ئایا سەرۆکی حکومەت هیچ دەکات؟

ئومێد حەمەعەلی
  2019-07-11     210
کێشەی هەرە سەرەکی لەم جۆرە سیستەمانەدا ئەوەیە باسکردن و بەڵێندانی گۆڕانکاریی و دەستکاریکردنی ژیانی سیاسی و چاکسازیی فرەلایەن, بەپلەی یەک ئامانج لێی گەیاندنی پەیام و نامەیەکی سیاسی دیاریکراوە, ئەیانەوێت شتێکی دیاریکراو بگەیەننە ناو زیهنی خەڵک بەگشتی. ئەم پەیام و شتە دیاریکراوە بریتییە لەوەی, کە " دیاردەیەکی خراپ و گەندەڵی سیاسی, دارایی و ئیداریی لەدەرەوەی ئیمە بوونی هەیە و چاکی دەکەین و رووبەڕووی دەبینەوە". بۆچی دەیانەوێت ئەم جۆرە تێگەیشتنە پەخشبکەن, روون و ئاشکرایە یەکێک لە مەبەستەکان تەفرەدانی کۆمەڵگەیە و لابردنی سەرنجی ئینسانی ئێمەیە لەسەر کێشە جەوهەرییەکە, کە بونیادی سیستەم و دەسەڵاتەکەیە, ئامادەیی ئەو هێزەیە کە ئەم کاراکتەرانەی لە کوڕەکانی بنەماڵە سیاسییەکان هێناوەتە ترۆپکی دەسەڵات.

کورتکردنەوە و بچوککردنەوەی داخوازییە سیاسییەکان و ناراستەوخۆ و راستەوخۆ ئیشکردنی دەسەڵات و هیزە سیاسییە پشتیوانەکانی بۆ ئاساییکردنەوە و گونجاندنی خەلک لەگەل سیستەمی خێزانی و جێگیرکردنی ئەم نوخبە تازەیەی نەوەی بنەمالە و خێزانەکانی دەستبەسەرداگری سیاسەت لەکوردستان, بەشێکی ترسناکە لە سەرەتا و دەرکەوتە سیاسییەکانی ئەم تیکەڵاوبوون و دەستلەناودەستکردنە فراوانە. 

ئەم گوتارە سیاسییە زیاتر پاکانەکردنە و نمایشکردنی روویەک و دەموچاوێکی تری هەمان ئەقڵییەت و سیستەمە , کە هیچ بڕوایەکی بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات نییە و هەموو شتێک لەپێناو مانەوەی خۆیدا دەکات. ئەم نمایشە تازەیەشیان تەنیا لەبەر هەمان هۆیە. هەر لیرەوە پێویستیان بەوەیە خۆیان بێبەری پیشانبدەن لەو وێرانکردنەی وڵات. 

بەو شێوەیە دەیانەوێت بڵێن, ئێمە بەرپرسیارنین لە تاڵانکردنی داهاتی وڵات, بەرپرسیارنین لە بردنی پارەی نەوت, دەیانەوێ بڵێن, ئێمە نین کە حیزبەکەمان بەهۆی داهاتی گشتییەوە دەوڵەمەندترین حیزبی دونیایە. دەیانەوێت بڵێن, کارە خراپەکان, گەندەڵییەکان و پێشێلکارییە یاساییەکان لەدەرەوەی ئێمەن. ئەمانە دەیانەوێت وەها خەڵک تیبگەیەنن کێشە نییە یەک بنەماڵە و خێزانگەلێکی سیاسی بەرێوەببەن, کێشە نییە بۆ ئەبەد چارەنوسی ئەم وڵاتە لەدەستی کوڕ و نەوەکانی بنەمالە و خێزانە فەرمانڕەواکانی ئێستادابێ. ئەیانەوێت ئەو پەیامە بگەیەنن, کە حوکمی بنەماڵە و بەخێزانیکردنی سیاسەت و پشتاوپشتی فەرمانڕەوایی گەندەڵی نییە و مەسەلەیەکی دیموکراتییە و بەدەنگی هاولاتیان شەرعییەت وەردەگرن.

پرسیاری جیددی بۆ کۆمەلگەی ئێمە ئەوەیە, ئایا تاچەندە ئەم هەوڵی فریودان و چەواشەکردنەی بەسەردا تیدەپەڕێت؟ تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە بۆ تێکڕای هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی ئێمە, کە تاچەندە ئیش لەسەر رووبەروبوونەوەی مەدەنییانە, فیکرییانە و سیاسییانەی ئەم سیستەم و تەوژمە گەورەیەی بەخێزانیکردنی سیاسەت و حوکمڕانی دەکەن؟

نابێت ئەوەش لەبیربکەین:
مێژووی ئێمە پڕیەتی لەم ساتی بێ ئومێدییانە, کە هێزە سیاسییەکانی داخوازییە میژوویی و پێویستییە شارستانی و سیاسییەکانی کۆمەڵگە فەرامۆش دەکەن و رادەستی دەسەڵاتی واقیعی زاڵ دەبن و, دەستبەرداری رۆحی بەرەنگاربوونەوەی خراپەکاریی و سیستەمی باڵادەست دەبن. بەدەر لەوەی نائومێدی لە بەرەنگاربوونەوە ئیفلیجی سیاسی و مێژوویی دروستدەکات, پێویستە کۆمەڵگەی ئێمە, روونتر بڵێم, ئینسانی ئێمە پێویستە بیرلە نەخۆشی و دەردی سیاسی مێژووی خۆی بکاتەوە, پێویستە لەخۆمان بپرسین, هۆکار چییە, کۆمەڵگەی ئێمە نەیتوانیوە ئەم ئەقڵییەتە حوکمرانییە تێپەڕێنێت؟ مێژووی سیاسی ئیمە بە چ نەخۆشییەکەوە گیرۆدەیە, کە پاش ماوەیەکی کەم هێز و جوڵانەوە سیاسییەکانی قودرەتی رووبەروبونەوەی سیستەم و دەسەڵات لەدەستدەدەن؟

ئەوەی گرینگە ئەوە نییە کە سەرۆکی حکومەت چی دەڵێت, ئەوەی گرینگە ئەوەیە ئێمە چ ئەقڵییەت و سیستەم و دەستەیەکی سیاسی حوکممان دەکەن؟ چونکە ئەم خیزانە سیاسییانە و کوڕەکانیان هەر شتێ بکەن بەمەرجی مانەوە و درێژەدانی دەسەڵاتی خۆیان دەیکەن.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×