‌وەڵامی کورد بۆ هێرشەکانی ئەردۆگان بۆ سەر باشوری کوردستان

ئاسۆ حامدی
  2019-07-05     731
ئەوەی حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە دەیەوێت ڕوون و ئاشکرایە و بە دەیان ساڵە حکومەتە یەک لە دوا یەکەکانی ئەقلیم ( ئیران ، تورکیا، عێراق و سووریا) لە ستراتیژیاندایە و چەندین پەیمانی جیاجیایان مۆرکردووە و لەسەر ئەوە کۆکن کە کورد لەم ناوچەیە جوگرافیایەی کە بە گوێرەی پەیمانە نێو دەوڵەتیەکان بە ویست و ئارەزووی کۆلۆنیالیزمی دابەشکراوە و ویست و ئارەزووی گەلی کورد ژێر پێ نراوە، ئەمەش هێلی سوورە بۆ ئەوان کورد هەردەبێ ژێر دەستە بێ، ئێمەش هەموومان کار بۆ سەربەخۆیی دەکەین. ئەوان هیچ ئازادیەک و ئاشتیەک و سەربەخۆیی بۆ میللەتی کورد بەڕەوا نابینن. تەنها لە کاتی ئاڵوگۆڕی سەنگ و سووکە هێزە ناوەخۆییەکانی خۆیان نەبێ ئەوە کاریان بە میللەتی کورد دەبێ و بەکارمان دێنن. ئێمەش هەردەم وەکو چەکوشی ئامادە ئامادەین و دەخزێنە نێو فێل و تەڵەکانیانەوە.

ئەوەی لە ئوستەنبۆل ڕوویدا و کورد و هەدەپە سەرکەوتنی ئیمام ئۆغلۆیی یەکلاکردەوە ئەوە بۆ ئەتاتورک و ئەوانی تریش کراوە، چۆن بۆ مالکی و  عەبدیشمان کردووە. ئێمە کەی وانە لە هەڵەکانی خۆمان وەردەگرین؟. لە هەمووی سەیرتر لەسەر ئەمە تووشی پارچە پارچەش دەبین بۆ مەرامی دوژمنەکانمان. یەکێ دەڵێ کورد بێ لایەن بێ  ویەکێ دەڵێ کورد تۆڵە لە ئەردۆگان و عەبادی بکاتەوە بۆچی کورد لە خەمی ستراتیژیەتەکەی خۆی نیە و هەر خەریکی ئۆپراسیۆنە؟. 

هۆکاری ئەم هەموو جیاجیاییە چیە؟ بۆچی ئەم هەموو قازانج و مەسلەحەتەی کەسایەتی و حزبی زاڵ دەبێ بەسەر قازانجی بەرزی نەتەوەیی و ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی؟. کەی دەتوانین وەکو گەل و نەتەوە ئەم دەورانە تێ پەڕێنین و بەهێز و یەکگرتوو بەرامبەر دوژمنان و نەرم و نیان و بە دیالۆگ کارکردن و گەشەدان بە فرە کەڵتووری و پیادەکردنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی لە ناوەخۆ بە کورتی و کوردی پێچەوانەی ئەوەی کە هەیە. 

ئەم کێشەیە بەڕای من پەیوەندی بە کەلتووری ڕێکخراوەیی و ستراکتووری کۆمەڵگا و هەڕەمی گشتی کۆمەڵگاوە هەیەو ئەمەش پەیوەندی سەرەکی بە پەروەردە و فێرکردن لە کۆمەڵگاوە هەیە. هەروەها ڕۆڵی ڕابەر و خودی ڕابەر لە کۆمەڵگا و ناوەندی ڕۆشەنبیریی کۆمەڵگاوە هەیە. ئەگەر ڕەخنەیەکی زانستی و هەمەلایەنە و گشتی مان بۆ ئەوانە نەبێ و تەواوی کۆمەڵگا بەشداری نەکات لە پیادەکردنی دا ئەوە هەروا دەمینێنەوە.

سەرەتا هەر گرفتێ پێش ئەوەی دەستمان بە جاکسازیەکەی بگات دەبێ کێشەکە بە کۆمەڵایەتی ببێتەوە و کێشە قووڵبکرێتەوە. ئەگەر وا قووڵ بووە و بە کۆمەڵایەتی بووە ئەوە دەبێ چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ بکرێت. 
بەڵام ئەم کۆمەڵگایەی ئێمە زۆر سەیرە هیچ مەسەلەیەک نایهەژێنێ  ومەسەلەی یەکلاکەرەوەنیە، نە ژن کوشتن و نە ووڵاتفرۆش و نە خیانەتی ڕابەر و نە گەندەڵی و نە قۆرخی حزب لەلایەن بنەماڵە و نە ئاوارەیی و دەربەدەری و داگیرکاری و گەنم سوتان وهتد. بۆیە زۆرجار مرۆڤ نا ئومید دەبێ و تووشی دەستەوەستان دەبێ.

بەنموونە مەسەلەی پەرتەوازەیی گەلی کورد و دوژمنایەتی حزبە سیاسیە کوردیەکان یەک گرفتی سەرەکیە و ئەوە سەدان ساڵە بە شێوەی جیاجیا دوژمنانی گەلی کورد بەکاریان دێنن و خودی خۆیان هەر ڕۆژێ و ساتێ بیانەوێ بەگژ یەکیانەوە دەنێن. حزب و سەرکردە کوردیەکان چونکە ویست و ئارەزووی جیاجیایان هەیە و هەردەم ئەم کەرەستە ئامادەیە بۆ دوژمنان.

وەڵامی کورد بۆ ئەردۆگانیەکان هەر وەستانەوەو بەرگری سەربازی نیە، بەڵکو ئاوەژوو بوونەوەیە لەم بیر و هزرە سەقەتەی سەدان ساڵە کە ڕابەری حزبە ناسیونالیستە کوردیەکان کە خۆیان دەکەنە داردەستی بێگانە و نۆکەری داگیرکاری. هەردەم حزبێ دەبێتە لایەنگری حکومەتێکی ئەقلیمی بۆ خۆ زاڵ  کردن.

وەڵامی کورد بۆ داگیرکەران هەماهەنگیە و پشتیوانی و یەکگرتنە نەک دوژمنایەتی یەکتر. ڕێک ئەوەی دوایی خودی هێزە دەرەکیەکان خوازیارن. ئەمە لە گرتنی کەرکوک و ناوچەکاندا ڕوویدا هەمان مەسەلە بوون. ڕەنگە گرتنی خواکورک بۆ هیزی سەربازی دوژمن ئەوەندە ئاسان نەبێ بەڵام مەحاڵ نیە و دەبێ لەم بارەوە کەسە سەربازیە شارەزاکان کۆمەکی هێزە بەرگەریکارەکان بکەن بۆ مەسەلەی ستراتیژی جەنگ تا داگیر نەکرێن. داگیرکردنی قەندیل یانی داگیرکردنی کوردستان بۆ ماوەیەکی درێژخایان.

ئەو ڕابەریەی هەیە ئەو حزبە دەسەلاتانەی هەن ئەگەر وا کاربکەن ناتوانن ئەم فکر و هزرە ئاوەژوو بکەنەوە. چونکە وا خۆیان زەلیلی سیاسەتە چەوتەکان کردووە و هەردەم پشت بەستوون بە بێگانە لەلایەنی ئابووری و فەرهەنگیشەوە ناتوانن وا بە ئاسانی لەم زەلکاوە دەرچن. بۆ سەرەتا دەبێ خەڵکی کوردستان کار بۆ ئەمە بکات ووڵاتێ یان هەرێمێ بەرهەمهێن چەکەرە بکات و پشت بەستوو بێ بە خۆ. دەبێ کۆمەڵگایەک هەم لە باری کەڵتووری و ستراکتووری دا گەشەبکات و خۆی بتوانێ پێداویستیەکانی دابین بکات. ئەمەش گرفتێکی ئەوەندە سادە نیە و بە ڕۆژێک و دووڕۆژ چارە ناکرێ و سەبری ئەیوبی دەوێ و دەبێ هەموو کۆمەڵگا کاری بۆ بکات.

زۆر نموونەی زیندوو هەن کە کۆمەڵگاکانی دونیا بەم شێوەیە گەشەیان کردووە و پاش چەند نەوەیەک بوون بە سەرکەوتووترین کۆمەڵگا، دەکرێ سەنگافورە بەنموونە وەربگرین یان ئەڵمانیای دوای شەڕی جیهانی دووەم یان یابان و دورگەی کۆریا بەنموونە وەربگرین کە چ ئاڵوگۆڕێکیان لە ژیان و گوزەرانیان کردووە. یان چین و چەندین ووڵاتی تر یان هەندێ دورگەکانی زەریای هێمن و دوورگەکانی کەناری بکەین بەنموونە. بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە ڕابەری حزبە کوردیەکان ئەم کەڵتوورە دەست بەردار بن کە هەیە، خۆ بە بچوک زانین بە بێگانە و خۆ بە زلزانین بەرامبەر بە نەوەکانی خۆیان. 

ڕەخنەیەک کە لەتەواوی کۆمەڵگا بگرین بە چەپ و ڕاستەوە بە بە ئیسلامی و مەسیحی و زەردەشتیەوە بەڕابەر و بنکەکانیانەوە ئەوەیە کە کێشەی کورد لایەنی زۆری کورد و ڕابەریەکەیەتی ئینجا هێزە دەرەکیەکان، لە هەر شوێنێ بێ کورد ئاسان دوژمنایەتی خودی خۆی دەکات و زوو دەبێتە یەدەگ بۆ سەنگ و سووکی هێزەکان. ئەمە لە پەرلەمانی عێراقی نا فیدراڵ و پەرلەمانی تورکیەی ئەردۆگاندا هەیە و بەردەوامیشن. بەنموونە لە کەرکوک و لە ڕۆژئاوای کوردستان وا هەر ئەم کارە دەکەن. بوون بە داردەستی بێگانە نەخۆشی موزمنی گەلی کورد وکە دەردی ڕابەریەکەیەتی. لاوانی گەل دەبێ کار بۆ گۆڕیینی ئەم هزرە بکات.

چەپ لە کوردستانی باشوور بە هەموو لق و پۆپەکنیانەوە بە ئەوپەڕی کۆمۆنیزمی و پاسفیستیەوە مەسەلەی نەتەوەییان تەسلیم بە حزبە ناسیونالیستەکان کردووە و ئەوانیش بە کەیفی خۆیان شەنەبای پێ دەکەن. چەپ لە کوردستان کار لە سەر گۆڕینی زەین و فکری کۆمەڵگا ناکات کار لەسەر (تێما) دەستەواژەی جیاجیا ناکات، بەنموونە مەسەلە ستراتیژیەکان  و چارەنووسی کۆمەڵگا و مەسەلەی بەرهەم هێنان و بە یاسابوونی کۆمەڵگا و دروست بوونی فیدراسیۆنی کرێکاری و کارمەندانی هەرێم ناکات، کار بۆ بەرگری لە هەرێم ناکات دژی دوژمنان، کار بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ناکات و هەردەم باس لەمەسەلە کۆمەڵایەتیەکان دەکات یان تەنها ڕەخنەی لە مەسەلەی قۆرخی دەسەڵات دەکات یان مەسەلەی گەندەڵی و ڕەفزی تەواوی دەسەڵاتێ دەکات کە بەبێ ئەوەی هێزی کاملی بۆ ئەڵتەرناتیڤی هەبێ. 

چەپ لە کوردستان دەتوانی زۆر کار بکات و جەماوەری زۆریش کۆ بکاتەوە بە حوکمی ئەوەی ڕێژەی زۆری گەلەکەمان هەژارە، زۆربەمان کرێکار و فەرمانبەر و پۆلیس و پێشمەرگە و ئاسایش هتد کارمەندین، ئەمە خۆی لە خۆیدا زەخیرەیەکی گەورەی چینایەتی بەهێزە بەڵام بە شێوەی کارکردنی دروست ڕێکخراو دەکرێ نەک بە کاری پێداگری لەسەر پرنسیپ و کتێب. ئەمە کوشندەترین گرفتی چەپی ڕادیکاڵە لە کوردستانی باشوور. چەپ دەتوانێ بە تێمای وەک بەرگری لە ناوچەکانی ژیان و گوزەران خەڵک ڕێکخراو بکات و ئەم هێزەش لە دەنگدانەکاندا پشتیوانی لەم ڕەوتە بکەن و کۆمەڵگا بە ئاقاری تردا بەرن.

وەڵامی نەتەوەکەمان بۆ داگیرکاری یەکەمجار پەیوەندی بە چاکسازی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی خۆمانەوە هەیە، یانی ئاوەژوو بوونەوەی ئەم هەڵوێستەی کە یەکتر دژی یەکتر دەسوێ، یانی ڕابەریەک کە لە قازانجی گەل و وولات نیە ئیتر ڕابەر نیە، یانی کۆمەڵگای بەرهەمهێن و پشت بە خۆ بەستوو دورست ببێ یانی دەبێ پەرەوەردەو فێرکردن لە ئاستێ بێ بتوانێ زانست ومەعریفی بێ نەک لەسەر بنەمای گەندەڵی بڕوا. کارکردن بە زانست و مەعریفە جیایە و سۆزی نەتەوەیی جیایە، خەڵک لە کوردستان چونکە بنەمای ڕۆشەنبیری زانستی نیە بەڵکو کۆلکە مەلا و هەندێ شاعیری هەن و هەبوون (لەگەڵ ڕێزم بۆیان کە زۆربەشیان ناهۆشیاربوون ویەک سەرچاوەی ئیسلامیان هەبوو) ئەوە هەر قوڕێ ئەوانە دەشێلین.

گەل بە زانست و پیشەسازی و داهێنان گەشە دەکات نەک بە ووشەی ئەدەبی و سۆز و حەماس، ئەوانەی دوایش پێ ویستن بەڵام ناتوانن کۆمەڵگا لە کێشمە کێشەکانی دونیای ئێستا بۆ پێشەوە ببەن. لاوانی گەل دەبێ واز لەم کۆپیە فەرهەنگیەی کۆنە بێنن، بەڵکو ڕوو لە زانست و مەعریفەی نوێ بکەن و دەست بۆ تەکنەلۆژیای نوێ و داهێنانە  ئەکادیمیە جیهانیەکان ببەن بۆ ئەمەش دەبێ فێری زمانە زیندووەکانی کۆمەڵگا جیهانیەکان ببن و بەشدار بن لە گۆڕینی ناوەندی ڕۆشەنبیریەک کە بە ئەدەب دەستی پێکردووە، تا ناوەندی ڕۆشەنبری گەلەکەمان ببێتە زانستی و دۆکیومێنت و مۆدێرن. ئەمەش ڕەفزی ئەو فەرهەنگ و کەلتورە کۆنانە ناکاتەوە بەڵکو سەرچاوەیەکی تر ی زیادەیە بۆ گەشەدان بە فەرهەنگی کۆمەڵگا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×