چاكسازیی‌و پاكسازیی ده‌بێ له‌سه‌ره‌وه‌ شۆربێته‌وه‌

ده‌ریا محمد
  2019-11-08     160
چاكسازیی‌و پاكسازیی ئه‌و دوو وشه‌ی كه‌ رۆژانه‌ زۆرترین جار گوێ بیستی ده‌بین زۆرترین قسه‌و باسی له‌سه‌ر ده‌كرێت، له‌وڵاتانی جیهانی سێیه‌م حكومه‌ت هه‌میشه‌ زۆرترین قسه‌كانی له‌سه‌ر چاكسازییه‌، هۆكاره‌كه‌شی له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ له‌م وڵاتانه‌ زۆرترین رێژه‌ی گه‌نده‌ڵی هه‌یه‌و ده‌كرێ . 

گه‌نده‌ڵی له‌بچوكترین پیناسه‌یدا بریتیه‌ له‌به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌كه‌سی كه‌ خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌خزم خزمینه‌و واسته‌و واسته‌كاری‌و مه‌حسوبیه‌ت‌و مه‌نسوبیه‌ت و ده‌وڵه‌مه‌ند بوونی به‌رپرسانی باڵا له‌سه‌ر حسابی خه‌لكی ره‌ش و رووت، گه‌نده‌ڵی چه‌ندین جۆی هه‌یه‌ له‌وانه‌، گه‌نده‌لی سیاسی، گه‌نده‌ڵی دارایی‌و  گه‌نده‌ڵی كارگێری .... زۆر جۆری تریش كه‌ باوترینیان له‌ هه‌رێمی كوردستان بریتیه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی دارایی. 

باشترین رێگاش بۆ له‌ناوبردنی گه‌نده‌ڵی بریتیه‌ له‌چاكسازی له‌سه‌رجه‌م جومگه‌كانی حوكمرانی و باش ئیداره‌دانی وڵات و سه‌روه‌ربوونی یاسا و دادگایكردن و به‌سزاگه‌یاندنی ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی ، وه‌ هه‌روه‌ها چالاك بونی په‌رله‌مان و به‌كارهێنانی ده‌سه‌لاتی راسته‌قینه‌ی خۆی له‌ چاودێریكردن و ره‌قابه‌ی ده‌سه‌لاتی جێبه‌جی كردن.

له‌سه‌ره‌تایی ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی 9ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆرترین قسه‌و باس له‌سه‌ر روبه‌رووبونه‌وه‌ی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی و ئه‌نجامدانی چاكسازی ده‌كریت، به‌ڵام تا ئێستا چاكسازییه‌كان له‌ خواره‌وه‌ن و سه‌ری نه‌كێشاوه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌ی روونه‌ تا ئێستا چاكسازیه‌كان ته‌نها له‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ر ئه‌نجامدراوه‌ وه‌ له‌وه‌ش بچوكتر بۆته‌وه‌ كه‌ ته‌نها ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی گرتۆته‌وه‌ كه‌ بێ پشت و په‌نان ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی كه‌ نزیكن له‌ پله‌ باڵاكان به‌ده‌رن له‌م چاكسازیانه‌، ئه‌مه‌ش هاوشیوه‌ی ئه‌و كانیه‌ی لێدێت كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌كه‌یه‌وه‌ پیس بێت تۆ هه‌رچه‌ند خوار سه‌رچاوه‌كه‌ پاك بكه‌یته‌وه‌ سودی نابیت. 

ده‌بێ له‌ڕه‌گه‌وه‌ پاكی بكه‌یته‌وه‌ ئینجا شۆری كه‌یته‌وه‌ بۆ خوراره‌وه‌ ، هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ حكومه‌ت موچه‌ی چوار مانگی ته‌واوه‌تی فه‌رمانبه‌ران قه‌رزاره‌ وه‌ دوو ساڵیش چاره‌گه‌ موچه‌ی دابه‌شكردوه‌ كه‌ ئه‌ویش 3 موچه‌ی نه‌داوه‌ له‌ چاره‌گه‌ موچه‌كه‌دا ، وه‌ له‌ ساڵی 2015ه‌وه‌ پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ (ترفیع) راوه‌ستاوه‌و تا ئێستا نه‌كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ پێی یاسایی راژه‌ی شارستانی  ژماره‌‌ (24) ساڵی ( 1960)‌ فه‌رمانبه‌ر مافی خۆیه‌تی 4 ساڵ جارێك ترفیع بكرێت وه‌ هه‌ر به‌ پێێ هه‌مان یاسا ئه‌رك و مافی فه‌رمانبه‌ر دیاریكراوه‌  به‌ڵام له‌ ئه‌رزی واقعدا مافه‌كانی پێ نادرێ و ئه‌ركه‌كه‌شی زیاد ده‌كرێ كه‌ ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی یاسا و به‌ها و عورفی كاری كارگێریه‌ . 

- توندكردنی ده‌وام كارێكی باش و گونجاوه‌ به‌ مه‌رجێك مه‌به‌ست لێی ته‌قیسكردن و ده‌رپه‌راندنی فه‌رمانبه‌ر نه‌بێت.
 
- فه‌رمانبه‌ر به‌ بریارو ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی هه‌ریم ده‌وامی كردوه‌ نه‌ك بۆ حكومه‌تی ناوه‌ند واته‌ ئه‌و موچه‌یه‌ی  كه‌پاشه‌كه‌وتكراوه‌ ئه‌وه‌  وه‌ك قه‌رزه‌ له‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تی هه‌رێمه‌ ، بۆیه‌ هه‌ر قسه‌یه‌ك  له‌و باره‌وه‌یه‌ جگه‌ له‌ پێدانه‌وه‌ی موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان ئه‌وه‌ خۆ دزینه‌وه ‌و ڕاكردنه‌ له‌ به‌رپرسیاره‌تی و مافه‌كانی خه‌ڵكی هه‌ریمی كوردستان . 

- وه‌ ده‌بێ چاكسازی گشتگیرو فراوان بێ سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ بگرێته‌وه‌  كه‌ ده‌سه‌ڵات و پیگه‌ سیاسی و حكومیه‌كانیان به‌كارهێناوه‌ بۆ خۆ ده‌وله‌مه‌ندكردن و سبقاتی ژێربه‌ژێر وه‌ ده‌بێ ئه‌وانه‌ش بگریته‌وه‌ كه‌ خاوه‌نی بیره‌ نه‌وت و كۆمپانیان .

- بۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وان نیه‌تیان جدیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چاكسازیه‌كه‌ سه‌ركه‌وت و بێ وه‌ ئامانجی خۆی بپێكێێ ئه‌و بنه‌مایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن كه‌ جمال عبدالناصر له‌ میسر له‌ ساڵی 1952 جێبیه‌جێیكرد  له‌سه‌ر به‌رپرسانی باڵای وڵات كاتێك پۆستیان وه‌رده‌گرت و دوای ته‌واوبوونی ماوه‌ی به‌رپرسیاریه‌تیان لێكۆلێنه‌وه‌‌ له‌سه‌ر سه‌روه‌ت و سامانیان ده‌كراو ئه‌گه‌ر سه‌روه‌ته‌كانیان زیاتر با له‌و رێژه‌یه‌ی كه‌ پێش ئه‌وه‌ی ببنه‌ به‌رپرس راپێچی دادگا ده‌كران و لێیان ده‌پرسن (من این لك هژا- ئه‌وه‌ت له‌ كوێ هێناوه‌ ) . 
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×