ئەندامێكی لیژنەی دارایی لەبارەی هەمواری بودجە: دەبێت هەموان پابەندبن بە خەرجی فیعلییەوە
  2023-12-29       376       

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هەمواری یاسای بودجەوە جەختدەكاتەوە كە لیژنەكەیان سورە لەسەر ئەوەی كە دادپەروەریی كۆمەڵایەتی لەنێوان پارێزگاكاندا هەبێت و هەموان پابەندبن بە خەرجی فیعلییەوە.

ئاوێنە: مستەفا كەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی عێراق، لەبارەی هەمواری یاسای بودجە، ئەمڕۆ هەینی، بە ئاژانسی رەسمی عێراقی وتوە، تاوەكو ئێستا سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران هیچ نوسراوێكی لەبارەی بودجەی ساڵی 2024ەوە رەوانە نەكردوە، بەڵام بەگشتی پێویستە چاو بە بابەتی داهات و خەرجییە گشتییەكان و رێژەی كورتهێنان لە بودجەدا بخشێنرێتەوە ئەوەش بە پشتبەستن بە پێشبینی نرخی نەوت و بڕی هەناردەكردنی نەوت.

ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەگەر ئەو ژمارانە گۆڕانكارییان بەسەردا بێت، ئەوا گۆڕانكاری گەورەش لە خشتەكانی دیكەی بودجەدا دەكرێت.

هەروەها لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتویەتی، ئەوەی هێزە سیاسییەكان چاویان لێیە گۆڕانكارییە لە چەند بڕگەیەكی بودجە، بەتایبەت ئەو بڕگانەی پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە لە پەیوەست بە خەرجی فیعلی و چەند شتێكی دیكەوە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی جەختی كردۆتەوە كە "لیژنەی دارایی سورە لەسەر ئەوەی كە دادپەوەری كۆمەڵایەتی لەنێوان پارێزگاكان هەبێت و هەموان پابەند بن بە خەرجی فیعلییەوە."

وتیشی، ئەم خاڵانە، هەمو ئەو ناكۆكیانە دەبن كە لە ماوەی داهاتودا لەبارەی هەمواری موچەوە چاوەڕوان دەكرێن.

ئاماژەی بەوەشداوە، هیوادارین لەدوای پشوی پەرلەمان، داتاكانی بودجەی 2024 رەوانە بكرێن بۆ ئەوەی بەخێرایی هەموار بكرێن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×