فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا بڵاویکردەوە، لە وەڵامی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر بنکەکانیان لە عێراق و سوریا، چەند بنکەیەکی حزبوڵڵایان لەناو خاکی عێراق کردووەتە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکردووە: بەپێی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان پێگەکانی حزبوڵڵا وێرانکراون و چەند چەکدارێکیشیان کوژراون، هیچ زیانێکیش بەر هاووڵاتییانی سڤیل نەکەوتووە.
جەخت لەوەشدەکاتەوە، ئەمریکا هەڵسەنگاندن بۆ بەردەوامیدان بە وەڵامی لەو شێوەیە دەکات و هێزەکانی خۆی دەپارێزێت.
هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا بڵاویشیکردەوە: ئێوارەی دوێنێ 25ی كانوونی یهكهمی 2023، چەکدارانی حزبوڵڵا هێرشیانکردووەتەوە سەر پێگەکانی هاوپەیمانانیان لە هەولێر کە بەهۆیەوە سێ کەس برینداربوون.
لەلایەکی دیکە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاندووە، هێرشەکانیان لە وەڵامی ئەو هێرشانەیە کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکان کراونەتە سەر هێزەکانیان.
پێنتاگۆن راشیگەیاندووە، هێرشەکان بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان لە عێراق، بە فەرمانی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا بووە.
ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ دووشەممە (25ـی کانوونی یەکەمی 2023) دژەتیرۆری کوردستان بڵاویکردەوە، لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.