كۆمسیۆن: ماوەی دەنگدان درێژناكرێتەوەو لەدوای 24 سەعات ئەنجامەكان رادەگەیەنرێن
  2023-12-18       303       

كەمتر لە سەعاتێكی ماوە بۆ كۆتاییهاتنی پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق. كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان جەخت دەكاتەوە كە ماوەی دەنگدان درێژناكرێتەوەو دەشڵێت: دوای 24 سەعات لە كۆتاییهاتنی دەنگدان ئەنجامە سەرەتاییەكان رادەگەیەنرێن.

ئاوێنە: بەپێی قسەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رێژەی بەشداری لە دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان تاوەكو سەعات 12ی نیوەڕۆ لەسەدا 17 بوە. بەڵام كەمێك لەمەوبەر جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆن بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتوە، لەپاش نیوەڕۆوە ژمارەیەكی بەرچاوتر لە دەنگدەران رویان لە ناوەندەكانی دەنگدان كردوە.

جومانە غەلای وتوشیەتی، ئامێرەكانی دەنگدان لە سەعات 6ی ئێوارە بەشێوەیەكی ئەلیكترۆنی دادەخرێن و لەدوای ئەوەش ماوەی دەنگدان درێژناكرێتەوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، پاش ئەوە دەستدەكرێت بە پڕۆسەی ناردنی ئەنجامەكان بۆ ئۆفیسی نیشتمانی بۆ دەستكردن بە جیاكردنەوەو ژماردنی دەنگەكان بەشێوەیەكی دەستی.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان جەختی كردۆتەوە كە دوای 24 سەعات لەپاش كۆتاییهاتنی دەنگدان، ئەنجامەكان رادەگەیەنرێن كە ئەنجامی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتیش لەخۆدەگرن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×