کورسییەکان بۆ ئەوان‌و کوڕەکانیان‌و "شتی" تریش بۆ میللەتەکە

نەشاد عومەر
  2019-07-22     361
قسە لەسەر کلتورێکی ناشرین دەکەین، بەتاپۆکردنی هەمو پۆستە حکومی‌و ئیدارییەکان لەنێوان کۆمەڵێک کەس‌و کوڕەکانیان‌و داخستنی دەرگای حوکمکردن بەڕوی هەمو هاوڵاتیانت وڵاتەکە، ئەم کلتورە پارتی‌و یەکێتی لەدوای هاتنە ناو شارو دروستکردنی حکومەت لەگەڵ خۆیان هێنایان‌و نەک لەگەڵ پێشکەوتنی ڕۆژگاری حوکمڕانی نەیان گۆڕی‌و وازیان لێ نەهێناوە، بەڵکو کردویانە بەکلتور، لەساڵی ١٩٩٢وە ئەوەی لەلوتکەی هەڕەمەکەیە کۆمەڵێک کەسن‌و بەردەوامیش ماوەکانیان بۆ دریژ دەکرێتەوەو کاتێکیش بەدەگمەن ڕودەدات یەکێکیان تاقەتی نامێنی، ئەوا خێرا کوڕەکەی دەختە ناو یارییەکەوە.

پارتی‌و یەکێتی بەڕادەیەک پێکهاتەی حکومەت دادەڕێژن ڕەنگە شیوازێکی هێندە ترسناک بێت لەتەواوی ناوچەکەدا کە هیچ نمونەیەکی نییەو لەهیچ سیستەمی وڵاتێکەوە وەرنەگیراوە، ئەم دوو حیزبە بەجۆرێک پۆستە حکومییەکانیان پڕ دەکەنەوە کە جگە لەوەی ئینسانی ئیمە تەواو بێ هیوا دەکات لەهەمانکاتدا شەقێکی گەورە هەڵدەدات لەهەمو ماناکانی خۆشەویستی نیشتیمان و حکومەتی هاوڵاتی بون، ئەم سیاسەتەی ئەم دوو حیزبە بۆ حکومڕانی دەیکەن تا ئەو شوێنە ناشرینە کە لەناو سیستەمە مێژوییەکانی دونیاشدا وێنەی نەبووە.

مێژو پێماندەڵێت، بەعس هێزێکی دیکتاتۆرو سیستەمێکی نادیموکراسی بو، بەڵام ئەوەی ببوایە بەبەعسی حکومەتەکەی بەهی خۆی دەزانی‌و پۆست‌و پلەو کورسییەکان تا ڕادەیەکی باش لەبەردەم بەعسییەکاندا کراوە بوە، ئەوەی سیستەمەکەی پێ قبوڵ بوایە، سیستەمەکەش ئەوی فەرامۆش نەدەکردو بۆ پڕ کردنەوەی پۆستی حکومی‌و حزبی پشتی پێ بەستووە، جگە لەبەعس سەردەمی شای ئێران با وەر بگرین، حوکمی شاهنشایی ئێران بەپێی هەموو لێکۆڵینەوەو سەرچاوەکانی مێژوو، یەکێک بووە لەگەندەڵترین و فەساد ترین سیستەمەکانی ناو مێژوی دونیا، بەڵام جگە لە فەسادی سیستەمەکە بە ڕادەیەکی سەرسوڕمان پشتی بەستووە بە توانای گەنجە خوێندەوارەکانی بۆ قایم تر کردنی پایەکانی سیستەمی شاهنشایی، ئەگەر سەرنجێک لەسەرچاوە میژوویەکانی بواری ئێران بدەین دەبینین لەسەردەمی ڕەزا شای باوک و محمد شای کوردا، سیاسەت‌و حوکمداریی لە ئێران بەڕادەیەکی بێ وێنە پشت دەبەستێت بەگۆڕینی دەم و چاوەکان و هێنانە پێشەوەی نەوەی نوێ، خوینەواریکی هەژار لەناو دەزگایەکی خوارووی ساواکدا لەماوەیەکی کەمدا بۆتە بەرپرسیکی گەورەی وڵاتەکە، لەماوەی ساڵانی شەست و حەفتای پێش ئنقلابی ئیسلامی کەم نەبوون ئەو خوێندکارانەی ئێران کە لەسەر حسابی دەوڵەتی ئێرانی لەڕژئاوا بڕوانامەیان بەدەستهێناوە و دوای گەڕانەوەیان پۆستی گەورە گەورەیان پێ پڕ کراوەتەوە، جگە لەمحمد شا نەبێت هەر لەپۆستی سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان‌و سەرۆکی ساوەکەوە تا دەگات بەپارێزگارەکان بەردەوام لەگۆڕاندا بون‌و بەشی زۆریشیان بەچەندین تۆمەت دوور خراونەتەوە.  


جگە لەوانە عیراقی ئەمڕۆ ببینین، سەڕەرای ئەوەی حکومەتەکە یەکێکە لە حکومەتە هەرە خراپەکانی دونیاو لەڕیزبەندی دوای دواوە دێت، بەڵام بەپێچەوانەی کوردستان لەوێدا دەم‌و چاوەکان لەگەڵ خولەکانی هەڵبژاردن دەگۆرێن، سەرۆکەکانی کەسی نوێن دێن‌و دەڕۆن، وەزیرەکان هەمان وەزیرەکانی پێشو تر نین، لەگەڵ هەموو خراپەکاری و گەندەڵیەکانیش ڕەنگە حکومەتی عێراقی لەوەدا سەرکەوتو بووبێت کە دەسەڵات نەبۆتە موڵک و تاپۆ لەسەر کەس.

یان ئەگەر ئەو وڵاتانە وەربگرین کە سیستەمەکانیان پاشایی یان مەلیکییە ، لەوێدا تەنها پاشا دەسەڵاتی لەسەر تاپۆ کراوەو ، بەڵام پۆستەکانی تر و شوینە ئیدارییەکانی تر نەبۆتە موڵکی کەس و نوزەی گۆڕانکاری تێدا بەردەوام دەمێنێت بەو مەرجەی لە نێوان دۆستانی مەلیک یان پاشا بێت و دەرنەچێت . 

بۆیە چەند نمونەیەکم لە خراپترین سیستەمەکانی دونیا باس کرد ، تا لەو ڕاستییە تێبگەین کە ئەو حوکمدارییەی پارتی و یەکێتی دەیکەن نەک لە وڵاتە دواکەوتووەکانیش ناکات، بگرە لەتەواوی دنیادا بێ وێنە ناشرین و ترسناکە، دەسەڵات لەکوردستان بەبەردەوامی لە دوای ڕوخانی بەعسەوە لە نێوان کۆمەڵێک سەروچاو دەرناچێت و وەکو تۆپی یاری کردن کورسییەکان لەنێوان خۆیاندا دێن‌و دەچن، نەدەم‌و چاوێکی نوێ دێتە پێشەوە نە تەنانەت لەنێو حزبەکانی خۆشیان نوزەو هەناسەیەک بۆ کەسانی تر ئەهێڵنەوە، ئەوەی پارتی و یەکێتی دەیکەن زوڵمیکی گەورەیە بەرامبەر هاوڵاتیان، دەرفەتی حکومڕانی کردن تاپۆ و بە موڵک کراوە لەنێوان کۆمەڵێک کەس و لە هیچ کات و ئەگەرێکدا ئەوان ناڕۆن ودانانیشن تا دەمرن هەر دەبێ لە پۆستێکدا بمێننەوە.

یەکێکیان لە خولی پێشوو تر وەزیر بو، ئەم خولە شوێنەکەی خۆی چۆڵ دەکات بۆ هاوڕیکەی کە ئەویش خولی پێشو وتەبێژک یان وەزیری وەزارەتیکی تر بووەو خۆیشی دانانیشێت بەڵکو تەنها ماڵی دەگوزێتەوەو لەم وەزارەتەوە دەچێتە وەزارەتێکی تر ، پۆستەکانی پەرلەمان ، وەزارەتەکان و فەرمانگە گەورەکان لە ناوخۆیاندا دەست بە دەست دەیگوازنەوەو هیچ کات ڕوونادا دەم و چاوێکی تر بێتەو پێشەوە ، دەرگای هاتنە پێشەوەیان لە هەوادار و کادیرەکانی خۆشیان داخستووە ، ئەمە لە کاتێکدایە کە وڵاتەکە پرە لە هاوڵاتی بە توا ناو دڵسۆز و شارەزاو خاوەن بڕوانامە.لەبەر ئەوە ئەگەر ئێمە بمانەوێت لە زانستی سیاسیدا ناوێک بۆ ئەم جۆرە لە حوکمڕانییە بدۆزینەوە ئەوا دائەمێنین و خۆمان لەبەردەم سیستەمێک دەبینینەوە کە تەواو بێ وێنەو بێ پێناسەیە ، حکەمەتەکە نەک حکومەتێکی تەکنۆکرات نییە ، بەڵکو حکومەتێکی حزبیش نییە ، حکومەت حیزبی ئەوەی کە حیزب دەرگای وەرگرتنی پۆستەکان بۆ هەموو کادیرانی حیزب وەکو یەک دەکاتەوە ، بەڵام ئەمەی کوردستان دۆخێکی تەواو پێچەوانەیە ، لەبەر ئەوە ناونانی سیستەمەکە بەوەی کە حکومەتێکە کۆمەڵێک بازرگان حوکمی چەند ملیۆنێک لە خەڵک دەکەن ، دەڵێم بە ناونانی بە شتێکی لەو بابەتە تا ڕادەیەک دەمانگەیەنێت بە ئەنجام ، ئەوەی هەیە حوکمداری نییە نە بە مانا دیموکراسییەکەی نە بە مانا نا دیموکراسییەکەی ، بەڵکو حوکمی کۆمەڵێک لە پێشمەرگەی شاخە ، کە ئێستا لەوە کەوتوون پێشمەرگە بن ، بەڵکو کۆمەڵێک بازرگانی چاو چنۆک  و گەندەڵن و دەستیان گرتووە بەسەر سیاسەتی مەملەکەتداو ڕێگاش بە کەس نادەن لەگەڵیان هاوبەش بێت لە حوکمداری.

ئەوەی دۆخەکە خراپتر دەکات ئەوەیە کە ئەم کلتورە ناشرینە تەشەنەی سەندووەو چۆتە ناو هەندێک لەحیزبە ئۆپۆزسیۆناکانی پێشوتر کە ئومێدێکی زۆریان لەسەر هەڵچنرابو، با گۆڕان بەنمونە وەرگرین، گۆڕان لەو ڕووەوە جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ پارتی‌و یەکێتی نییە، بەتایبەتی لە دوای کۆچیی دوای ڕێکخەرەکەیان چڕ کردنەوەی بەشەکانیان لەناو حکومەت خەریکە دەبێتە موڵکی کەسیی کۆمەڵێکیان‌و خۆیان مفاوەزات دەکەن‌و خۆیان پۆستەکان وەر دەگرن‌و هەر خۆشیان زۆر شتی تریان بەدەستە، بێگوێدانە ئەو هەموو وزەو توانا دڵسۆزانەی لەناو کادیرەکانیاندا هەن.

بەم مانایە ئەم جۆرە لە سیاسەت کردن کە یەکێتی و پارتی دایانهێناوەو خەریکە دەبێت بە کلتور، ئەوا مەترسییەکی گەورە لەسەر داهاتوی هەرێمەکە دروست دەکات، ئەگەرەکانی نائارامی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی زیاد دەکات، چونکە لەدۆخیکی وادا هاوڵاتی دەسەڵات‌و حکومەتەکە بەهی خۆیان نازانن، خۆشەویستی نیشتیمان بوونی نییە، هاوڵاتی لەهەموو قۆناغێکدا لەبەردەم ئەگەرەکانی شەرو گۆڕانکاری بەڕێگای توندوتیژیدایە، کاتیکیش توڕەیی میلەتەکە دەگاتە ترۆپکی خۆی بەهیچ هیزیک بەر ناگیڕێ قوربانی‌و خوینیکی زۆریش ئەنجامەکەی دەبێت‌و کورسییەکان بۆ ئەوان کوڕەکانیان دەبێت و خەباتی نا مەدەنی و توندوتیژیش ش بۆ میلەتەکە دەمنێتەوە. 
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×