خنکاندنی تروسکاییە دیموکراتییەکان

ئومێد حەمەعەلی
  2019-07-09     535
ھەمواری یاسای پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان لەپەرلەمان
ئێمە دەزانین ھەلبژاردنەکان لەھەرێم نەیانتوانیوە گوزارشت لە دەنگ و سەنگی راستەقینەی جیاوازییەکانی کۆمەلگەی کوردستان بکەن, ئەمەش بەو حوکمەی دەسەڵات و ئەو حیزبانەی ھێز و پارە و دامەزراوەکانیان لەبندەستە بەردەوام لەڕیگەی تەزویر و بەکارھێنانی سامان و دامەزراوەکانی ولاتەوە سەنگی سیاسی خۆیان بەرزکردۆتەوە و ڕایانگرتووە. بەڵام بەشیوەیەکی ڕیژەیی تەنیا ئەم تروسکاییە دیموکراتییانە ھەندێ جار چاوەروانی ئەوەیان لێ دەکرا ھەنگاوێک لەپرۆسەی سیاسی پێشبخەن, یان بگۆڕن, تەنانەت ئەو پارتە ساسییە سەرەکییانەی ئێستا لەپەرلەمانن بانگەشەی خەباتی پەرلەمانییان ھەلگرتووە, یان پیداگرییان لەسەر لامەرکەزییەت و حکومەتە خۆجێییەکان کردووە لە نوێنەرایەتیکردنی خەڵک و خزمەتکردنیاندا, بەڵام ئەمرۆ لە ھەمواری یاسای پاریزگاکاندا بەتەواوی دژی ئەو پرەنسیپانە وەستانەوە.

ترسناکی ھەموارەکە:
یەک, ریگە دەدات پارێزگار لەدەرەوەی ئەنجومەنەوە بھێنرێت و دەنگی پێبدرێت, ئەمەش وادەکات پارێزگار ئەو کەسەنەبێت کە خەڵک دەنگی پێدەدات. تەنانەت پێشنیاری ئەوە کرا , کە ئەم حاڵەتە تەنیا بۆ ئەم خولەی ئەنجومەنی پارێزگاکان بێت, بەڵام رەتکرایەوە.

دوو, ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاریزگاکان بەکاتێکی نادیار سپێردرا, ھەرچەندە پێشنیارێک ھەبوو کە تەنیا بۆ یەک ساڵ ماوەی ئەنجومەنی پاریزگاکان درێژبکریتەوە, بەڵام بەداخەوە ئەم پێشنیارەش بەزۆرینەی دەنگ رەتکرایەوە. ئەمەش ئەو خواستە دەردەخات کە ھیزە سیاسییەکان بۆ دواخستنی ھەموو ھەلبژاردنەکان ھەیانە و رەنگە بە چوارساڵ و زیاتریش ئاوڕ لەئەنجامدانی ھەڵبژاردن نەدەنەوە, کە ھیوادارم ئەو خواستە نادیموکراتییە شکستبھێنێت.

سێ, جارێکی تر و وەک زنجیرەی تەواوکاریی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم, ئەم یاسا تازەیە نزیکبوونەوە و تێکەڵاوبوون و لێکچوونی نێوان پارتە سیاسییەکانی تۆخکردەوە و زیانێکی سەربار و گەورەیە بۆ سەر ئەو زیانە قووڵە کارەساتبارانەی قەبوڵکردنی یاسای سەرۆکایەتی بە خەون و بانگەشەی دیموکراتیکردنی ژیانی سیاسی ھەرێمی گەیاندووە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×