کولتوورێکی ژنانە دەبێت چۆن بێت؟

هاوژین زیبا
  2020-03-19     151
کولتوورێکی ژنانە، سەربەخۆ لە پێوەرە پیاوانەکان، دەبێت چۆن بێت؟
گەر لە پێناسەی گشتیی کولتووردا بگەین بەو ئەنجامەی کولتوور "بریتییە لە کۆی ئەو مەعریفە و بڕوا و هونەر و ڕەوشت و یاسا و داب‌ ونەریت و هەر توانا و خوویەکی تر کە تاکی مرۆڤ وەکوو ئەندامێکی کۆمەڵگا بووەتە هەڵگری"(١) و لەسەری پەروردە بووە، یاخود "کولتوور بریتییە لە شێوازی ژیان بە هەموو بوارەکانیەوە و تێروانین بۆ بونەوەر و سروشت و کۆمەڵگا و مرۆڤ و مێژوو... و سەرەتاو ئێستا وسەرەنجامی ئەمانە"(٢)، و ـ بەکورتی ـ کولتوور واتە "ڕۆحی کۆمەڵگا". گەر لێرەوە بڕوانین؛ دەبێت کۆمەڵگایەکی پیاوانەی دەسەڵات‌خوازی بەدەزگابووی مێژووی چەند هەزار ساڵی ڕابردوو چیی پێ بێت و چۆن بڕوانێت بۆ پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان، لە کاتێکدا بە درێژایی هەبوونی لە هەوڵی پەراوێزخستن و نەبینین و لاوازکردنی ڕەگەزێکیدا کاری کردووە کە ڕەگەزی (ژن)ـە، ئەو ڕەگەزەی کە لە هەموو بوارەکانی وەکوو مەعریفە و بڕوا و هونەر و ڕەوشت و یاسا و داب‌ونەریت.. یان بەگشتی هەموو شێوازەکانی ژیان بە هەموو بوارەکانیەوە، بێبەش کراوە یاخود پەراوێز خراوە. لەگەڵ ئەو ڕاستیەدا کە ژن ئەو بوونەیە وزە و تایبەتمەندییەکی جیاوازی هەیە، و لێوەشاوەیی و تواناکانی ئەوە نیشان دەدەن کە ژیان بە‌بێ ژن واتایەکی نیە و نەدەبوو. 
گەر بتوانم شوبهاندنێک لە نێوان دۆخی ئێستای ژن‌بوون و شرۆڤەیەکی بەڕێز (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)ـدا بکەم بۆ کولتووری کۆمەڵگا کاتێک دەڵێت: "دوای پەرتەوازەبوونی کۆمەڵگایەک لە بواری دامەزراوەییەوە چیتر ناکرێت باس لە واتا و کولتوورە بەرتەسکەکەی بکرێت. لەو دۆخەدا دامەزراوە وەک جامێکی پڕ ئاو وایە. ئاشکرایە دوای شکانی جامەکە ناشێت باس لە هەبوونی ئاوەکە بکرێت. تەنانەت ئەگەر باسیش بکرێت؛ ئیتر بۆ خاوەنی جامەکە ئاو نییە، بەڵکو توخمێکی ژیانە کە بۆ خاکێکی دیکە یاخود جامی کەسانی تر ڕژاوە"(٣)، کە ئەم شرۆڤەیە تا ڕادەیەکی زۆر لە دۆخی شکاویی کەسایەتی و کولتووری ژنانەوە نزیکە ، و ئەگەر لەم شرۆڤەیەوە لە دۆخی ئێستای ژنان بڕوانین کە بەرهەم یاخود ئەنجامی هەزاران ساڵەی کولتووری پیاوسالارییە؛ ئایا ئەو ڕاستییە نابینینەوە کە کەسایەتیی ژن بەردەوام شکێنراوە و وزە و تیبەتمەندیی بوونەکەی وەکو مرۆڤێک لێ ڕژاوە و لێی شێوێندراوە؟ کەسایەتیی ژن، دنیابینیی ژن، خۆشەویستی و هونەر و ڕوانینەکانی لە ناو چوارچێوەی ژن‌بووندا، بە چەندین شێوە لە لایەن دەزگاکانی کۆمەڵگای باوی چەند هەزار ساڵەوە تێک شێکنراوە و بێجگە لە خۆی بۆ هەر مەبەستێکی دیکەی کۆمەڵگا و دەزگاکانی کۆمەڵگا سودی لێ بینراوە. لەم شێوازانە: لۆمەکردنی کەسایەتی و کارەکتەری ئێستای ژن و ڕەخنە‌لێ‌گرتنی، و بەرپرسیار بینینی ژن خۆی بەرامبەر بە پەلاماردان و توندو‌تیژییەکان (لەگەڵ ئەو ڕاستیەی کە ژن بەڕاستی کەمتەرخەم بووە لە کاری پێویستدا بۆ گۆڕانکارییە بنەڕەتیەکان)، و سەپاندنی کۆمەڵێک تێڕوانینی نادروست بەسەریدا (بە نموونە: "ژن لە پەراسووی ئادەمەوە دروست‌بووە، و پەراسووش لار و خوارە و ڕاست ناکرێتەوە و هەر بە خواری دەمێنێتەوە". و "پیاو سەردار و سەرپەرشتیارە بەسەر ژنەوە: الرجال قوامون علی النسا‌و"، بۆیە دەبێت ژن ملکەجی پیاو بێت. و "ژن زەعیفەیە". و "ماڵەوە بۆ ژن و دەرەوەیش بۆ پیاو". و "ژن ناقس عەقڵە"، و...هتد). هەموو ئەم تێڕوانینانە ئەگەرچی لێکدانەوەی جۆراوجۆریان بۆ کراوە؛ بەڵام ئەگەر بەوردی لێیان ورد ببینەوە و تێیاندا قووڵ ببینەوە؛ ئەو کات بۆمان دەردەکەوێت کە ئەمانە هەموویان خزمەتکردنن بە ڕەوتی ماشێنی پیاوسالاری، و زیاتر وێنەی ژن وەکوو کارەکتەری لاوەکی و پەراوێزی لە کۆمەڵگادا دەچەسپێنن، و ژن وەکوو بوونەوەرێک دەخەنەڕوو کە پێویستە بۆ تەواوکاریی ژیانی پیاو، بەڵام هەڵگری کۆمەڵێک کەم‌ وکووڕیی سروشتیە کە چارەسەریان نیە، و ژن دەکەن بە پاشکۆی ژیانی پیاو و بەشێک لەو خێزان و "ماڵ و مناڵ"ـەی کە پیاو سەرپەرشتییان دەکات.. ڕەنگە هەندێک جار ئەم تێڕوانینە نادروستانە ئاگاداریشیان نەبین و بە‌بێ مەبەست ڕۆژانە و بەردەوام لە کردار و ڕەفتارماندا دووبارەیان بکەینەوە. لێرەدا دیارە ئەوە مەبەست نییە پیاو و ژن بخەینە نێوان دوو بەرداشەوە، یاخود دوالیزمی نێر و مێیەتییەوە، لەبەر ئەوەی ئەمە بۆ خۆی خزمەت بە پرسەکە ناکات و بگرە ناکۆکییەکانیشیان قوڵتر دەکاتەوە. بەڵكوو مەبەستمانە سەرلەبەری ئەو تێڕوانین و تێگەیشتنە هەڵانەی سەبارەت بە ژن هەن؛ دەستکاری بکرێن و بگۆڕرێن، و ڕاستیەکانی ژیان وەكوو خۆیان مامەڵەیان لە گەڵدا بکرێت.
ئێمە بەڕوونی دەبینین ئەم تێڕوانینانە تاکوو ڕۆژگاری ئەمڕۆمان بەردەوامن، هەروەک لە بەردەوامیی شرۆڤەکانی بەرێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان- دەربارەی کۆمەڵگا و کولتوور لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا هاتووە و دەڵێت ـ:"تەنها دەتوانین باسی پەلەقاژەی ئەو بوونە بکەین کە وەک زیندەوەرێک سەری پەڕێنراوە. بوونێک دونیای زیهنیەت و جوانیی خۆی لە دەست دابێت؛ بە لاشەیەک دەچێت کە بۆ ڕزین و پارچە-پارچەکردن و خواردن فڕێدراوە"(٤). لەم گۆشەنیگایەوە؛ ئەوەی ئێستا دەیبینین؛ ژیانێکە، کولتوورێکە، بەبێ ئامادەبوونی ڕاستەقینەی ژن. ئەو ژنەی ئامادەیە؛ پارچە-پارچە بووە، سەری پەڕێندراوە و خاوەنی وزەی تایبەتی ژنانەی خۆی نیە.
لە زۆر کات و بواری جیاوازدا پرسیار کراوە و دەکرێت: "ژنان چییان دەوێت؟"، یاخود "مافی ژن چییە". ئەگەر بە دیدێکی ورد بڕوانینە ئەم ڕستانە؛ دەبینین وەكوو ئەوە وایە بوونی ژن لە دۆخێکی تەنگەژە و کێشەداردا بێت و پێویستیی بە فریادڕەسێکی وەكوو پیاو هەبێت بە هانایەوە بچێت تا پێداویستییەکانی بۆ دابین بکات. چونکە کاتێك دەوترێت "ژن چیی گەرەکە؟"؛ ڕاستەوخۆ بوونی ژن  دەبێتە پاسیڤ و قسەکەر خۆی دەبێتە سەردار و کوێخا بەسەر پرسی ژنەوە! ئا لێرەدا ئەو تێڕوانینە باوانەی بەسەر ژندا چەسپاون؛ پشت‌ڕاست دەبنەوە کە " ژن زەعیفەیە و ناقس عەقڵە"، و "پیاو سەرگەورە و سەردارە بەسەر ژنەوە" وەك لەو دەقەی قورئاندا هاتووە دەربارەی خێزان و پێگەی پیاو و ژن لە خێزاندا: "الرجال قوامون علی النسا‌و" (النسا‌و: ٣٤). هەروەها کێشەی ڕستەی "مافی ژن چیە" ئەمەیە کەسێک (قسەکەرێک و بکەرێکی کولتوور کە عادەتەن پیاوە) دێت خۆی لە جێی ژن مافی ژن دیاری دەکات، ڕۆڵی قسەکردن و داواکردن لە ژن دەسەنێتەوە، و هەر لێرەوە مافگەلێکی بۆ دادەنێت کە لەژێر سایە و دەسەڵاتی پیاودا بیهێڵێتەوە.. بە دیدێکی کۆنەپارێزی کە وەک کۆیلە مامەڵە لەگەڵ ژندا دەکات و تەنها وەک بابەتی ئارەزوو و ئامڕازێک بۆ خۆبەرهەمهێنانەوە و خزمەتکردن دەیبینێت، ئیتر مافی ژن هەر ئەوە دەبێت کە لە ماڵدا بێت و کارێکی دیاریکراوی لە ماڵەوە هەبێت و دڵی پیاو ڕازی بکات لە خۆی. سەرباری سەرمایەدارییش کە وەک کاڵا و بووكەڵەی سێکسی مامەڵە بە ژنەوە دەکات و تەنها وەک جەستە و هێزی کار لێی دەڕوانێت و لە کۆیلایەتییەکی مۆدێرن زیاتر هیچی تری پێ نەبەخشیووە و مافی ژن لە جەستە و پەیوەندی زایەندی ئازاددا دەبینێت.
ژن بەگشتی و لە بنەڕەتەوە بونیادێکی کێشەداری لە ڕووی بایەلۆژی و عەقڵییەوە نییە تا کەسایەتی پیاو خاوەندارێتیی پرسی ژن بکات. کە دەڵێن "ژن چی دەوێت؟"؛ واتا نەفی وزە و توانای خودی ژن کراوە، ژن کراوتە بەرکار، و پرسیارکەریش بووەتە کارا. ئەمەیش بۆ خۆی هەیمەنەی عەقڵییەتی نێرسالارانەی پیاوە بەسەر ژنەوە و هێنانەوەی ئەوە بۆ ژێر سایە و سێبەر و دەسەڵاتی خۆی. بۆیە بۆ تێگەیشتن لە پرسی ژن و داواکارییەکانی ژنان؛ پێویستە بڕوانینە  ئەو وزە و لێهاتوییەی ژن وەکوو ڕەگەزێکی مرۆڤ کە لە لایەن ئەقڵیەتی پیاوسالارییەوە لێی ڕژێنراوە و خراوەتە ئەم دۆخەوە کە ئەنجامی هەموو ئەو کارانەی هەزاران ساڵی ئەم کولتوورەیە کە بەردەوامی بە خۆی دەدات بە شێوازی جیاواز-جیاواز. بۆ ئەمەش کار و تێکۆشان پێویستە. تاکوو وزە ڕژاوی ژن، توانای تایبەت و تێڕوانین و زیهنیەتی ژن لە کەسایەتیی ژندا، بە خەباتی هاوبەشی ژنان، کۆنەبێتەوە؛ رەنگە باس‌کردن لە چارەسەرکردن و وەڵام‌دانەوەی پرسیاری "ژن چی دەوێت؟" یاخود "مافی ژن چییە؟" بەرەو شێواوی و ڕێگەی هەڵە و دادوەریی نادروستمان بەرێت. بۆیە دەکرێت پرسیارەکان بگۆرین بەوەی "ئێمەی ژنان دەبێت چی بکەین؟" و "دەمانەوێت چی بونیاد بنێین؟". بۆیە دروست‌کردن و نوسینەوەی سەرلەنوێی مێژووی پێویستە لە لایەن ژنان خۆیانەوە، بە کارکردن و خەباتی نەبڕاوەی بێ‌ماندوو‌بوونی هاوبەش، بە ڕێگا و شێوازی هەمەجۆر و هەمەلایەن لە سەرجەم دام‌ ودەزگاکانی کولتووری کۆمەڵگای پیاوسالاریدا. 
"کولتووری ژنانە" چەمکێکی گەورەیە کە دەبێت چەند جاری تر بگەڕێمەوە بۆ زیاتر پەرەپێدانی، و لەم وتارەدا بەم کورتەیە دەست هەڵ‌دەگرم.

پەراوێز:
(١) بۆ پێناسەکەی زانای کولتوورناس و مرۆڤناسی گەورەی ئینگلیزی (ئیدوارد تایلۆر) بۆ کولتوور؛ بڕوانە:
Tylor, Edward Burnett, Primitive Culture: Researches into the Development of Mythology, Philosophy, Religion, Art, and Custom. New York: J. P. Putnam's Son. 1871. Vol. 1, p. 1.
(٢) پێنجوێنی، سەروەر، ئایین چیە؟ بلۆگی نووسەر. ٢٠١٢.
https://sarwar-penjweni.blogspot.com/2012/05/blog-post_19.html
(٣) عەبدوڵا ئۆجالان، دۆزی کورد و ڕێگەچارەی نەتەوەی دیموکرات . لا٢١. 
(٤) عەبدوڵا ئۆجالان، هەمان سەرچاوە. لا٢١.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×