كەشتی ئیسلامییەكانی كوردستان بەرەو كام كەناری‌ سیاسەت‌و بەڕێوەبردن؟!

ئارام عەلی سەعید
  2019-07-05     731
گەر بیست و هەشت ساڵی تەمەنی ئیسلامییەكان بۆ سیاسەتكردن و مۆدێلی حزبایەتی لەباشووری كوردستان بكرێتە پێوەر بۆ سەركەوتوویی ئەم فۆڕمە لە چالاكی سیاسیی پێموانییە لەئاستی تموحی هەموواندا بێت، ئاخر هێزێكی سیاسیی لە 1992دا ڕێژەی %5ی متمانەی خەڵكی بەدەست هێنابێت و 2018 %12 بێت، بانگەوازو تەبلیغاتیان لە نزیكەی سی ساڵدا دەرەنجامەكەی ئەم ڕێژەیە بێت كاتی ئەوە نەهاتووە موراجەعە بكەنەوە بە ئەدەبیاتی سیاسیی و ئەندێشەو فیكری حزبایەتیاندا؟!

گەورەترین ئیلهامبەخشی هێزێك كە ئیسلام بێت و سەرچاوەی بیركردنەوەیان لە بنەماكانی شەریعەتەوە هەڵقوڵابێت ئایا شایستە بەوەن زیادلە %94 ی موسوڵمانی كوردستان متمانەی %12یان پێ بدات ؟! هێزێك دەیان كەناڵی بانگخوازی و سەدان بارەگاو سەنتەرو مینبەری مزگەوتی بەدەستەوە بێت كاتی ئەوە نەهاتووە پرسیاریان لێ بكرێت ئەم پاسیڤ بوون و وەستانە لە پای چی؟! بانگەوازێك بەهای ئەخلاق و بەخشینی هێزێكی باڵاو ئارامی بۆ كۆمەڵگا پێ بێت لەوئاستەدایە دردۆنگی و دوودڵی هەبێت لەمەڕ پەیامەكانیدا؟

هەموو دڵنیاین لە دەسەڵاتی سوڵتانیزمی سیاسیی لە كوردستان سەدان بڵندگۆی جودایان دروستكردووەو زیاد لەمانەش دەیان ڕێگایان گرتووەتەبەر بۆ لاوازكردن و كەمبایەخكردنی پێگەی ئیسلامییەكان، بەڵام ئەمانە نەبوونەتە پاساوی پاشەكشەو لاوازی گوتاری دینیی و سیاسیی ئەم هێزانە كە دەیان ساڵە ئومێدەكانمان بە عەلاگەی سیاسییانەوە هەڵواسیوە.

ئاماژەی لاوازییەكان ڕوونن، لەوانەیە زۆربەشمان هەستمان پێ كردبێت، ئەدی بۆ دەست بۆبردنیان یاساغە؟ گرفت چییە هێمایان بۆ ناكەین؟! تێناگەم ئەم هەموو كۆنگرەو كۆنفرانس و پانێڵ و سیمپۆزیەم و پێشنیارانەی وەری دەگرن و دەیكەنەوە بۆ ڕێكخستنی كاروباری حزبیان ساڵانەو وەرزانەو مانگانە بۆ لێكەوتەو چارەسەرەكانیان نابینرێت لەئاستی پێشڤەچوون و هەنگاوەكانی مێژووی دەیان ساڵەیاندا؟

كەلێن و كەمووكوورتیەكان زۆرن، ناكرێت لەنووسینێكی سەرپێییدا وردەكاری هەموویان بخرێتەڕوو، بەڵام خاڵی جەوهەری ئەوەیە بەجورئەتەوە خاڵ لەسەر ئەو پیتانە دابنێن كە فاكتەری ئەم وەدواهاتنانەن، هەموو دڵنیاین لەوەی خودی ئیسلام و شەریعەتەكە بێ خەوشەو یەكێك لە موعجیزەكانیشی ئەوەیە هەرهێزێك ڕاستگۆیانەو بێ دوودڵی پەیڕەوی لێ بكات بەرەكەتی فراوانبوون و هەیمەنەی ڕۆحی تەجاوزی هەموو سنوورەكان دەكات.

ئەوەی گرنگە بۆئێستا دوای ئەو نائومێدییە سیاسییەی كەهەیە لەئاقار هەژمووونی خۆسەپێنی پارتی و یەكێتی ئەم هێزانە بچنەوە بەشێوازی ئیشكردنیان لەمەڕ سیاسەت و بەڕێوەبردن، لەتەوفیقی نێوان سیاسەت و شەریعەت، لە كردەی دەعوەو ئیرشادو تەبلیغاتی سیاسیی و پرۆسەی پەروەردەی ئیسلامیی و پێدراوە ئەخلاقیەكان، ئەمەیە وادەكات تا تەلیسمی ترس نەشكێنن و موراجەعاتی فیكری خۆیان نەكەنە پرەنسیپێكی بنچینەیی گۆڕانكاری مەحاڵە تەجاوزی ئەم قاوغە سیاسییەی ئێستا بكەن كەلەڕووی پێگەی جەماوەری و چۆنیەتی شێوازی حزبایەتیكردنیانەوە تێیكەوتوون.

دەبێ بەدوای ئەو فریادڕەسەوە بن كە غیابی هەیە لە زیهنیەت و بیركردنەوەی عەقڵانی سیاسیی و حزبیی و ئیدارییاندا، پێویستە چیدی لەوە تێ بگەن ئەوانەی بكەری سیاسیی و"بەڵی"و"نەخێر"ەكانیان بەدەستە مەرج نییە بۆ هەموو قۆناغێك ئەندازیاری سیاسیی و داهێنەری مۆدێلی ڕێكخستنێكی سەركەوتووبن كە حزب تێیدا سەنتەربێت، بەڵكو جەرائەتی گۆڕانكاری لەنێوان سیاسەت و بانگەوازو بڕیاری دەسبردن بۆ ئەو كاریزمایانەی كە بێ بەدیل سەیردەكرێن سەنگی مەحەكە بۆ چوونە پێشەوەی ئەم هێزانە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×