لەدوا ساتەکانی ڕووخانی دەوڵەتی خەلافەت (داعش)و نەتەوەی کورد!

ئاسۆ حامدی
  2019-03-01     969


گوندی باغۆز لەڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی هەجین وەک دوا ناوچەی دەستی داعش بوەتە خاڵێکی وەرچەرخان لەژیانی دەوڵەتی خەلافەت کە دەوڵەتی بەناو ئیسلامی داعشەو لەهەر سات و ئانێ دا وەک خانوێکی لەکاغەزی قومار هەرەس دێنێ، لەژێر تۆپ و خومپارەی دەوڵەتانی هەوپەیمان بەسەرکردایەتی ئەمریکاو هێزەکانی سوریای دیموکرات کە هێزەکانی پەیدە بڕبڕەی پشتی ئەم هێزەن.

شکانی ناسیونالیزمی شۆڤنیزمی ئیسلامی عەرەبی بە دەستی شەرڤانانی کورد سەروەریەکی گرنگە بۆ مێژووی نەتەوەیەک کە بە درێژایی مێژوو لە ژێر نیری داگیرکەران بووە، بەڵام گرفتی زۆر بۆ پێکەوەژیان لە ناوچەکان دروست دەکات بەتایبەتی بۆ ئەو ناوچانەی کە کورد وەک نەتەوە مەوجودیەتی نیە. هیچ ناسیونالیستێکی عەرەبی بە هەموو ڕشتەجیاجیاکانیانەوە و لە هەر ناوچەیەک بژی لە دڵەوە ئەمە لە کورد قەبووڵ ناکات. بەڵام مێژوو ئەوە بۆ کورد دەنوسێتەوەو دەبێتە دەرسێکی تاڵ بۆ شۆڤینیە عەرەبەکان و پانئیسلامیەکانی ناوچەکە. هەروەکو بلێین ئەمە بۆ کورد لە ناو دوونانی گەرم دانراوە و ڕۆژێ هەر تۆڵەمان لێ دەکەنەوە.


ئەو مەسەلانەی کە داعش لە ناوچەکە بەیانی کرد و کورد وەک حزب و هێز نەک وەک نەتەوە هەڵویستی خۆی بە ناچاری گرت، دەکرێ لەم چەند خاڵانە کۆ بکەینەوە؛


١.سنووری دروستکراوی ووڵاتانی شام و عێراق و تورکیە و ئێران کە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم کێشراون پیرۆز نین  وهەردەم توانای گۆڕانیان هەیە.


٢.کورد وەک نەتەوە هەروا هەر چیاکان هاوڕێمانن و هیچ جێگایەکمان لە هاوپەیمانی نەتەوەییەکان نیە و وەک نەتەوە هیچ ستراتیژ و بەرنامەیەکی گەلی مان نیە و هەر وەک هێزێکی پەراوێز و پاشکۆ و بەکرێگیراو سەیرمان دەکرێت و هەر کاتێ بیانەوێ زلهێزەکان و ووڵاتە ئەقلیمیەکان سات وسەودامان پێدەکەن. مەسەلەی ریفراندۆم لە باشووری کوردستان و داگیرکردنەوەی هەموو ناوچە کوردیەکان لە 16ی ئۆکتۆبەردا، داگیرکردنی عفرین لەلایەن تورکیە بە بەرچاوی هاوپەیمانان و دەنگۆی کشانەوەی سەربازەکانی ئەمریکی و دانانی ناوچەی ئامن بۆ تورکیە و لوغزی ئەمە وەک مەتەڵ وایە و کورد  لە ڕۆژئاوا توشی سەت دڵە ڕاوکێ بووە وەختە خۆی بە دار و بەرد دا بدات.


٣.کورد وەک نەتەوە نەبۆتە مەسەلەیەک وکێشەیەکی سیاسی و ئینتەرناسیوناڵی هەروا مەسەلەی کورد وەک مەسەلەیەکی ئازادی زمان و کەلتوور دەبینرێن و مەسەلەیەکی مرۆییە تا سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەندا. لە ووڵاتێکی وەکو تورکیە ئەمەش داواکاریەکی زۆر قورسە و دەبێتە هۆی تیکدانی ئاسایشی نەتەوەیی دەولەتی تورک.


٤.کورد وەک نەتەوە زیانی زۆری بەرکەوت و بە هەزاران شەهیدی داو، ماڵوێرانی و کاولکاری شوێنی ژیان و گوزەران و ووڵاتەکەی بوو بە مەیدانی ڕمبازی زلهێزەکان و چەکە قورسەکان. ئەمە جگە لە جینوسایدی یەزیدیەکان و بەشێکی کورد لە ڕۆژئاوا.


٥.ناساندنی کورد وەک نەتەوەیەکی زوڵم لێکراو و داگیرکراو لە ئاستی دونیا و هاتنە مەیدانی ژنانی کورد لە ناوچەکە بۆ هەموو دونیا نموونەیەکی بەهێزی گەل بوون. بەڵام لە بەرەیەکی زلهیزەکانی دونیا هێزو ڕێکخراوە چەپەکانی دونیای لە هاوپشتی ئەم گەلەی بێ بەری کرد. هەر بۆیەش هێزی بەرژەوەندیەکان حوکم دەکات، زلهێزەکان هەرکات بەرژەوەندیەکان گۆڕان ئەوا ئەوانیش پشت لە کورد دەکەن. ئەمەش بێ توانایی ئەرسنالی سەربازی و هەژاری گەل دەگەیەنێ لە لایەنی ئابوورئ و پیشەسازی سەربازی و توانای سیاسی و میدیایی کە گەلەکەمان چەند هەژارە و لەم بارەوە هەنگاوێ کەم هەیە بۆ بەهێزبوونی.


٦.کورد وەک نەتەوە چووە نێو ئەزموونێکی شەڕی بەهێزی تەکنیکی نوێدا هەر لە بەکارهێنانی درۆن تا دەگاتە چەکی قورس و مووشەکی وەک میلان و دەیان چەک و تفاقی پێشکەوتووی جیهانی. هەروەها شەڕی شەقامەکان و شەڕی نێو گەڕەکەکان لە شارو شارۆچکەکان و گوندەکان. ئەزموونی شەڕی دەستە و یەخە و مین و ڕاکێتەکانی لێواری شەقامەکان و هتد. تا دەگاتە پووچەل کردنەوەی ئۆتۆمۆبیلە بۆمبڕیژکراوەکان و هتد. ئەمە توانای سەربازی زۆر بەرەوپێشەوە بردووە و قازانجێکی زۆری سەربازی بە کورد گەیاندووە لەگەڵ ئەم هەموو مەشق و ڕاهێنانەی کە پێشمەرگە و شەرڤانەکان دیویانە و بەشدارییان کردووە. ئەمە دەبێتە زەخیرەیەکی بەهێز بۆ بەکارهێنانی لە بەرگری و ئایندەی ڕزگاری نیشتمانی لە تەواوی ژیانی گەل دا.


٧.هەرزانترین خوێن خوێنی گەلی ئێمە بووە، پێشمەرگە و شەڕڤان و گریلا بە جەرگەکان نەک هەر لای هاوپەیمانان بەڵکو لەلای ڕابەرایەتی وەک حکومەتی کوردستان لە باشووریش ئەوە هەرزانترین و بێ نرختیرین شت بوون. نەوەکانی گەل زۆر بە بێ باکی مامەڵەیان لەگەڵ کراوە سەرەرای ئەم هەموو قوربانیەی داویانە و زۆرجار بەسەدانیان بەکوشت دراون بە تاکتیکی سەربازی هەڵە و یان دوایی لەگەڵ هێز و دوژمنە کاتیەکانیان وەک نەبایان دیبێ و نەباران وا مامەڵەیان بە خوێنی ئەم شەهیدانە کردووە.


٨. بەخۆشیەوە ئیسلامیە کوردەکان وەک حیزب و هێز لەم داوە نەگلان ئەمەش لایەنی پۆەتیڤە بۆ گەل بەڵام بەمانا ئەوەنیە کە ئەوان دژایەتی داعشیان کردووە، بەڵکو دڵیان لەگەڵ ئاڵاکەی داعش دا بوو و هەموویان شادەی پێ دەێنن. ئەمەش لەلایەک ساختەچیەتی ڕابەرانی ئەم حزبانە بەیان دەکات کە چەندە بەرژەوەند پەرستن بەڵام لە پیاهەڵدانی سوڵتان نەکەوتن و هەموویان پێڵاوی ئەردۆگانیان سڕیەوە و کرنوشیان بۆ ڕیالەکانی شێخەکانی سعودی و قەتەر و ئیماراتی بردووە و دەبەن. کەسێکی وەکو عەلی قەرەداغی و برایەکی سالح موسلیم بە شان و باڵی ئەردۆگانیان هەڵدەدا و خۆشی خۆیان بۆ داگیرکردنی عفرین دەردەبڕی. چۆن گۆرانیبێژەکانی خۆفرۆشە تورکەکان گۆرانیان بۆ دەگوتن. سیاسیەکی تورک گووتی با میللەتی کورد دڵی بە کەسێکی وەک ئیبراهیم تاتلیساز توند نەبێ چونکە ئەم کابرایە دووڕوو مەسلەحەت چیە، لە دیاربەکریش گۆرانی مەگەری مەگری دایە مەگری دەگوت، هەڵوێستی ئەم کابرایە هیچ بەهایەکی نیە. ئەمەش ڕێک بۆ هێزە ئیسلامیەکانی کورد وایە.


٩.کورد وەک نەتەوە هەروا لەگەڵ هەموو ئەم هەوراز و نشێویەی هەیە ئەم هەموو بێ ستراتیژە و پەرتەوازەیەی هەیە، ئەوە لە گەڵ هەموو حالەتەکانی دا هێشتا وەک نەتەوە وجودی خۆی پاراستووە و چووەتە پێشەوەش لە ڕۆژئاوا و باکوور لە فازێکی تردان سەرەڕای ئەم هەموو فشارو کوشتن و بڕینەی کە هەیە. گەلەکەمان لە باشوور سەرەڕای ئەم هەموو بەش بەش و دوو ئیدارەییە و نیو مەعاش و دەردو نەخۆشی کەهەیە ئەوا ڕەوڕەوەی بۆ ئازادی و توانا و هێز و سەلیقەی لاوانی گەل بۆ ڕزگاری و ژیانی باشتر کەم نە بۆتەوە. ئێستاش هیوا و ئاواتی بە ژیانی شایستە بۆ پێکەوە ژیان و فرە کەلتووری و عەدالەتی کۆمەڵایەتی هەیە. ئەمانەش کەم نین، دەبێ هەردەم هێزە نارازیەکان بە ئاشتی و ئازادی فشارەکانیان زیاد بکەن تا تەواوی کۆمەڵگا لە ئاستێکی بەرزدا دەژین.


١٠.کورد وەک نەتەوە نازانێ چارەنووسی بۆ کوێ دەچێ، وەک حزب و ڕێکخراوە و ناوچەکان بەرنامە و ستراتیژ هەیە بەڵام وەک نەتەوە و قازانجی بەرزی نەتەوەیی ئەم ستراتیژە ڕێکخراو و مەلموس نیە. ئەم پەرتەوازەییە کێشەی زۆر بۆ گەل دروست دەکات. هەروا کورد پشت بەستووە بە بێگانە و هیچ یەکێ لە ڕکێفەکانی ئەسپی دواڕۆژی لە دەست خۆی نیە و بە تەمای خوا لێدەخوڕێ. وەک نەتەوە ئەمە کەمایەتیەکی گەورەیە و گرفتی زۆر بۆ نەوەکان دروست دەکات. هەر بۆیەش لە شەڕ و لە ئاشتی ناوچەکە گەندەڵی پشتی هەمووانی شکاندووە. هێزە ناوچەییەکان تەنانەت بوو بوون بە ناوەندی ساغکردنەوەی نەوتی داعش و زێر  وماددەکانی خۆراکی و بازرگانی ناوچەییەکان تەنانەت قاچاخچیەکانی زۆرێ لەمانە کورد بوون. ئەمەش خۆی لە خۆیدا گەندەڵیەک و خیانەتێکی گەورەیە بە مەسەلەی نەتەوەیی.


ئەم مەسەلانە دەکرێ بە چەندین پەرتووک کۆتاییان نێت. بەڵام ئەوەی گرنگە کورد وەک نەتەوە چ وانەیەک لەم چەندین ساڵەی خەبات و قوربانی دژی داعش وەردەگرێ، واداعش وەک هێزێک کە ووڵاتێک و دەوڵەتێکی بانگەواز دەکرد کۆتایی دێ، بەڵام کورد چۆن دەتوانێ خۆی بۆ مێژوویەکی تر ئامادەبکات کە ئەگەری دووبارە بوونەوەی لە هەموو ئان و ساتێ دایە بە ناو و ڕەنگێکی تر. ئەم مەسەلەیە بۆ هەمووان جێ دێلێم تا بیرێکی تری لێبکەنەوە. وەک دەڵێن ؛هۆشی تەندروست لە لەشی تەندروست دایە، بەلاتینیەکەی کە شاعیری ڕۆمانی جوفیناڵ نووسیوویەتی؛
*Mens sana in corpore sano(سەرجاوە ڤیکیپیدیا)  

* تەواوی هۆنراوەکە بۆ هونەردۆستان بەزمانی کوردی بڵاودەکەینەوە؛ لەوەرگێرانی زمانی هۆلەندی و عەرەبی بەدەستکاریەوە بۆ کوردی وەرگێردراوە ؛

نوێژ لە پێناوی هۆشی تەندروست بۆ لەشی تەندروست بکە
داوای دلێکی ئازابکە لە مردن نەترسێ
وا بڕوانە بە درێزایی تەمەن 
کەم لە سروشت وەربگرە
دڵێ کە بەرگەی هەموو رەزالەتیەک بگرێ
ئەوە ئارەزوو ناتوانێ بیخنکێنێ
دڵ ڕەزالەتیەکانی هەرقەڵ و زۆرەملێکانی دەبینێ
باشتر لە خۆشەویستی ساردانبلوس و خوانەکەی لە گەل هەلسوکەوتەکانی
هەرئەوە بکە کە بۆت نووسراوە
چونکە ڕێک تەنها ڕێگا بۆ ژیانی پاک
ئەوە لێبووردەییە

ئەسلی لاتینی؛
orandum est ut sit mens sana in corpore sano.
fortem posce animum mortis terrore carentem,
qui spatium vitae extremum inter munera ponat
naturae, qui ferre queat quoscumque labores,
nesciat irasci, cupiat nihil et potiores
Herculis aerumnas credat saevosque labores
et venere et cenis et pluma Sardanapalli.
monstro quod ipse tibi possis dare; semita certe
tranquillae per virtutem patet unica vitae.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×