ماڵپەڕێكى ئه‌وروپى ڕێكه‌وتنێكى نهێنى‌ حكومه‌ته‌كانى عێراق‌و ئه‌ڵمانیا ئاشكراده‌كات
  2023-12-28       361       

ماڵپەڕێكى ئه‌وروپى ڕێكه‌وتنێكى نهێنى‌و ژێر به‌ژێرى حكومه‌ته‌كانى عێراق‌و ئه‌ڵمانیا ئاشكراده‌كات بۆ به‌زۆر ناردنه‌وه‌ى كۆچبه‌ران.

ماڵپەڕی "ئینفومیگرنس"ی ئەوروپی کە تایبەتە بەهەواڵی کۆچبەران ئاشکرایکردوە، لەماوەی چەند مانگی ڕابردودا دیپۆرتکردنەوەی عێراقییەکان لەئەڵمانیاوە زیادیکردوە، ئەوەش لەئەنجامی ڕێککەوتنێکی نهێنیی کە لەنێوان حکومەتی ئەڵمانیاو دەسەڵاتدارانی عێراقدا کراوەو هێشتا وردەکارییەکەی ڕون نەبۆتەوە.

ماڵپەڕە ئەوروپییەکە ئاماژەی بەوەکردوە، ئەڵمانیا بەتایبەتیی هەوڵی گەیشتن بەهاوبەشیی  دەدات بەمەبەستی ئاسانکاریی بۆ پڕۆسەی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران.

باسى له‌وه‌شكردوه‌، حکومەتی ئەڵمانیا لەوبارەیه‌وە لەگەڵ عێراق گەیشتوەتە ڕێککەوتنێکی نهێنیی، بەگوێرەی لێکۆڵینەوە ڕۆژنامەوانییەکان کە دەریدەخەن حکومەتی ئەڵمانیا بەنهێنی گەیشتوەتە ڕێککەوتنی دیپۆرتکردنەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق، کە چەند مانگێکە بۆ ئەو مەبەستە لەئامادەکارییدایە.

لەدرێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتوه‌، "وردەکارییەکانی پەیوەست بەم ڕێککەوتنە بەنهێنیی ماونەتەوە، بەڵام ڕێککەوتنەکە لەئێستاوە بونی هەیەو جێبەجێدەکرێت، چونکە دیپۆرتکردنەوە بۆ عێراق لەچەند مانگی ڕابردودا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردوە".

هه‌ر له‌و ڕاپۆرتەى ماڵپه‌ڕه‌ ئه‌وروپیه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش باسكراوه‌، "لەئەڵمانیا ژمارەیەکی زۆر لەپەناخوازان هەن کە لەعێراقەوە دێن‌و لەکۆتاییدا داواکارییەکانیان ڕەتدەکرێتەوە، ئەمەش وایکردوە ئەم وڵاتە ببێتە هاوبەشێکی سەرنجڕاکێش بۆ بەرلین".

بەڵام ڕاپۆرتەکە پرسیاری ئەوەدەکات کە ئایا ئەم دیپۆرتکردنەوانە بۆ عێراق سەلامەت‌و ئەخلاقیین‌و بۆچی حکومەتی ئەڵمانیا ڕێککەوتنەکەی ئەمدواییەی لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە ئەنجامداوە؟.

وه‌كو ڕونكراوه‌ته‌وه‌، تا کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی 2023 نزیکەی 26 هەزار عێراقی لەئەڵمانیا هەبون‌و لەڕوی تەکنیکیشەوە پێویست بوە خاکی ئەڵمانیا بەجێبهێڵن، بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا باسی لەوەکردوە کە لەماوەی ساڵی 2022 ئەڵمانیا تەنها 77 کەسی ڕاستەوخۆ بۆ عێراق دیپۆرتکردوەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×