پارتی بۆچی قسەی بارزانی دەشکێنێت؟

ئارام هادی
  2019-05-29     1141
دواجار پارتییەکان قسەی بارزانی سەرکردەیان شکاندو پابەندی ئەو ڕێککەوتنە زارەکیەی سەرۆکەکەیان نەبون کە لەگەڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی لەسەری ڕێککەوتبون، تیایدا هاتبو "پارتی هاوکاری یەکێتی دەبێت بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری دادی عیراق و هاوکات دانانی پارێزگارێکی کورد لەپشکی یەکێتی بۆ کەرکوک"، ئەمەش لەکاتێکدا پێشتر جێبەجێنەکردنی بڕیارە فەرمی و زارەکیەکانی بارزانی بۆ پارتیەکان زۆر لەسەروی هێڵی سورەوەبو وە بەشێکیش لەسەرکردەی حزبەکان لەبەر ڕێزی بارزانی بڕیارەکانیان جێبەجێکردوە گەر بەدڵیشیان نەبوبێت!. 

پابەندنەبونی پارتیەکان بە ڕێککەوتنەکەی بارزانیەوە، کەچاوەڕواننەکراوبو، وایکرد فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان بایکۆتی دانیشتنی دوێنی پەرلەمان بکات کە تایبەت بو بەدەنگدانی سەرۆکی هەرێم کەهاوکات جێگری پارتی دیموکراتی کوردستانیشە. 

بایکۆتی فراکسیۆنی یەکێتی لەدانیشتنەکەی دوێنی پەرلەمان هەر زوو پشتیوانی سەرجەمی مەڵبەندەکانی یەکێتی لێکەوتەوە بە مەڵبەندەکانی (کەرکوک و هەولێر)یشەوە، بەڵام دواجار پارتی و یەکێتی دەبێت لەسەر ئایندەی سیاسی حوکمڕانی لەهەرێم و بغداد هەر ڕێکبکەون، گەر ئەم ڕێککەوتنەیان بەلایەنی سێ یەمیش دەستەبەربێت جا ئەو لایەنە ناوخۆیی بێت یا دەرەکی. 

ئەگەرێکیش هەیە کە چەند هۆکارێک وای لە پارتی کردبێت پابەند نەبێت بە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتی لەوانە 
1. باڵی مەسروربارزانی بۆ کەمکردنەوەی هەژمونی نێچیرڤان پابەندی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ یەکێتی نەبن، کە ئەمەش وادەکات فراکسیۆنی یەکێتی دەنگ بە نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆکی هەرێم نەدەن، کە هەرواش بو، ڕێککەوتنی یەکێتی و پارتی لەئایندەیەکی کورتدا دەبێتە سەلمێنەری ئەم خاڵە. 
2. ئەگەرێک هەیە کە پێکهێنانی ئەم حکومەتە زۆر زیاتر لەوەی چاوەڕێ دەکرێت بخایەنێت، مەبەست لەمەش بێتاقەتکردنی بزوتنەوەی گۆڕانە و دواجار ئەو حزبە دەست بەرداری بەشداریکردنی حکومەت بێت و بەناچاری ڕێگەی ئۆپۆزسیۆن هەڵبژێرێت. 
3. دەستوەردانی دەرەکی بۆ دواخستنی زیاتری پێکهێنانی حکومەت کە ئەمەش سیاسەتی هەمیشەیی هەردوو وڵاتی (تورکیا. ئیران)بوە لەڕابردوشدا. 
4. ئەگەرێکیتر بۆ تاکڕەویەکانی پارتی لەبڕیاری سیاسیدا دەگەڕێتەوە و دەمێکیشە پارتی ڕووبەڕووی هێزێکی وەک ئێستای یەکێتی نەبۆتەوە و  بەربەستی لەبەردەم تاکڕەویەکانیدا دروست نەکردوە، کەئەمەش بۆ پارتی جێگەی سەرسوڕمانە و لێی تێناگەن. 

لێکەوتەی گرژیەکانی پارتی و یەکێتی، گەرهات و چارەسەرنەکران و نەگەنە ڕێککەوتن، مەرجی ڕێککەوتنەکەش پابەندبونی پارتیەکانە بە ڕێککەوتنە زارەکیەکەی نێوان سەرۆکی حزبەکەیان و جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی، ئەوا سەرجەمی پرۆسەی سیاسی لە هەرێم و عیراق هەڵدەگێڕێتەوە و ئایندەی سیاسی حوکمڕانی دەبێت بەجۆرێکیتر دابڕێژرێتەوە و ئۆباڵەکەشی لەئەستۆی پارتیە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×