سەرۆكی دەستەی دەستپاكی: وەزیر لە هەردوو حكومەتی پێشوو و ئێستا هەن كە لەژێر لێكۆڵینەوەدان
  2023-12-29       357       

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی دەڵێت، وەزیر هەن لە هەردوو حكومەتی ئێستا و پێشوو لەژێر لێكۆڵینەوەدان، دەشڵێت، لەمساڵدا 12 تۆمەتبار و سزادراویان لە دەرەوە گەڕاندووەتەوە و كار لەسەر گەڕاندنەوەی 18ی دیكە دەكەن.

حەیدەر حەنون، سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی عێراق رایگەیاند، وەزیر هەن لە هەردوو حكومەتی پێشوو و ئێستا كە لە ژێر لێكۆڵینەوەدان، سەرۆك وەزیران ئاگاداریكردونەتەوە كە هیچ رێگری و هێڵێكی سوور نییە بۆ لێكۆڵینەوە لەگەڵ حكومەتەكە یان راوێژكارەكانی.

میدیای رەسمیی عێراق لە زاری حەنون وتیشی، لەماوەی رابردوودا “نزیكەی 160 ملیۆن دۆلار لە بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكانی دەزگای هەواڵگریی پێشوو گەڕێندراوەتەوە، هەروەها لە كوەیت نزیكەی 26 ملیۆن دۆلار لە پارەی بردراوی رژێمی پێشوو گەڕێندراوەتەوە، جگە لە نزیكەی 26 ملیۆن دۆلاری دیكەی كۆمپانیایەكی سەر بە دەزگای هەواڵگریی پێشوو”.

ئاشكراشیكرد، كاردەكەن لەسەر گەڕاندنەوەی پارە و زێری خێزانی بەرزان تكریتی-ی سەرۆكی پێشووی دەزگای هەواڵگری، لەگەڵ گەڕاندنەوەی پارەی دیكەی بەرپرسانی رژێمی پێشوو، كاركردن تیایدا بە نهێنی بەڕێوەدەچێت.

دەربارەی دۆسیەی “دزیی سەدەش” سەرۆكی دەستەی دەستپاكی ئاشكرایكرد، توانیویانە تۆمەتباران لە (شانشینی یەكگرتوو، مالیزیا، ئیمارات، عومان، سعودیە و میسر)ەوە بگەڕێننەوە.

روونیشیكردەوە، 12 تۆمەتبار و سزادراو لە ساڵی 2023دا گەڕێندراونەتەوە، بەمزووانە حەمدیە جاف و كەسانی دیكەش لە ئیماراتەوە رادەستدەكرێن. هەروەها دۆسیەی تۆمەتبارانی سزادراو (رائد جوحی، موشریق عەباس و ئەحمەد محەمەد نەجاتی) گەیشتوونەتە ئەمریكا و وڵاتانی دیكە.

حەنون وتیشی، “كاردەكەین لەسەر گەڕاندنەوەی 18 تۆمەتبار و سزادراوی مەترسیدار لە ئەمریكا”، لەو چوارچێوەیەشدا دۆسیەی نزیكەی 25 تۆمەتباریان بە لایەنی ئەمریكی داوە، بۆ هاوكاریكردنی عێراق لە دەستگیركردن و رادەستكردنیان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×