با نەهێڵین بەڵگەنامەکانی ئەنفال‌و هەڵەبجە بکەونەوە دەست ئەنفالچیان‌و هاوبیرانیان

ئەنوەر سوڵتانی
  2020-03-01     647
بە گوێرەی هەواڵی ڕۆژی ٩/٢/٢٠٢٠ ی ماڵپەڕێکی کوردی، "بڕیارە ئەو کۆمەڵە بەڵگەنامانەی وا ئەمریکییەکان دوای ساڵی ٢٠٠٣ لە بنکەی هەواڵگریی عیراقی [ئیستخبارات] هەڵگیانگرتبوون، هاوڕێ لەگەڵ ئاڕشیڤی جووەکانی عیراق، لە ساڵی ٢٠٢١ دا بدرێنە دەست حکوومەتی ناوەندیی عیراق."[1] - هەواڵێکی گرنگ کە بەداخەوە لە مێدیای کوردیدا ڕەنگدانەوەی نەبوو و وێدەچێت بایەخی خۆی پێنەدرابێت!
هەواڵەکە لە لایەکەوە خۆشە لەبەر ئەوەی بەڵگەنامەکان لە دوورەدەستی ئەمریکاوە دەگەڕێنەوە 'وڵاتی خاوەنیان' و بە ڕواڵەت، حەق دەدرێتەوە دەست حەقدار؛ بەڵام لەلایەکیترەوە ناخۆشە لەبەر ئەەوی تەعبیری 'وڵاتی خاوەنیان' ئاوی زۆر هەڵدەگرێت و ناکرێ بە بێ ڕوونکردنەوەی تەواو، بازی بەسەردا بدرێت.
'وڵاتی خاوەن بەڵگەنامەکان' بە هەمان ئەو پێکهاتەیە دەگوترێت کە ناوی 'عیراق'ی لەسەرە، لە لایەن دەسەڵاتدارییەکەوە بەڕێوە دەبرێت کە ناوی 'حکوومەتی عیراق'ە، ئەندامی فەرمیی نەتەوە یەکگرتووەکانە، ئاڵای خۆی هەیە و سنووری جوغرافیاییەکەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا بە ڕوونی دیاری کراوە. ئەو وڵاتە لە ساڵی ١٩٢٠ دا بە گوێرەی پەیمانی سیڤەر لە بەژنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی جیا کرایەوە و ماوەی دوو ساڵێک لە ژێر ئینتدابی بەریتانیادا مایەوە، ئینجا بوو بە دەوڵەتێکی سەربەخۆی شایەتی؛ درەنگتریش لە ساڵی ١٩٥٨ دا فۆڕمی کۆماریی بەخۆیەوە گرت. گەلانی جیاجیای عەرەب و کورد و ئاسۆری و کلدانی و ئەرمەنی و جوولەکە دانیشتووی وڵاتەکەن کە ماوەیەک درەنگتر، دوای کۆدیتای ساڵی ١٩٥٨ لە یاسای بنەڕەتیی عیراقی نوێدا بە 'خاکی عەرەب و کورد و پێکهاتەکانی تر' ناسێنرا.
لە دامەزرانی 'عیراق'دا خواستی گەلانی غەیرە عەرەب بەتایبەت کورد نەگیرایە بەرچاو و لکانی خاکی کورد بە وڵاتێکی عەرەبەوە بە بێ ڕەزامەندیی کورد بەڕێوەچوو. هەر ئەو پێکەوەلکاندنە بەزۆرەش بوو بە هۆی ئەوەی مافە سیاسی - نەتەوەییەکانی کورد پێشێل بکرێن و هاوکات لەگەڵ دامەزرانی عیراقدا دیاردەیەک بە ناوی 'پرسی کورد' یان 'کێشەی کورد'یش وەک دوانەی ئەو، لەدایک بێت و هەتا ئەمڕۆش کە تەمەنی گەیشتۆتە نزیکەی سەد ساڵ، لێی جیا نەبێتەوە.
لە ماوەی ئەو سەد ساڵەدا، کەمتر وا بووە کورد و بە گشتی هەموو کوردستان لە ئاسایشدا ژیابێتن. بۆمبابارانی ئینگلیزییەکان لە سەردەمی شێخ مەحموودی حەفید، شەڕ و بۆمبابارانی سوپای عیراقی لە سەردەمی عەبدولکەریم قاسم، کوشتار و وێرانکاریی هەمەچەشنەی بەعسییەکان بە کارەساتی ئەنفال و هەڵەبجەی سەددام حوسەینەوە، تەنیا بەشێکن لەو نەهامەتییانەی وا لە "نیشتمانی عەرەب و کورد"دا بەسەر کوردی بەزۆر بە عیراقیکراو هاتوون. ئێستاش وا حەشدی شەعبی لە لایەک و داعش لەلایەکیتر، لە کەرکووک و شەنگاڵ و خانەقی و کەلار، حکوومەت دەکەن و بە بەرچاوی حاکمانی بەغداوە کورد لە خاکی ئابا و ئەجدادیی خۆی  وەدەر دەنێن؛ هیچ نیشانەیەکیش نابینرێت کە دەست پەروەردە و جێگرەوەکانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس و چەکدارانی موقتەدا سەدر و عەمار حەکیم لە سەددام و عەلی کیمیاوی دڵسۆزتر بن بۆ کورد. ئەزموونی هەڵوێستەکانی نووری مالیکی، عەبادی و ئێستاش عەلاوی هیچ شتێکمان جگە لەوە پیشان نادات. 
بە هۆی دژایەتیکردنی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عیراقی دوای ڕووخانی حوکمی بەعس و کەم کاری و کەم تەرخەمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، تەنانەت تا ئەمڕۆش تاوانی بە ئاشکرا جینۆسایدی ئەنفال لە ناو کۆمەڵگای جیهانی و لە ناو خودی عیراقیشدا بە 'کۆمەڵکوژی' نەناسراوە و نەبۆتە خاڵێکی وەرچەرخان لە سیاسەتی بەغدا دەرحەوق بە کورد. جا ئیتر ئەسڵی مەسەلەکە و ئەو زوڵمە مێژووییەی وا سەدساڵێک پێش ئێستا لە کورد کرا و لە ڕیفڕاندۆمی ساڵی ٢٠١٧شدا نوێ کرایەوە، لە شوێنی خۆی بوەستن.
***
لە بارودۆخێکی ئەوتۆدایە دەبیسینەوە کە بەڵگەنامەکانی حکوومەتی پێشووی بەغدا لە ئەمریکاوە پێشکەش بە حاکمانی ئێستای هەر ئەو شوێنە دەکرێنەوە. مانای ئەم کارە چییە؟ چلۆن دەبێت هەموو ئەو فایلانەی وا سەبارەت بە تاوانی ئەنفال و چەکی کیمیایی تۆمار کراون بدرێنەوە دەست جێگرەوەی ئەنفالچییە تاوانبارەکان؟ بۆ بەڕێوەبەرانی سەر حوکمی هەر ئەو بەغدایە نەبوون کە چەند هەزار گوندی کوردستانیان خاپوور کرد؟ هەر ئەوان نەبوون ١٨٢ هەزار خەڵکی بێ تاوانیان تەنیا بە تاوانی 'کورد بوون' ئەنفال کرد و پێنج هەزار دانیشتووی هەڵەبجەیان بەو دەردە نامرۆڤانەیە برد کە بردیان؟ ئەی چۆن ئێستا دەکرێت بەڵگەنامەکانی هەمان ئەو تاوانانە بنێررێنەوە بەغدا و بدرێنەدەست جێگرەوانی ئەو کەسانەی وا تاوانەکانیان بەڕێوە برد؟ ئەو کارە بە کامە لۆژیک ڕاستە؟ ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرانبەر ئەو بێدادگەرییەدا چ هەڵوێستێکیان گرتووە؟ گرنگتر لەویش ئایا لەم بارەیەوە هەڵوێستی حکوومەتی هەریم چییە و دەبێ چی بێت؟ ئەوانە تەنیا بەشێکن لەو پرسیارە سەرەکییانەی وا لە پەیوەندی ئەو چەواشەکارییەدا سەرهەڵدەدەن.
تاوانێکی هاوشێوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ ڕوویدا، کە من خۆم ئاگاداری ڕاستەوخۆی بەشێکی بچووکی بووم و لێرەدا دەمەوێت ئاماژەی پێبکەم بەو هیوایەی خوشک و براکانم لە باشوور، بەتایبەت دام و دەزگای پەیوەندیدار لە حکوومەتی هەرێم، وشیار ببنەەوە و تا درەنگ نەبووە بجووڵێنەوە بەڵکوو بە هێزی هاوبەشی هەموومان پێش بە کارەساتێک بگیرێت کە بڕیارە بە بەرچاوی هەموومانەوە تا ساڵێکی دیکە بقەومێت.
یەک دوو هەفتە پێش هەرەسی حوکمی شایەتی لە ئێران (١١/٢/١٩٧٩)، ڕێکخراوی ئیستخباراتی ئێرانی (ساواک) بە شێوەی فەرمی و بە فەرمانی شاپووری بەختیار، دواین سەرەکوەزیرانی حوکمی پەهلەوی، هەڵوەشایەوە و بە شوێنیدا کەم و زۆر هەموو فەرمانگەکانی لە تاران و شارەکانی دیکە کەوتنە بەر دەستی خەڵک و سووتێنران یان دەستیان بەسەردا گیرا.
کوردی ڕۆژهەڵات بە سەر چوار پارێزگای ڕۆژئاوای ئێراندا دابەش کراون: پارێزگای ئیلام کە ناوەندەکەی شاری ئیلامە، پارێزگای کرماشان کە ناوەندەکەی شاری کرماشانە، پارێزگای کوردستان کە ناوەندەکەی شاری سنەیە و پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا کە ناوەندەکەی شاری ورمێیە[2]. لە ڕۆژانی کۆتایی ڕژیمی شادا بەڵگەنامەکانی ساواکی شارە بچووکەکان ڕاگوێزران و برانە ناوەندی پارێزگاکان یاخود تاران. لەو ڕۆژە هەستیارانەدا کە دام ودەزگاکانی ڕژێمی شا لە ئێران تەق ولەق بوون یان کۆکرابوونەوە و ڕێکخراوەکانی حکوومەتی نوێش هێشتا دانەمەزرابوون، بە تایبەت لە شارەکانی کوردستاندا بۆشاییەکی دەسەڵات هاتبووە ئاراوە کە هەوڵ دەدرا لە ڕێگەی "شۆڕای ئینقلاب'ەوە پڕ بکرێتەوە. ئەو شۆڕای ئینقلابانە لە نوێنەرانی هەڵبژاردەی خەڵکی شارەکان پێکهاتبوون و ئەرکی سەرپەرشتی کردنی کاروباری ئیداری و ئاسایش و شارەوانی و تەنانەت ئاو و کارەبای شارەکانیش هەر هەمووی کەوتبووە سەر شانی ئەوان. بە گوێرەی ئاگاداریی من، کەم و زۆر لە هەموو شارەکانی کوردستاندا ئەو شۆرایانە دامەزرابوون. بەڵام لە قۆناخی گرنگی هەڵوەشانەوەی ساواکدا، نە ئەندامانی شۆڕا، نە حزبە سیاسییەکانی کورد، نەخەڵکی ئاسایی و نە ڕووناکبیر مشووری ئەوەیان نەخوارد ئەوراق و بەڵگەنامەکانی ئەو دەزگا سەرکوتکەرە بپارێزن و دەستیان بە سەردا بگرن، گەرچی دەگونجا بە پلان و بەرنامەیەکی باش و زەحمەتێکی کەم، کارەکەیان بۆ بلوێت و لە ئەنجامدا ناوی مەئموورە حکوومییەکانی دەزگاکە لەلایەک و جاش و خۆفرۆشە خۆجێیەکان لە لایەکیتر، هەروەها شێوازی هەواڵگری کردن لە خەڵک و چۆنیەتی پەیوەندیکردنی جاسووسەکان لەگەڵ دەزگاکانی هەواڵگری و زۆرشتی دیکەی هاوچەشن تەنانەت پێش هەرەسی کۆتایی ڕژێمی شایەتیش بۆ خەڵک ڕوون بێتەوە و لەو ڕێگایەوە شێوازی کار لە سیستەمی داپڵۆسێنەری ئیتلاعاتی سەردەمی کۆماری ئیسلامیش کە درێژەپێدەری هەمان ڕێگایە، بناسرێت- دەگوترێت کە بەشێک لە ساواکییەکان هەر لە ساڵانی یەکەمی حکوومەتی ئیسلامیدا چووبێتنە پاڵ ڕژێمە تازەکە و بووبێتن بە مامۆستا و فێرکەری پاسدارە بێ ئەزموونەکانی خومەینی.
من بە حوکمی ئەوەی خەڵکی بۆکانم، لێرەدا زیاتر باسی شارەکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دەکەم کە چەشنە ئاگادارییەکم لێیان هەیەو شوێنەکانی دیکە دادەنێم بۆ شارەزایانی ئەو ناوچانە.  بە داخەوە لە شارە کوردنشینەکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا پێشبینی کارەکان نەکران و بۆ نموونە هەموو بەڵگەنامەکانی ساواکی مەهاباد و سەردەشت و نەغەدە بە ماوەیەکی کەم پێش ڕووخانی حکوومەتی شا و دەسەڵاتگرتنی شۆڕاکانی ئینقلاب، ڕاگوێزرانە شاری ورمێی ناوەندی پارێزگاکە کە لەوێدا کورد هیچ دەسەڵاتێکی نەبوو و سەرەپەتی هەموو ئیش وکارێک بە دەست برادەرانی ئازەربایجانییەوە بوو. بەڵگەنامەکانی پەیوەندیدار بە شاری بۆکانیش کە فەرمانگەی ساواکی تێدا دانەمەزرابوو و لە لایەن ساواکی مەهابادەوە بەڕێوەدەبرا، لەگەڵ ئەوانەی مەهاباددا، برانە شاری ورمێ. دەبێ لە شارەکانی میاندواو و سەڵماس و خۆی و ماکۆش هەمان بارودۆخ حاکم بووبێت.
من لە نزیکەوە ئاگادارم کە یەک دوو مانگ دوای دامەزرانی کۆماری ئیسلامی، ئەندامانی شۆڕای ئینقلابی شاری سەردەشت بۆ ڕاگەیشتن بە پێشینەی بنەماڵەیەکی تایبەت، ویستیان لە ورمێ سەیری فایلەکانی ساواکی سەردەشت بکەن. دوای نامەنووسین و تەلەفون کردن و پەیوەندی گرتنێکی زۆر، بە زەحمەت ئیجازە بە دوو سێ کەسی ئەندامی شۆڕاکە درا بۆ ماوەیەکی کەمی دوو سێ سەعاتە لە ورمێ بچنە ژووری بەڵگەنامەکان و یادداشت لەو فایلە تایبەتە هەڵبگرن بە مەرجی ئەوەی لە کۆتایی کاردا پشذکنینیان بۆ بکرێت و یەک تاقە پەڕە لە ژوورەکە نەبەنە دەرەوە، ئەوانیش بە ناچاری مەرجەکانیان قەبووڵ کرد. دیارە ئەوە کاتێک بوو کە هێشتا ئاگری ڕاپەڕینی خەڵک دانەمرکابووەوە و دژایەتییەکی ئەوتۆ نەکەوتبووە نێوان کورد و حکوومەتی ناوەندییەوە. ماوەیەکی کەم دوای ئەوە، شەڕلە کوردستان هەڵگیرسا و ئیتر نوێنەرانی کورد نەک هەر مۆڵەت و دەرەتانی چاوپێکەوتنی بەڵگەنامەیان پێنەدەدرا بەڵکوو لەترسی گیران و زیندان و ئیعدام، هەر نەیاندەتوانی بەلای ورمێ و شارەکانی عەجەمستاندا بشڕۆن، تەنانەت نوێنەرانی هەڵبژێرراو بۆ یەکەم پەرلەمان و یەکەم 'مەجلیسی خیبرەگان' لە کوردستانیش نەیانتوانی بچن بۆ تاران.[3]
بەو شێوەیە، هەموو ئەوراق و بەڵگەنامە گرنگەکانی ساواکی ئەو شارانەی وا ناویان برا، لە دەست کورد دەرهێنران و کەوتنە دەست حکوومەتی ناوەندی و حکوومەتی ناوچەیی پارێزگاکە، کە کەسانی وەک 'مەلا حەسەنی'ی دژە کورد تێیدا دەسەڵاتدار بوون. بارودۆخ لە شارەکانی ئوستانی کوردستان و ئیلام و کرماشانیش لەوە چاکتر نەبوو. بینایەی فەرمانگەی ساواکی شاری سەقز دوای شۆڕش کەوتە دەست 'جەمعییەتی زەحمەتکێشان' - وەک ڕێکخراوەیەکی سەرپۆش بۆ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان؛ بەڵام بەڵگەنامەکانی ئەوێش لەپێشدا ڕاگوێزرابوونە شوێنێکی نادیار، کە بە ئەگەری زۆر دەبێ تاران بووبێت- شوێنێک کە کورد بە گشتی و بەرپرسانی سیاسیی کورد بە تایبەت، هیچ دەسەڵاتێکیان تێیدا نەبوو و تەنانەت نەیاندەتوانی خۆیانی لێ دەربخەن!
بە کورتی، ڕوانگەی کورت و بیرنەکردنەوە لە دواڕۆژ، کارێکی وای بە کوردی ڕۆژهەڵات کرد کە ئەودەم و دواتریش نەتوانن چاویان بە یەک لاپەڕە لەو ئەوراقە بکەوێت کە دوژمن و شۆفاران لەسەر ئەوانیان نووسیبوو و لە شێوازی ئەو فڕۆفێڵەش تێنەگەن کە دام و دەزگا سەرکوتکەرەکان بۆ داپڵۆسینی کورد بەکاریان دەهێنا.
ئێستا ئەگەر کوردی باشوور و حکوومەتی هەرێمیش نەجووڵێنەوە و بۆ وەرگرتنی بەڵگەنامەی سەبارەت بە کورد هەوڵێک لەگەڵ ئەمریکییەکان نەدەن، هەمان ئەو ئەزموونە تاڵە لەوێش دووپات دەبێتەوە و نەوەکانی دواڕۆژی کورد بۆ لێکۆڵینەوە و نووسینی مێژووی بندەستیی کورد لە عیراق، هیچ بەڵگە و دەستاوێژێکیان بە دەستەوە نابێت و دەبێ بۆ چاوپێکەوتنی لاپەڕەیەک و دوانیش چاولەدەستی کەرەم و مەرحەمەتی هەر ئەو حاکمانەی بەغدا بن وا کارەساتەکەیان بەسەر کورددا هێنا و ئێستاش بە پاڕانەوە و لاڵانەوە نەبێت مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان نانێرن!
ئێستا، کوردی باشوور و حکوومەتی هەرێم دەوروبەری ساڵێکیان لەبەر دەستدایە بۆ ئەوەی هەوڵ بدەن هەموو، یان کانی کەم بەشی پەیوەندیدار بە کوردی ئەو بەڵگەنامانە بدرێنە دەست حکوومەتی هەرێمی کوردستان. ئەگەر تەنانەت ئەوەش سەرنەگرێت و بە پێی پڕۆتوکۆلە فەرمییەکان پێویست بکات هەموویان بدرێنە دەست حکوومەتی ناوەندیی عیراق، با هیچ نەبێ کۆپییەکی سەر کاغەز یان ئەلەکترۆنییان لێ هەڵبگیرێت و بدرێتە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە ئەمریکا و لەوێوە بنێررێنە کوردستان.
بەڕێز بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری حکوومەتی هەرێم لەو وڵاتە، بەرپرسی ڕاستەوخۆیە بۆ مسۆگەر کردنی ئەو پێداویستییە گرنگە، کە دەزانم زۆریش ئەستەم نییە و تەنانەت ئەگەر حکوومەتی ئەمریکاش ئامادە نەبێت ئەرک و مەسرەفی کۆپی هەڵگرتنیان بگرێتە ئەستۆ، حکوومەتی هەرێم دەتوانێت بە مەسرەفێکی گەلێک کەمتر لە یەک کۆنفەرانس لەو هەموو کۆنفەرانس و کۆبوونەوە بێ سوود و بێ ئەنجامانەی وا لە کوردستان و دەرەوە بە خەرجی حکوومەتی هەرێم پێکدەهێنرێن، ئەو ئەرکە مێژووییە بەڕێوە ببات. ئێستا بەڵگەنامەکان بە دەست حکوومەتی ئەمریکاوەن و حکوومەتی عیراق ناتوانێ بەرگر بێت لە داواکاریی کورد، بە مەرجێک کە کورد ژێرانە و خێرا بجووڵێتەوە و تا درەنگ نەبووە مافی خۆی لەو مەسەلەیەدا مسۆگەر بکات.
بەختەوەرانە ئێمە لەو بوارە تایبەتەدا بێ ئەزموونیش نین و هەر لە سەرەتای کارەکەدا چەند کەسێکمان چوون بۆ ئەمریکا و ماوەیەکی زۆر بە جیاکردنەقوەی بەڵگەنامەکان و هەڵسەنگاندن و وەرگێڕانیانەوە خەریک بوون، کە دوکتۆر شۆڕش حاجی یەک لەوان بوو و تەنانەت لەو ساڵانەشدا کتێبێکی لەسەر بابەتەکە بڵاو کردەوە.
*** 
هەر لەپەیوەندیی ئەو باسەدا ئەزموونێکی دیکەی ڕاستەوخۆتان بۆ دەگێڕمەوە لە ناشارەزایی و لێنەزانیی ئەندامانی شۆڕای ئینقلابی شاری بۆکان بەخۆمەوە، لە سەرەتای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ ی ئێراندا بۆ ئەوەی دەرسی لێ وەربگیرێت و بەڵایەکی هاوشێوە لە باشوور تووشی خەڵک و بەرپرسانی حزبی و حکوومی نەبێت.
شەش مانگێک دوای شۆڕش و دامەزرانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩، ئایەتوڵڵا خومەینی بەگوێرەی فەرمانێک داوای لە خەڵک کرد هەر سکاڵایەکیان لە مەئموورانی ساواکی ڕژێمی شا هەیە و هەر بەڵگەنامەیەکیان دژ بەو مەئموورانە لەبەر دەستدایە، ئاراستەی 'دادگای ئینقلاب'ی بکەن دەنا دوای مانگی حەوت یان هەشت (؟) ی هەمان ساڵ چیتر بە سکاڵاکەیان ڕاناگەن. دیارە هۆکار ئەوە بوو کە خومەینی دەیویست سیستەمی ساواکی شا دەستەمۆ بکات و بیهێنێتە خزمەت حکوومەتە نوێیەکەی خۆیەوە و هەر واش کرا!
ئەودەم من ئەندامێکی 'شۆڕای ئینقلاب'ی شاری بۆکان بووم. لە شارەکەدا فەرمانگەی ساواک بوونی نەبوو بەڵام دوو فەرمانگەی دیکەی حکوومی هەبوون کە گومان دەکرا کەمتاکورتێک  بەڵگەی ئاسایش و ئیستخباراتیان تێدا پارێزرابێت: یەکیان پۆلیس (شەهرەبانی) بوو بۆ کاروباری ناو شار و ئەویتر ژاندارمەری بۆ ئیش و کاری گوندەکان. دوای دەست بەسەرداگیرانی دائیرەی پۆلیس (شەهرەبانی) لە لایەن خەڵکەوە، ناوەندی "شۆڕای ئینقلاب" هەر لەو بینایەدا لە نزیک حەوزەگەورە دامەزرابوو و بەڵگەنامەکانی ژاندارمریش ڕاگوێزرابوونە ئەوێ. لە مانگی سێ یان چواری ساڵی ١٩٧٩ بوو کە شۆڕای ئینقلابی بۆکان دوو ئەندامی خۆی کردە مەئموور بۆ ڕاگەیشتن بە بەڵگەنامەکان، کە من یەکیان بووم. ئێمە بە یارمەتی دوو کەس لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی شار هەموو بەڵگەنامەکانمان بردە ناو یەک لەو قەوتابخانانە و لە دوو کەنتۆردا داماننان؛ کلیلیش بە دەست مودیری قوتابخانەکەوە مایەوە. ئێمە هەرچوارمان لە ڕۆژانی پشووی قوتابخانە و پاشانیش لە پشووی هاوینەدا هەفتەی دوو ڕۆژ  دەچووینە سەر بەڵگەنامەکان و بەگوێرەی بابەت و گرنگایەتی سیاسی، لێکمان جیادەکردنەوە.
بەڵگەنامەکان دوو دەستە بابەتی ئاسایشیان تێدا بوو: یەکەم، ناوی ئەو کەسانەی وا لە ڕێگەی پۆلیس (شەهرەبانی)یەوە بانگ کرابوونە ساواکی مەهاباد، کە لەو ڕێگایەوە هیچ شتێک ڕوون نەدەبووەوە لەبەر ئەوەی ئەو خەڵکانە هەمەچەشنە بوون و لیستەی ناوەکانیان کەسایەتییە سیاسی و خۆشناوەکان تا خەڵکانی ئاسایی و دووکانداری بێ پەیوەند بە سیاسەت هەردوکیانی دەگرتەوە.[4] 
بابەتێکی سەرنجڕاکێش لە ناو بەڵگەنامەکانی شەهرەبانیدا ئەوە بوو کە یەک لە پاسەوانەکانیان بەرپرس و پەیوەندیکەری ساواک بوو بە خەڵکەوە و بۆ ئەم ئەرکە 'پیرۆز!'ەی مانگی دە تاقە تمەن دەرماڵەی وەردەگرت کە لە یەک دوو ساڵی کۆتایی ڕژێمی شادا ببووە بیست تمەن! لیستەی چەند ساڵەی ئەو دەرماڵەیە بە ناو و ئیمزای هەردوو کەسەکەوە کەوتبووە بەردەستی ئێمە. ئەو مەئموورە تایبەتە سەرەتا کەسێکی خەڵکی مەهاباد بوو و دواتر گؤڕابوو بۆ پاسەوانێکی خەڵکی بۆکان کە هەردوکیان کەسانی هێدی و هێمن و لە ناو شاردا بێ کێشە وهەرا بوون.
خاڵێکی دیکەی کە لەبیرم مابێت ئەوەبوو کە یەک لە ئاغاوەتی دەوروبەری شاری بانە هاتبووە شەهرەبانی بۆکان و گوتبووی من دەمەوێت هەواڵی ناو شاری بانەتان پێ بگەیەنم بەمەرجێک ئێوەش یارمەتی کوڕەکەم بدەن لە زانکۆی ئەفسەری لە تاران وەربگیرێت و ببێتە ئەفسەری سوپا. لێیان پرسیبوو بۆچی ئەو هەواڵانە نادەیتە شەهرەبانی شارەکەی خۆت؟ گوتبووی لەوێ خەڵک دەمناسن و نامەوێت زۆر هاتوچۆی پۆلیسخانەی ئەوێ بکەم! ئەوانیش بە ڕواڵەت لێێان قەبووڵ کردبوو. من هەر زوو بەشێک لە ڕاپۆرتانەی وا ئەو جەنابە ناردبوویە بۆکان، تەسلیمی برادەرێکی بانەیی خۆم کرد کە پێشتر لە تاران پێکەوە خوێندکار بووین و لەو سەردەمەدا لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بەرپرسیایەتی هەبوو. ئیتر چی کرا و چییان لێهات ئاگادار نیم.
یەک بەڵگەنامەی دیکەش کە لەبیرم ماوە نامەیەک بوو بەشێک لە تاجر و ناوبەدەرەوەکانی شاری بۆکان دوای کۆدیتای ٢٨ ی گەلاوێژی ١٩٥٣ و هەرەسی حکوومەتی موسەددیق ئیمزایان کردبوو و ناردبوویان بۆ شەهرەبانی شارەکە؛ لەوێدا داوای سزادانی ڕاپەڕیوانی ساڵی ١٩٥٣ ی بۆکان دژ بە ئاغاوەتی شاریان کردبوو. دیارە نامەکە بە هاندان و گوشاری ئاغاکان نووسرابوو دەنا ئەوەندەی سەیری ناوەکانمان دەکرد، خاوەن ئیمزاکان هیچکامیان کێشەی شەخسییان لەگەڵ ئەو ڕاپەڕیوانە نەبوو. ئەو کەسانەی وا لەوێدا سکاڵایان لەسەر تۆمار کرابوو، ئەوەندەی لەبیرم بێت بریتی بوون لە نەمران حاجی قاسم کەریمی و ڕەئووفی حافزەلقورئان (ڕەئووفی مەلاحەسەن) و عەبدولڵا ئێرانی و عەلی میرەبەگ و واهەیە ناوی حوسەینی تەهایی و حوسەینی مەجیدیش لەناویاندا بووبێت بەڵام زۆر دڵنیا نیم. دوو کەسی یەکەم و دووهەم لەمێژبوو لەدەست زوڵم و زۆر هەڵاتبوون و پەڕیوەی هەولێر و سلێمانی ببوون، عەبدوڵڵا ئێرانی و عەلی میرەبەگیش لە ترسی ئاغاکان لە ئاوارەییدا سەریان نابووەوە ئەوانی دیکەش هەرکام زیندانێکیان بۆ بڕابووەوە، یان لەژێر چەقۆی 'دادگای نیزامی'دا بوون. ئێمە بەڵگەنامەکەمان دایە دەست یەک لە کوڕانی نەمر عەبدوڵڵا ئێرانی و ئەوەندەی ئاگادار بم ئەوانیش سکاڵایان لە سەر کەس تۆمار نەکرد لەبەر ئەوەی دەیانزانی کارەکە بە فیتی ئاغاکان کراوە و ئەوانەی نامەکەیان ئیمزا کردووە بێتاوانن.
لە ناو بەڵگەنامەکانی ژاندارمەریشدا، هەندێک ڕاپۆرت بوون کە چەند کەس لە ئاغاوەت و کوێخا سجیل(موختار)ی گوندەکان ناردبوویانە بنکەی ژاندارمەری بۆکان. لە ناو ئەواندا چەند نامەی یەکێک لە ئاغاوەتی دەوروبەری بۆکانم لەبیر ماوە کە ویستبووی خۆی لە ژاندارمەری و دەوڵەت نزیک بکاتەوە و کۆمەڵێک هەواڵی ڕاست و درۆی سەبارەت بەو کوردانەی ڕۆژهەڵات بۆ ناردبوون کە لە باشوور دەژیان و هەڵسووڕاوی سیاسی بوون، مێژووی بەشێک لە هەواڵەکان دەگەڕایەوە بۆ دوای ساڵانی ١٩٦٨ و ٦٩ واتە سەردەمی خەباتی چەکدارانەی باڵی شۆڕشگێڕی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران. هەندێک لەو نامانەشمان لە سەر شەقامی سەرەکیی بۆکان بەدیواردا دان بۆ ئەوەی خەڵک بیانبینن.
کاتێ خومەینی فەرمانی دەرکرد بەڵگەنامە و سکاڵای دژ بە ساواک و مەئموورەکانی بدرێنە دەست دادگاکانی ئینقلاب، بۆکان دادگای ئینقلابی لێ نەبوو. من و دووکەسی دیکە لەو مامۆستایانەی وا بە بەڵگەنامەکان ڕادەگەیشتین، بەشێکیانمان ئامادە کرد کە تێیاندا ڕاپۆرت لەخەڵک درابوو و هەموومان بردنە دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد کە سەرپەرشتی کاروباری بۆکانیش بوو و تەسلیمی ئەوانمان کردن. بەداخەوە هیچ کردەوەیەک لە دادگای ئینقلاب و سەرۆکەکەی نەبینرا و گوتیان دەبێ 'شاکی خوسووسی' هەبن کە سکاڵا لەسەر کەسەکان تۆمار بکەن دەنا هیچ لەدەستی ئێمە نایەت. بەشێک لە خاوەن ئیمزاکان و سکاڵا لێکراوەکان لەمێژ بوو نەمابوون، بەشێکیش لە سکاڵاکارەکان مەئموورانی حکوومیی ئەودەمی شارەکە و خەڵکی شارەکانی عەجەمستان بوون کە بۆ ئێمە نەدەناسرانەوە. ئێمەش لایەنێکی کێشەکە نەبووین کە سکاڵای ڕاستەوخۆیان لەسەر تۆمار بکەین؛ کەوابوو دیزە بەدرخۆنە کرا هیچ، تەنانەت گێچەڵێکیش بۆ من سازکرا، کە لە بیرەوەرییەکانی چەند ساڵ پێش ئێستامدا باسم لێوە کردووە.[5]
دوو سێ مانگ دواتر و دوای فەرمانی خومەینی بۆ هێرش کردنە سەر کوردستان، ئەرتەش و سوپای پاسداران ڕژانە ناو شارەکانی کوردستانەوە و لە بۆکانیش چەکداری حزبەکان شاریان بەجێهێشت و شار کەوتە دەست ئەرتەش و سوپای پاسدارانی ئێرانەوە. لە ئەنجامدا، نە ئێمەی بەرپرسی ڕاگەیشتن بە بەڵگەنامەکان مشووری مەسەلەکەمان خوارد، نە شۆڕای ئینقلاب پێی گوتین چییان لێبکەین، نە هیچ حزبێک لەگەڵ خۆی بردنیە دەرەوەی شار و ئیتر بەڵگەنامەکان هەتیو کەوتنەوە و بە سەردەستی ئەو دوو مامۆستا هەژارەدا مانەوە کە لە قوتابخانەکەدا ڕایانگرتبوون و ترسی گیران و ئیعدام لە بن گوێیاندا بوو؛ بەتایبەت کە ماوەیەکی کەم دوای ئەوە ئایەتوڵڵا خەڵخاڵی جەللاد هاتە ناو بۆکان و کەس نەما بتوانێ لە ژیانی ڕۆژی دوایی خۆی دڵنیا بێت. ئەو مامۆستایەش وا بەڵگەنامەکان لە قوتابخانەکەی ئەوا ڕاگیرابوون، دواتر گوتی چیتر نەمدەوێرا لەوێ یان لە ماڵی خۆم بیانپارێزم، چار ناچار بردمنە دەرەوەی شار و لە سەر ڕێگای گوندی 'گۆل' لە ڕۆژهەڵاتی بۆکان فڕێمدان، ئیتر چییان لێ بەسەر هات و کێ بردنی و مان یان نەمان، هیچم نەبیستەوە.
ئەوانەی گوتران، سەبارەت بە شاری بۆکان بوون کە هیچ فەرمانگەیەکی ساواکی لێ نەبوو؛ بارودۆخ لەو شارانەی کوردستانیش کە ئۆفیس و بینایەی ساواکیان تێدابوو، لەوە چاکتر نەبوو، لەو شارانەشدا هەموو شتێک لەکیس کورد چوو و گەل مایەبەتاڵ مایەوە واتە بە هۆی ساویلکەیی و کەم ئەزموونی ئێمە و ووشیاریی دوژمنەوە، هەمووشتێک لە دەستی ئێمە دەرچوو و پشتی لە دۆست و ڕووی لە دوژمن کرد!
هیوادارم ئەو ئەزموونە تاڵ بەڵام ڕاست و بێ درۆیانەی ئێمە لە ڕۆژهەڵات کەڵکی بۆ باشووریش هەبێت و بتوانێ بەرپرسانی بەڕێزی کارەکە لەوێ وشیار بکاتەوە. ئەگەر وانەبێت، لە کۆتایی کاردا دەستێکی بەتاڵمان پێ دەمێنێت کە دواڕۆژ بە ئەژنۆی خەساریدا بدەین و ئیتر هیچ. تکایە با نەهێڵین وای لێبێت!




[1]  https://www.kurdistan24.net/so/news/0949766d-abfc-4cb8-80c2-dd058d19695a
[2]   کوردانی خۆراسان و هەندێک ناوچەی دیکەی ئێران وەک لوڕستان و هەمەدان و... لەم حیسابەدا نەگیراونەتە بەرچاو گەرچی ئەوانیش لە چارەنووسەکەدا هاوبەشی کوردانی ئەو چوار پارێزگایەی سەرەوەن.
[3]  ئایەتوڵڵا خومەینی دواتر لە وتارێکدا گوتی ئێمە چاوەرڕوان بووین ئەو کەسانە بێن بۆتاران و لەوێ بە سزای خۆیان بگەیێنین!
[4]   بەرپرسی ڕاگەیاندنی هەواڵەکە بەو کەسانەی وا بانگکرابوون سەرەتا پۆلیسێکی خەڵکی مەهاباد و پاشان پۆلیسێکی بۆکانی بوو.بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ئەرکەش سەرەتا مانگی ١٠ تمەن و پاشان ٢٠ تمەن دەدرا ئەو کەسانە.
[5]   بڕوانە: ئەنوەر سوڵتانی، "بەڵگەنامە سیاسییەکانی بۆکان چییان لهات؟"، ماڵپەڕی ڕۆژهەڵات-بۆکان، بەشی نووسەران (بابەتی "بۆکان لە مێژوودا")، بەشی ٢٨٧ تا ٢٨٩.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×