پنتاگۆن: تا ئێستا ١٠٦ جار هێرش كراوەتە سەر هێزەكانمان لە عێراق و سووریا
  2023-12-28       294       

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) بڵاوی كردەوە، لە ١٧ی تشرینی یەكەمەوە گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران ١٠٦ هێرشییان لە ڕێگەی مووشەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا ئەنجامداوە.

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) لە بارەی ژمارەی هێرشەكانی سەر بنكە و بارەگانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە ١٧ی تشرینی یەكەمەوە گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران ١٠٦ هێرشییان لە ڕێگەی مووشەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا ئەنجامداوە.

ئاماژەی بەوەش كرد، شەوی ڕابردوو لەلایەن گرووپە چەكدارەكانەوە هێرش كراوەتە سەر بنكەیەكی هێزەكانمان لە ناو فڕۆكەخانەی هەولێرن، بەڵام لە ڕێگەی سیستەمەی بەرگرییەوە وەڵام هێرشەكە دراوەتەوە.

پنتاگۆن ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر هێرشی زیاتریش ڕووبدات، ئەوا لە كات و شوێنی گونجاودا وەڵامی دەدەنەوە.

جێگەی ئاماژەیە، لە دوای فراوانبوونی ئاڵۆزیی و گرژییەكانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە غەزە، بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا لە ڕێگەی مووشەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە لەلایەن بەرەی مەقاوەمەی ئیسلامی عێراقەوە دەكرێتە ئامانج، ئەمەش مەترسی فراوانبوونی شەڕ لە ناوچەكەدا زیاد دەكات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×