چۆن هەواڵێکی بێبنەما دەربارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەناسیتەوە؟

سەلام عومەر
  2020-02-22     905

زانیاریی ناڕاست لە ڤایرۆسەکە ترسناکترە. ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتۆتە ئێرانی دراوسێ، بەڵام ئەو ڤایرۆسەی پێشتر گەیشتووە و لە کۆرۆنا مەترسیدارترە بڵاوکردنەوەی زانیاریی شێوێنراو و هەڵەیە دەربارەی ڤایرۆسەکە. ڕێنمایی ڕۆژنامەوانی لەبەردەستدان تا زانیاریی ناڕاست یان هەواڵێکی درۆ بناسیتەوە، ئەو ڕێنماییانە زانیاریی ناڕاستیش دەربارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگرێتەوە. تۆ ئەگەر ئێستا ئەم بابەتە دەخوێنیتەوە تکایە جارێکی تر بۆ هاوڕێ و کەسوکار و هاوپیشەکانتی باس بکە. 
(١٠) ڕێنمایی بۆ ناسینەوە هەواڵێکی بێبنەما دەربارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا:
یەکەم: بزانە چ کەسێک زانیارییەکەی نوسییوە؛ لە بواری تەندروستییدا کاردەکات؛ پەیامنێری تایبەت بە بواری تەندروستییە و ئایا چی لێپرسراوێتییەکی هەیە.
دووەم: تکایە تەنیا ناونیشانەکە مەخوێنەرە؛ پێویستە هەموو هەواڵی تایبەت بە ڤایرۆسەکە بخوێنیتەوە. چەند هەواڵێکی کەم بخوێنەرەوە، بەڵام هەموو هەواڵەکە بخوێنەرەوە.
سێیەم: بزانە کام دەزگای ڕاگەیاندن هەواڵەکەی بڵاوکردۆتەوە، دەزگاکە هیج ئەزمونێکی هەیە لە بواری تەندروستیدا، بەرنامەی تایبەتی هەیە لە بواری تەندروستیدا.
چوارەم: بزانە کەی هەواڵەکە بڵاوکراوەتەوە؛ نوێیە یان بەسەرچووە.
پێنجەم: بزانە کام سەرچاوە لە هەواڵەکەدا پشتی پێبەستراوە، ئەو سەرچاوەیە بۆ قسەی کردووە، لایەنێکی تایبەتمەندە؛ باش بزانە هەواڵی بێسەرچاوە خۆی ڤایرۆسە.
شەشەم: بزانە فۆتۆ و ڤیدیۆکان لە کوێوە هاتوون; بە هەموو ڤیدیۆیەک باوەڕمەکە!
حەوتەم: بیربکەرەوە لەوەی ئەو لایەن یان کەسەی هەواڵەکەی بڵاوکردۆتەوە، هیچ ئامانجێکی شاراوەی هەیە. بۆچی ئەو هەواڵە لەو کاتەدا بڵاودەکاتەوە.
هەشتەم: بزانە کامە دەزگای راگەیاندنی تر ئەو هەواڵەی بڵاوکردۆتەوە، زانیارییەکان بەراورد بکە. ئەگەر کەسێکی نزیکت زمانێکی تر دەزانێت داوای لێبکە بە زمانەکەی تریش دڵنیابێتەوە لە زانیارییەکە. 
نۆیەم: رۆژانە بزانە لیژنەی تایبەت لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی حکومەتی فیدراڵ دەربارەی نەخۆشییەکە چی دەڵێن. 
دەیەم: باش بیربکەرەوە پێش ئەوەی هەواڵەکە شێربکەی! کە بەهەڵە بڵاوبۆوە کۆکردنەوەی نییە!


نوسەری ئەم بابەتە ڕاهێنەری ڕۆژنامەوانی - سەرنوسەری کەرکوک ناو-ە


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×