چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان یەك كوتلەی یەكگرتوی لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق پێكهێنا
  2023-12-20       622       

 چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان، ئەمڕۆ چوارشەممە، كۆبوەوەو پێكهێنانی یەك كوتلەی یەكگرتوی لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق راگەیاند، ئەوەش بە ئامانجی پێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگاكان و هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ لە هەر پارێزگایەك.

ئاوێنە: نوسینگەی راگەیاندنی چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ چوارشەممە، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان بە ئامادەبونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا بۆ تاوتوێكردنی پێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگاكان و هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ بۆ پارێزگاكان، ئەوەش لەدوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە دو رۆژ لەمەوبەر بەڕێوەچو.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، چوارچێوەی هەمامەنگی سوپاسی گەلی عێراقی بەبۆنەی بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا كردوەو هروەها رۆڵی حكومەتی لە جێبەجێكردن و چاودێریكردن و پاراستنی ئەمنییەتی هەڵبژاردنەكاندا بەرز نرخاندوەو ئەوەش وێرای بەرزنرخاندنی رۆڵی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و هێزە ئەمنییەكان.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا پێكهێنانی كوتلەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە سەرجەم پارێزگاكان راگەیەندراوە بە ئامانجی خێراكردنی پڕۆسەی پێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگاكان و لەپێناو پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و تەواوكردنی هەوڵەكانی حكومەتی فیدراڵ.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×