سودانی: ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كەركوك دیارترین وێنەی سەركەوتنی پڕۆسەكە بو
  2023-12-18       488       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەبۆنەی كۆتاییهاتنی پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، پەیامێكی بڵاوكردەوەو دەشڵێت، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كەركوك، دیاترین وێنەی سەركەوتنی پڕۆسەكە بو كە لە ساڵی 2005ەوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەو پارێزگایە ئەنجام نەدراوە.

ئاوێنە: سودانی، ئەمشەو دوشەممە، لە پەیامێكدا پیرۆزبایی لە گەلی عێراق كردوە بەبۆنەی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق.

سەرۆك وەزیرانی عێراق سوپاسی هێزە ئەمنییەكان،كارمەندانی كۆمسیۆن و لایەنە سیاسییەكانی كردوە كە بەپێی قسەی ئەو "پەرۆش بون بۆ ركابەرایەتی لەسنوری یاسادا."

سودانی جەختی كردۆتەوە كە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان پابەندیی حكومەت بوە بە بەجێهێنانی بەڵێنێكی خۆی كە لە بەرنامەی كاری حكومەتدا هاتوەو هەنگاوێكی دیكەشە بەرەو لامەركەزیەتی ئیداری و بەدیهێنانی خواستێك كە لە ساڵی 2013ەوە دواكەوتوە.

وتوشیەتی، دیارترین وێنەی سەركەوتنی پڕۆسەكە خۆی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردندا لە كەركوك دەبینێتەوە كە لەساڵی 2005ەوە ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە لەو پارێزگایە پەكی كەوتوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×