‌هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان‌و چەند سەرنجێ!

ئاسۆ حامدی
  2019-10-15     785
شەڕی عادیلانە؛
ئەو بەرگریەی نەتەوەی کورد لەڕۆژئاوا دا دەیکات بەهاوپشتی و کۆمەکی تەواوی گەل، شەڕێکی عادیلانەیەو خەباتە بۆ مانەوەی نەتەوەیەک لەسەر خاک‌و ژیان‌و ماڵی خۆی ( صراع من اجل البقا‌ء)، بەکرمانجی خۆمان ئاخا خۆ بەرنادەین. بەرگریەکی بێ وێنە و مەردانەیە لە مێژووی هاوچەرخی گەلاندا کەم وێنەن.

ئامانچی هێرشەکە؛
دەوڵەتی تورک بە پشتیوانی پانئیسلامیزمی ناسیونال شۆڤینیزمی بەکرێگراوەکانی سوریا هێرشێکی ناڕەوای دەست پێکردووە هەموو ئامانجەکانی بۆ هەمووان ڕوونە لە ناوبردنی خەون و خەیاڵی نەتەوەی کوردە بۆ سەربەخۆیی و پاکتاوکردنیەتی لەم ناوچەیدا. ئەمە ڕاست و ڕەوانی کرۆکی مەسەلەکەیە. جەنگە ئەلتەرناتیڤەکان دادی نەدان ئێستا کۆماندۆ و هێزی ئاسمانی و زەوی خۆی هێناوەتە مەیدان و دەستی بە داگیرکاری و کاولکردن کردووە. ئەمە بۆ هەموو دونیا ڕوونە و بەبەرچاوی هەموو دونیاش تاوانەکانی ئەنجام دەدات. ئەمە شەرمەزاریەکی گەورەیە بۆ دیموکراسی و مافی مرۆڤ کە ئەمڕۆ لە ئەمریکا و دونیای ڕۆژهەلات و ڕۆژئاوا بانگەوازی بۆ دەکەن. بەبەرچاوی هەموو دونیا گەلی کورد کۆمەڵکوژ دەکرێین و لە ناودەبرێن کە ئەمەش دژی هەموو یاساکانی نێو نەتەوەییە کە خۆیان دایان ڕشتووە.

هەمووان دەزانن کە گەلی کوردی هەژار توانای لۆجیستی و سەربازی وەکو هێزێکی تورکی نیە کە خاوەنی فرۆکەی ئیف 16 و 35 و سیستەمی رۆکێتی ئیس 400 رووسیە نوێترین دەبابە و کەرەستەی سەربازی و تۆپی دوورهاوێژ بێت لە زەوی و لە دەریادا، ئەمەی ئێمە هەمانە تەنها ئیرادەیە بۆ ئازادی و سەربەخۆ بوون و ڕەوای شەڕەکەمانە بۆ بەرگری لە خۆ کردن و هیچی تر، ئەمەش گەورەترین و بەهێزترین هێزە بۆ مانەوەمان وەک گەل، زۆر گەل لە میسۆپۆتامیا لە ناوچوون، تورکەکان ئەم مێژووانەیان لە بیرە بەڵام خەیاڵی ئەرۆگان و دارودەستەکەی خاوە ئەو ناتوانێ گەلی ئێمە لەناو ببات چۆن دیکتاتۆرەکانی باوکیان و  ناوچەکە هەموو ئەو هەوڵانەیان سەری لە بەردی قەندیل داوە. بەڵام ئەمڕۆ ئەوان دەتوانن مێژووی گەلی ئێمە خوێناوی بکەن و بەربەست بن لە ئازادی و سەربەخۆی گەلەکەمان، کە ئەمەش گرفتێکی بنەڕەتی نەتەوەکەمانە.

لەپاڵ بەرگری و تەسلیم نەبوون و قوربانی بەردەوام میللەتی کورد پێویستە لە ئەمڕۆوە کار بۆ ئەمانە بکات، بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو بتوانن بە سەربەرزی و ئاشتی بژین؛

١.هەوڵدان بۆ ناوەندێکی نەتەوەیی، کاتێ هێرش دەکرێت بۆ کوردستان سنوورە دەستکردەکان هیچ مانایان نیە. میللەتی کورد یەک نەتەوەیەو یەک شوناسی نەتەوەیی هەیە.

٢.هەوڵدان بۆ ناوەندێکی دیپلۆماسی نەتەوەیی پتەو شەفاف بەهەموو تواناکان و ڕێکخراوکردنی لەگەڵ ناوەندی نەتەوەیی.

٣.ناوەندێکی میدیایی نەتەوەیی بە زمانە زیندووەکانی دونیا، کە بتوانێ قسەکەری سەرەکی ناوەندی نەتەوەیی و دیپلۆماسی بێ.

ئاسایشی نەتەوەیی
ئەگەر قەرارە ببینە کیانێکی سەربەخۆ ئەوە نابێ ئاسایشی نەتەوەییمان لە ژێر ڕەحمەتی داگیرکەران بێ  ونابێ پشت بەستووبین بە هێزی بێگانە وئاسایشی نەتەوەیی خۆمان تەسلیم بە ئەوان بکەین. ئەگەر ئەم زهنە ئاوەژوو بۆوەوە ئەوا میللەتەکەمان سەرەتا خۆی پشت بە خۆی دەبەستێ. بەڵام پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی لە گرەوی فەراهەم کردنی ئامرازەکانی دایە. لەم دەورانەی ئێستا کورد و سەرکردایەتی توانای پەیداکردنی ئەم ئامرازانەی نەبووە. بەڵام دەکرێ لە ئەمڕۆوە ببێتە بە مەسەلەیەکی ژیان و مانی میللەتی کورد. ئەگەر هەموو گەل پارەو ئیمکانات کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی ئامرازەکان فەراهەم بکات دەبێ لەماوەی چەند ساڵێکی تر کار بۆ ئەمانە بکەین.

ئەگەر بەم پرسیارە سەرەکیە دەست پێ بکەین، نەتەوەی کورد دەست بۆ چ ئامراز و کەرەستەیەک ببات تا لە دەست ئەم وەزعە ڕزگاری ببێت؟

ئەمڕۆ نەتەوەکەمان تا ڕڕادەیەک یەک دەنگە و هەمووی دژی ئەم هێرشە ناڕەواو دژە مرۆڤیە، هەموو گەل پشتیوانی هێزەکانی ڕۆژئاوا دەکات، بەڵام بیروهزری فرە کەلتووری و بەیەکەوە ژیان لە ووڵاتی ئێمە بۆ ئەمڕۆ باشترین بژاردەیە کە نەتەوەی کورد لە نێو هەموو گەلاندا لایەنگرو دۆست بۆ خۆی پەیدا بکات. بەنموونە هەندێ لە  شەهیدانی ڕزگاری کۆبانێ کچ و کوڕە چەپە تورکەکان بوون. نابێ سۆزو هەستی نەتەوەیی لاوانی گەل تووشی هەڵچوون و هەڵە بکات و بیروزهنی توندڕەوی ڕاسیستی لە کوردستان گەشە بکات.

ئێمە هەردەبێ لەگەڵ گەلە دراوسێکانمان پێکەوە ژیان وگوزەران بکەین. ئەم هەستە بەیەکەوە ژیانە دەبێ لەلای هەموو گەلانی ناوچەکە چەکەرە بکات، ئەوکات ئاینە جیاجیاکان و نەتەوەو مەزهەبە جیاجیاکان دەتوانن لەتەک یەکتر بەیەکەوە بە ئاشتی و ئازادی بژین.

ئاشتی و ئازادی قوربانی بەرزی دەوێ، دەبێ گەلەکەمان بەم روحەوە کاربکەن. لەلایەکی تر ناکرێ هەڵوێستیش لە بیربکرێن. بەنموونە گەلی کورد چەند قوربانی بۆ گەلی فەلەستینی داوە ئەمڕۆ فەلەستینیە ئیسلامیەکان لایەنگری ئەردۆگانن. یان کورد دەبێ بە حساباتی بەرژوەندسازیەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا دا بچێتەوەو بەقەدەر بەرژوەندیەکان مامەڵەیان لەگەل دا بکات.

تاکە ڕەخنەیەک لە سەرکردایەتی سیاسی کورد لە هەمووپارچەکاندا کەس وەڵامی دروستی ترەمپ و تویتەکانی پڕ بە پێیستی نەدایەوە، ئاخر ترەمپ تەنها سەیری بەرژەوەندی خۆی و ووڵاتەکەی دەکات بۆ دەبێ ئێمەش وا نەبین و سەرکردایەتی سیاسی کورد ببینە پشیلەی کەمۆی باوەشی ئەو. لە هەموو تویتە پێکەنیناویەکانی ئەوە بوون کورد بەشداری نۆرماندی نەکردووە لە جەنگی جیهانی دووەم دا، بەڵام یەک مەسەلەی گرنگ لە تویتەکانی ترەمپ ئەوە بوو کوردی وەک یەک نەتەوە وەسف دەکرد نەک پارچە پارچە و هێمای بۆ ئەوە دا دەبێ خۆیان بەرگری لە ووڵاتەکەی خۆیان بکەن. 

وانەیەکی گرنگ؛
تاکەوانە لەم هەموو مێژووە بۆ کورد ئەوەیە تا ناوەندێکی یەکگرتوو، دیپلۆماسی و میدیایی و ئامرازی پاراستنی ئاسایشی سەربەخۆی نەتەوەیی خۆمان نەبێ ئەوە ئەم وەزعانە هەرجار ناجارە دووبارە دەبنەوە و دوایش دەکەوینە ناوەخۆ و تاوانبارکردنی یەکتر و دژایەتی یەکتر. لە دوای شکانی داعش ئەوە دووەم ئەزموونی تاڵە بۆ گەلەکەمان لە مانگی ئۆکتۆبەردا (هێرشی حشدی شعبی دوای ڕیفراندۆم لە کوردستانی باشوور و ئەمجارەش هێرشی هیزەکانی ئەردۆگانە بۆ سەر ڕۆژئاوا) لە ناوەرۆکدا یەک مەسەلەن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×