عێراق ١٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ غەزە نارد
  2023-12-22       291       


وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق ڕایگەیاند، كەشتییەكی عێراقی بە ١٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپییەوە بەرە و دەروازەی سینا بەڕێكەوت، بەمەبەستی گەیاندنی بە كەرتی غەزە، دەشڵێت: بۆ ئەم مەبەستە هەماهەنگییەكی تەواومان لەگەڵ میسر كردووە.

لیوا یەحیا ڕەسووڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە بارەی گەیاندنی هاوكاری سوتەمەنی بۆ غەزە بۆ میدیای فەرمی عێراق دەدوێت.

لیوا یەحیا ڕەسووڵ ڕایگەیاند، بە ڕێنمایی محەمەد شیاع سوودانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان عێراق  كەشتییەكی عێراقی كە ١٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەڵگرتووە بەرەو كەناراوەكانی سینا بەڕێكەوت، ئەم بڕە سووتەمەنییە هاوكارییە بۆ گەلەكەمانە لە كەرتی غەزە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ڕێكارەكان و هەماهەنگیەكان لە ئاستێكی بەرزدا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی میسر تەواوكراون، دەشڵێت: حكومەتی عێراق بەردەوام بووە لە پشتیوانیكردنی گەلی فەڵەستین لە غەزە، ئەم كارە بەهاوكاری ڕێكخراوی مانگی سوور و دەزگای هەواڵگری عێراق، وەزارەتی بازرگانی و هێزەكانی حەشدی شەعبی ئەنجامدراوە.

جێگەی ئاماژەیە، زیاتر لە دوو مانگە هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر خەڵكی غەزە بەردەوامە و بە هەزاران كەس گیانیان لە دەستداوە و بە هەزارانی دیكەش بریندار بوون، نەخۆشخانەكانیش بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییە توانای كاركردنیان نەماوە، هەروەها ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤیش هۆشداری لە ڕوودانی كارەساتی مرۆیی لە غەزە دەدەن، بەهۆی نەمانی سووتەمەنیەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×