایه‌كی تر ئه‌مەریكاش خۆی له‌ تێوه‌گلان له‌ شه‌ڕێكی وا گه‌وره‌ دورده‌خاته‌وه‌!؟

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×